نێچیرڤان بارزانی: دەبێت بە یەک هەڵوێست بە پەکەکە بڵێین ئەم شەڕە بێهودەیە لە کوردستان دووربخاتەوە

دهۆک-KDP.info- نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە ئاهەنگی دەرچوونی خوێندکارانی زانکۆی ئەمریکی - کوردستان لە دهۆک لەبارەی پەکەکەوە رایگەیاند، "دەبێت لەنێوخۆدا یەکڕیزی پتەوبکەین.. تەنانەت کێشەی خۆسەپاندن و بوونی ناڕەوای پەکەکەش لە هەرێمی کوردستان دەبێت بە هەڵسوکەوتێکی کوردستانیانەی هاوبەش بە پەرۆشی بۆ بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان و پارێزگاری لە سەروماڵی هاووڵاتیان و دوورخستنەوەی شەڕ لە هەرێمەکەمان وەڵام بدەینەوە."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، دەبێت پەکەکە رێز لە سەروەرییەکانی هەرێمی کوردستان بگرێت و بە بێڕێزییەوە لە ئیرادەی خەڵکی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە شەرعییەکان نەڕوانێت. گوتیشی، "دەبێت بە یەک دەنگ و بە یەک هەڵوێست بە پەکەکە بڵێین ئەم شەڕە بێهودەیە و لە یەخەی گەلی کوردستان دووری بخاتەوە."
نێچیرڤان بارزانی راشیگەیاند، "دەبێت بە یەک دەنگ و بە یەک هەڵوێست بە پەکەکە بڵێین کە چی دیکە بە بێڕێزی لە ئیرادەی خەڵکی هەرێمی کوردستان، دامەزراوە شەرعییەکان و لە بەرژەوەندی و سەر و ساماڵی خەڵکی هەرێمی کوردستان نەڕوانێت."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان شەڕی پەکەکە لەگەڵ تورکیا بە "بێهودە" ناودەبات و داوای کرد، پەکەکە لە گەلی کوردستانی دووربخاتەوە. گوتی، "ئەم شەڕە بێهودەیە، لە یەخەی گەلی کوردستان دووری بخاتەوە و رێز لە سەروەریی عێراق و هەرێمی کوردستان و لە دەسەڵاتداریی شەرعیی کوردستان و پابەندیی بە یاساکانی هەرێمی کوردستان بگرێت."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوەشی گوت، کە پەکەکە خۆی بەدەست کۆمەڵێک کێشە و گرفتەوە گیرۆدەیە، بۆیە "چیتر نەبێتە مایەی لەشکرکێشی و زەرەر و زیان و کێشەی سەربازی بۆ گەلی کوردستان... بەهیچ شێوەیەک نابێت خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان و سنوورەکانی ببنە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ هێرش دژی وڵاتانی دراوسێ."
هەر لە گوتارەکەیدا، نێچیرڤان بارزانی رووی لە عێراق کرد و گوتی، "دەبێت حکومەتی عێراقیش ئەرکی خۆی لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتانی دراوسێ جێبەجێ بکات."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەو گوتارەیدا باسی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدای کرد. گوتی، "بە سوودوەرگرتن لە هەڵەکانی رابردوو، بە وازهێنان لە لۆژیکی بەسەرچووی بەهێزی و بێهێزی، بە گرتنەبەری روانگەیەکی نوێ لەبەر رۆشنایی دەستوور و ئەو بنەما و پرەنسیپانەی کە عێراقی نوێیان لەسەر دروستبووە، دەتواندرێت عێراق راستەڕێ بکرێتەوە."
هەر بەو روانگەیە، وەکو نێچیرڤان بارزانی باسی کرد، هەولێر و بەغدا دەتوانن "بگەنە لێکتێگەیشتنێکی یەکجاری کە کۆتایی بە بگرە و بەردەی نێوانیان بهێندرێت."
بۆ سەرخستنی ئەو پرۆسەیەش، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی، دەبێت "ئێمە لەنێوخۆی کوردستاندا یەکڕیزی و پێکەوەیی و هاوکاری پتەو بکەین، کە زامنی پاراستنی مافە دەستوورییەکانمانە."




