٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەحیدە یاقۆ: زانیاریمان بۆ ھاتووە ئەو گوندانە دەسووتێندرێن و تاڵان دەكرێن

سەرچاوە: KDP.info

زاخۆ-KDP.info- نوێنەرێكی مەسیحییەكان لە خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، پەكەكە بووەتە ھۆكاری ئەوەی ١٠ گوندی مەسیحییەكان لە ناوچە سنوورییەكان چۆڵ بكرێن و ماڵەكانیشیان دەسووتێندرێن و تاڵان دەكرێن، بۆیە پەكەكە ھاتووە ئارامیی ھەرێم تێك بدات و زیان بە كوردستان بگەیەنێت، ئەگەرنا شوێنی خەباتی ئەوان ئێرە نییە.

وەحیدە یاقۆ ھورمز، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، نزیكەی ٣٠ گوندی مەسیحینشین ھەن و لەو ژمارەیەش بەشێكی دەكەونە ناوچە سنوورییەكان، كە بە ھۆی پەكەكە و نزیكبوونەوەیان لە گوندەكان، نزیكەی ١٠ گوند چۆڵ كراون و ئاوارەی زاخۆ و دھۆك بوونە، بۆیە دۆخی مەسیحییەكان لە ناوچە سنوورییەكان زۆر خراپە، چونكە بەردەوام مەترسی لەسەر ژیانیان ھەیە.

ھورمز گوتیشی: "دوای ئەوەی مەسیحییەكان گوندەكانی خۆیان چۆڵ كردووە، زانیاریمان بۆ ھاتووە كە ئەو گوندانەی چۆڵ دەكرێن، ماڵەكان دەسووتێندرێن و تاَلان دەكرێن، چونكە پەكەكە بووەتە ھۆی ئەوەی ئەو زیانە بەر مەسیحییەكان بكەوێت و دەستبەرداری گوندەكانیان ببن، بە جۆرێك گوندی (بێرسڤ) ئێستا بووەتە سنوور، چونكە گوندەكانی دیكە ھەموو چۆڵ كراون".

ناوبراو روونیشی كردەوە: "لە زۆر گوند بە ھۆی بۆردوومان و شەڕەوە ماڵی زۆر خەڵك سووتاوە و گوندەكان تاڵان كراون، بۆیە پەكەكە بووەتە بەڵایەك بۆ ئێمە و لە ھەموو لایەكەوە زیان لە مەسیحییەكان دەدرێت، ئێمەش لەرێگەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانەوە، نەتەوە یەكگرتووەكان و حكوومەتی توركیاشمان ئاگادار كردووەتەوە، چونكە ناكرێت بەو جۆرە مەسیحییەكان بكرێنە ئامانج".

باسی لەوەش كرد، پەكەكە دەیەوێت ھەرێم تێك بدات و وا لە توركیا دەكات پەلكێشی ھەرێمی بكات و شەڕ دێنێت بۆ ناو ھەرێمی كوردستان، كە شوێنی خەباتی ئەوان ھەرێمی كوردستان نییە.

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار