مه‌سرور بارزانی: دانپێدانانێكی نێوده‌وڵه‌تی بۆ زانكۆی ئه‌مه‌ریكی كوردستان له دهۆك هه‌یه

دهۆک-KDP.info- مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌شداری له ئاهه‌نگی ده‌رچووانی زانكۆی ئه‌مه‌ریكی كوردستان له دهۆك كرد و وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد و تێیدا رایگه‌یاند، دانپێدانانێكی نێوده‌وڵه‌تی بۆ زانكۆی ئه‌مه‌ریكی كوردستان له دهۆك هه‌یه.
له سه‌ره‌تای وتاره‌كه‌یدا، سه‌رۆكی حكومه‌ت سوپاس و ده‌ستخۆشی له ئه‌ندامانی بۆردی زانكۆ و ستاف و مامۆستایانی زانكۆكه كرد و پیرۆزبایی و ده‌ستخۆشی له قوتابییه ده‌رچووه‌كانی ساڵی 2020 - 2021 كرد.
سه‌رۆكی حكومه‌ت، گوتی: شه‌ره‌فمه‌ندم بتوانم ئاماده بم و شاهێدی سه‌ركه‌وتنی ئێوه بم. ستایشی ماندووبونتان ده‌كه‌م، به سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر به‌ربه‌سته‌كاندا توانیتان زاڵ بن به‌سه‌ر ئاسته‌نگه‌كانی په‌تای كۆرۆنا و درێژه به خوێندن بده‌ن.
گوتیشی: له مانگی شوباتی 2020ه‌وه ئێوه به‌رده‌وام بوون له‌سه‌ر خوێندنی خۆتان و له وه‌رگرتنی وانه‌كانتان له رێگه‌ی ئۆنلاینه‌وه. خۆشحاڵم به‌وه‌ی خوێندن به شێوازێكی سه‌ركه‌وتووانه له‌م زانكۆیه به نایابی به‌ڕێوه‌چوو، بووه مۆدێلێك بۆ زانكۆكانی دیكه تا به‌و شێوازه خوێندن بكرێت.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، قوتابییه‌كان هه‌وڵیاندا له‌گه‌ڵ ئه‌و په‌تایه‌ی كه بڵاوبوویه‌وه، خۆبه‌خشانه كاریان ده‌كرد و هاوكاری هه‌ژارانیان ده‌كرد، بوونه مۆدێلێك بۆ ئه‌نجامدانی چه‌ندین كه‌مپینی جیاواز و به‌شدارییه‌كی كارایان هه‌بوو و سه‌ردانی شوێنه جیاوازه‌كانیان ده‌كرد و پڕۆژه‌ی خۆبه‌خشی و خێرخوازیان ئه‌نجامدا.
هه‌روه‌ها گوتی: له‌گه‌ڵ بوونی كۆرۆنادا، ئه‌وان توانیان زۆر پڕۆژه‌ی سه‌ركه‌وتوو به ئه‌نجام بگه‌یه‌نن. كه بووه خاڵێكی گه‌وره بۆیان. هه‌روه‌ها ئه‌و سیسته‌مه ئه‌لیكترۆنییه‌ی دایان نا بۆ ئه‌وه‌ی قوتابیان سوود له كتێبخانه‌ی زانكۆكه وه‌ربگرن و به‌رده‌وام بن له خوێندن و توانیان چه‌ندین پڕۆژه‌ی بچووكی بازرگانی درووست بكه‌ن. ده‌رچووانی زانكۆی ئه‌مه‌ریكی كوردستان له دهۆك هه‌وڵیاندا به‌شدار بن له كێبڕكێ زانستییه‌كان له ئاستی عێراقدا.
سه‌رۆكی حكومه‌ت باسی سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی زانكۆكه‌ی كرد و گوتی: چه‌ند ساڵێك پێش ئێستا دنیا بینییه‌كم هه‌بوو، بۆ ئه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌یه‌كی ئه‌كادیمی هه‌بێت و ببێته مایه‌ی به‌رزكردنه‌وه‌ی كوالێتی خوێندن و په‌روه‌رده و جۆرێتی ژیان و درووستكردنی سه‌ركرده بۆ داهاتوو و خه‌ڵكی خاوه‌ن روانگه درووست بن، بتوانن چالاكانه داهێنان ئه‌نجام بده‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بتوانن كۆمه‌ڵێك توێژینه‌وه‌ی زانستیی پێشكه‌ش بكه‌ن.
هه‌روه‌ها گوتی: له راستیدا روانگه و چركه‌ساتی درووستكردنی زانكۆكه له كاتی شه‌ڕی داعشدا بوو، كاتێك ئێمه له شه‌ڕدابوون، له پاڵ ئازایه‌تی پێشمه‌رگه و له ژێر سه‌ركردایه‌تی سه‌رۆك بارزانی، كه شه‌ڕی داعش ده‌كرا، لێره ئه‌م بینایه، واته بینای مسته‌فا بارزانی درووستكرا و له 2014 ته‌واوكرا. نه‌وه‌یه‌كی نوێی ئه‌كادیمی هاتنه ئاراوه. ئه‌و نه‌وه‌یه باشترین هێز و چه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانرێت له هه‌موو ئاسته‌كان شه‌ڕی پێشكه‌وتن بكرێت.




