كۆمسیۆن ناوی كاندیدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی پەسەند كرد

دھۆك-KDP.info- بەرپرسی ئۆفیسی دھۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكانی عێراق گوتی، كۆمسیۆن ناوی كاندیدانی پەسەند كردووە و ناوی كاندیدانی ھەرێمیش ھەمووی پەسەند كراوە و ھیچی ڕەت نەكراوەتەوە. دەشڵێ، دابەشكردنی كارتی دەنگدان بەردەوامە و تا ئێستا ٩٢%ی كارتەكان دابەش كراون.
خالید عەباس، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند: "ناوی كاندیدان لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكانی عێراقەوە پەسەند كراون و تەنھا ماوە بە نووسراو ئاگادارمان بكەنەوە، چونكە پەسەندكردنی ناوەكان كۆتاییی ھاتووە."
عەباس گوتیشی: "ئەو كاندیدانەی ھەرێمی كوردستان پێشكەشی كردبوون، ھەموویان ڕەزامەندییان لەسەر دراوە و ھیچیان ڕەت نەكراونەتەوە، كە ئێمە ٣٣ كاندیدمان وەكوو دھۆك ھەیە و ھەمووی پەسەند كراون".
ناوبراو باسی لەوەش كرد، تۆماركردن وەستاوە و تەنھا دابەشكردنی كارت بەردەوامە، كە تا ئێستا ٩٢%ی كارتەكان دابەش كراون.
دەشڵێت: "تۆماركردنی ناو بۆ سەر سندووقەكانی دەنگدان بەردەوامە و تا ئێستا ٢٠ ھەزار كەس خۆیان تۆمار كردووە، كە پێویستمان بە ١٠ ھەزار كارمەند ھەیە و جگە لەوەش ھەر بنكەیەك تێستی ئامێرەكانی دەنگدان دەكات وەكوو خۆئامادەكردن".
بڵند ئیبراھیم




