٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئیزمیر.. كۆڕبەندی بازرگانیی هاوبەشی هەرێم و توركیا بەڕێوە دەچێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بڕیارە پێنجەمین كۆڕبەندی وەبەرهێنانی بازرگانی و كشتوكاڵیی عێراقی - توركی لە شاری ئیزمیر لە توركیا بەڕێوە بچێت و، سەرجەم ژوورە بازرگانییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستانیش بەشدار دەبن.

دارا جەلیل خەیات، سەرۆكی ژووری بازرگانیی هەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "كۆربەندی هاوبەشی ژوورە بازرگانییەكانی هەرێمی كوردستان و توركیا ساڵانە لە ئیزمیر بەڕێوە دەچێت و بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێت، كۆڕبەندەكەش بۆ قسەكردن و برەودانە بە پەیوەندییە بازرگانییەكان و بەرەوپێشبردنی قەبارەی ئەو جموجوڵە بازرگانییەیە كە ئێستا لە نێوان كوردستان و توركیادا هەیە، لە نزیكەوە لەگەڵ ژوورە بازرگانییەكانی وڵاتی توركیا و بازرگانان و خاوەنكارانی ئەو وڵاتە كۆدەبینەوە، بۆ ئەوەی بە كارەكانی یەكتری ئاشنا بین و  پلانی داهاتووی خۆمان وەك ژوورە بازرگانییەكانی كوردستان بۆ سەرمایەداران و بازرگانانی توركیا بخەینە ڕوو، بە بە پێچەوانەشەوە".

ناوبراو روونیشی كردەوە: "بەدەر لەوە، هەر لە كۆڕبەندەكەدا بە دیاریكراوی ژمارەیەك كۆنفڕانس بەڕێوە دەچن، كە تێیدا لەلایەن شارەزایانی ئابوورییەوە بەرچاوڕوونی پێویست دەدرێت بە بازرگانان لە مامەڵە بازرگانییەكاندا".

گوتیشی: "بەشداریكردنی شاندی بازرگانیی هەرێمی كوردستان لەم جۆرە كۆڕبەندانەدا گرنگە، كە دەرەنجامی ساڵانی ڕابردووی كۆڕبەندەكە بە ئاشكرا لەسەر گەشەی ئابووری و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان دەبینرێت، لە ئێستاشدا بە دەیان و سەدان كۆمپانیای توركی لە ئاستە جیاوازەكاندا كاری وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری دەكەن، لە كۆڕبەندی ئەمجارەشدا هانی وەبەرهێنەران و خاوەنكارانی توركیا دەدەین بێنە هەرێمی كوردستان و پڕۆژەی وەبەرهێنان ئەنجام بدەن، بێگومان بە پێی ئەو پلانەی دانراوە و گفتوگۆی لەبارەوە كراوە لە داهاتوودا پەیوەندییەكانی توركیا و هەرێم دەچنە قۆناغێكی پێشكەتووترەوە".

كۆڕبەندی وەبەرهێنانی بازرگانی و كشتوكاڵیی عێراقی – توركی، ساڵانە بە هاوبەشیی ژوورە بازرگانییەكانی هەرێمی كوردستان لە ئیزمیر بەڕێوە دەچێت، كە تەوەری سەرەكیی كۆڕبەندەكەش، گفتوگۆكردنە لەسەر برەودان و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە ئابوورییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا.

 

ئەرسەلان ئەحمەد

هەواڵی پەیوەندیدار