٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بڕیارە سێ پاڵاوگەی دیكەش له‌ھەرێمی كوردستان دروست بكرێن

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- راوێژكاری سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ كاروباری وزە رایگەیاند، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بە ھۆی دوو فاكتەرەوەیە، ئەوانیش سەقامگیری و كەمبوونەوەی نەخۆشیی كۆرۆنان، كە ئەمەش بۆ ھەرێمی كوردستان سوودی ئابووریی زۆری دەبێت.

دكتۆر بێوار خنسی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، بە ھۆی دوو فاكتەرەوە نرخی نەوت بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە، ئەوانیش بوونی سەقامگیری و ئارامی و هەروەها كەمبوونەوەی نەخۆشیی كۆرۆنان، بۆیە ئێستا دۆخەكە لەبارە و نرخی نەوت رەنگە بگاتە ٨٠ دۆلار، چونكە ئەوە رێگەكردنەوەیە بۆ ئاسانكاری بە مەبەستی كاری ئابووری و بازرگانی و پەیوەندیی وڵاتان و جوڵەی زەمینی و ئاسمانی، كە ئەمە دەرفەت دەدات كۆمپانیاكان زیاتر كار بكەن و بچنە ئەو شوێنانەی ئەمنیەت ھەیە و نەوتی باشی یەدەگیان ھەیە، كە یەكێك لەوانە ھەرێمی كوردستانە كە ئارامە و ٤٥ ملیار بەرمیل یەدەگی ھەیە، بۆیە دەبێتە ھۆی ئەوەی داھاتی ھەرێمی كوردستان زیاد بێت.

خنسی گوتیشی، بۆ ھەرێمی كوردستان بەرزبوونەوەی نرخی نەوت وا دەكات داھات زیاد بێت و ھاندانیشە تا كۆمپانیای زیاتر بێنە ھەرێمی كوردستان، كە پلان دانراوە حكوومەت لە رێگەی ئەو كۆمپانیایانەوە كار بكات بۆ دانانی پاڵاوگەی نوێ لە ھەرێمی كوردستان، كە ئێستا سێ پاڵاوگە ھەن و بڕیارە سێ پاڵاوگەی دیكەش دروست بكرێن، ئەمەش وا دەكات سووتەمەنی زۆر بێت و كێشەی سووتەمەنی چارەسەر بكرێت، كە ئێستا كێشەی سووتەمەنیمان ھەیە و لە عێراقیش ئەو كێشەیە زۆرە.

ناوبراو باسی لەوەش كرد، ئەگەر سێ پاڵاوگەش دروست نەكرێن و یەك پاڵاوگەی گەورە دروست بكرێت، كە رۆژانە ٢٥٠ھەزار بەرمیل نەوت بپاڵێوێت، ئەوكات كێشەی سووتەمەنی چارەسەر دەبێت.

دەشڵێ، ئێستا دەرفەتەكە باشە بۆ دروستكردنی سێ پاڵاوگەكە و یەكێكی گەورەش، بۆیە پێویستە گفتوگۆ لەگەڵ كۆمپانیاكان بكرێت، چونكە كێشەكان لەگەڵ بەغداش كەمتر دەبن، كە كێشەی ھەناردەكردنی نەوت ھەیە، بێگومان كۆمپانیای زۆریش ئامادەن بێنە ھەرێمی كوردستان و كار لە بورای نەوتدا بكەن.

 

بڵند ئیبراھیم  

هەواڵی پەیوەندیدار