٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لایەنە سیاسییەكان: سەركەوتنی هەرێمی كوردستان بە یەكڕیزی و تەبایی دەبێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان پێیان وایە، پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان ئەركی هەمووانە و راشیدەگەیەنن، پێویستە یەكڕیز و هەماهەنگ بن و بەیەكەوە شان بدەنە بەر كێشەكان و چارەسەریان بكەن.

بڵند ئیسماعیل، ئەندامی سەركردایەتی و بەرپرسی لقی ۱٦ـی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە پێناو پاراستنی هەرێمی كوردستاندا، پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەكان یەكڕیز و یەكهەڵوێست بین لە بابەتە نەتەوەیی و ستراتیژییەكاندا، جا چ بەرانبەر بە عێراق بێت یان بەرامبەر ئەو قەیرانانەی لە هەرێمی كوردستاندا هەن یاخود ئەو كێشە دەرەكییانەی كە زۆر جار لەلایەن دراوسێكانەوە بۆمان دروست دەكرێن، بەڵام یەكڕیزی بە دروشم و قسەی گەورە دروست نابێت و دەبێت لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان هەڵوێستیان هەبێت، ئێستا لە كوردستان چەند كێشەیەكمان هەیە، كە بەداخەوە هەندێك لە لایەنە سیاسییەكان هەڵوێستی نەتەوەیی نانوێنن و زۆرێكیشیان باسیان لە هەڵوەشاندەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان دەكرد، بۆیە پێویستە لە كاتی دروستبوونی هەر قەیرانێكدا، بەیەكەوە شان بدەینە بەر كێشەكان".

ناوبراو گوتیشی: "پاراستنی قەوارەی هەرێم، بەرپرسیارێتیی هەر لایەنێكی سیاسییە، ناشكرێت لە بەدەستهێنانی دەستكەوت خۆت بە برابەش بزانیت و لە دروستبوونی كێشە لێی ڕابكەیت و بكەویە گلەیی، بۆیە سەركەوتنی هەرێمی كوردستان بە یەكڕیزی و تەبایی دەبێت، پارتی دیموكراتی كوردستانیش هەمیشە دەستپێشخەر بووە بۆ گفتوگۆ و چارەسەری كێشەكان و هەموو ئەو نەهامەتیانەی ڕووبەڕووی كوردستان و هاونیشتیمانیانی كوردستان دەكرێتەوە."

هاوكات سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "هەرێمی كوردستان تا ڕادەیەكی زۆر لە دەرەوە ناسراوە و پەرلەمان و حكوومەت و دەستكەوتی گرنگی هەیە، ئەمانە هیچیان خەڵات نین و خێرمان پێ نەكراوە، بەڵكو هەمووی بەرهەمی خوێن و خەباتی قارەمانترین ڕۆڵەكانی میللەتەكەمانن، ڕووبەڕووی جۆرەها بەرز و نزمی بووینەتەوە تا گەیشتووینەتە ئەمڕۆ".

پیرە، روونیشی كردەوە: "گەر سەیری عێراق بكەین، دەبینین لە ڕووخاندنی ڕژێمی فاشیستی بەعسەوە تا ئێستاش هەندێك گەنگەشەی بێمانا دەكرێت و تۆمەتی زۆر خراپی بۆ دروست دەكرێت لەلایەن شۆڤێنییەكانەوە، جا فەرق ناكات شیعە بێت یان سوننە، ئەمانە هەموویان زاكیرەیان لاوازە، چونكە عێراق بە شێوەیەكی سرووشتی وەك دەوڵەتێك لەدایك نەبووە و بە شێوەیەكی سرووشتی بەرەو پێش نەچووە، بەداخیشەوە دەبێ بڵێین عێراق لە نێوان وڵاتە ئیقلیمییەكان خەریكە سەربەخۆیی خۆی لە دەست بدات، چونكە ئیرادەی لەدەست داوە، بڕیارەكانی خۆی پێ نادرێت، بەدوای یەكێكدا دەگەڕێت ئاسانترینیان بكاتە قوربانی بۆ پاساوهێنانەوە بۆ هەڵوێستە نەزۆكەكانی خۆی، كە پێم وایە ئەمە خەتەرێكی گەورەیە لەسەر هەرێمی كوردستان".

دەشڵێ: "مەترسیی دووەمیش لەسەر هەرێمی كوردستان ئەوەیە، كە ماڵێكمان نییە بۆ ڕۆژی ڕەش بەكاری بێنین و قەیرانمان بە قەیران چارەسەر كردووە، نەهاتووین پارەیەك پاشەكەوت بكەین بۆ ئەو ڕۆژانەی كە تووشی كێشە دەبین، هەروەها ئەو كێشانەی لەگەڵ جیرانەكانمان هەمانە بە شێوازێكی سیاسیانە و دیپلۆماسیانە چارەسەریان بكەین، لەمانەوە بۆمان دەردەكەوێت كە دەبێ هەموو لایەكمان هەوڵ بدەن بەیەكەوە و بە یەك هەڵوێست بەرەنگاری ئەم نەهامەتی و كێشانە ببینەوە و لە ڕێگای لێكنزیكبوونەوە و دیالۆگ، ئەم دەستكەوتەكان بیپارێزین و هەوڵی بەدەستهێنانی دەستكەوت و ئایندەیەكی باشتر بدەین."

هەر سەبارەت بەو پرسە، هێمن شێخانی، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "تێڕوانینی ئێمە وایە كه‌ قەوارەی سیاسیی هەرێم لە ۳۰ساڵی ڕابردوودا بەقەد ئێستا لە ژێر هەڕەشە و مەترسیدا نەبووە، كەواتە كاتێك دەبینین مەترسییەكی گەورە هەیە بۆ لەباربردن و لەناوبردنی قەوارەی سیاسیی هەرێم، بۆیه‌ دەڵێم ئەركی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان ئەوەیە، یەكڕیز و تەبا بین و بگەڕێینەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ، چونكە مێژووی كورد پێمان دەڵێت هەر كاتێك كە كورد یەكڕیز و تەبا نەبووە، لەو كاتەدا تووشی گرفت و ئاوارەیی بووەتەوە، دووچاری دەربەدەری و زیندەبەچاڵكردن و قاتوقڕی بووە، هەر كاتیش لایەنە سیاسییەكان یەكڕیز و تەبا بوونە، ئەوا دەستكەوتی گەورەمان هەبووە لە هەرێمەكەماندا."

ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان باوەڕیی وایە: "ئێستا كاتی ئەوە نییە لاپەڕەی یەكتر هەڵبدەینەوە و یەكتر خەتابار بكەین، كاتی ئەوەیە گشتمان لەسەر مێزی گفتوگۆ بیر لە چارەسەرێك بكەینەوە بۆ كێشەكانی هەرێمی كوردستان، هەم لە ئاستی ناخۆ، قوتی هاووڵاتیان و كێشەكانی هاووڵاتیان چارەسەربكەین، هەم بیر لەوەش بكەینەوە چۆن ببینە بەرگریكارێكی بەهێز بۆ پاراستنی ئەم خاك و نیشتیمانە، كە هەموومان تێیدا ژیان دەگوزەرێنین."

لە لایەكی دیكەوە، د. محەمەد ئەحمەد، سەرۆكی دەستەی باڵای چاودێریی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "بەرپرسیارێتی لەم بابەتانەدا پێویستە و دەكرێ دەسەڵات زەمینەساز بێت بۆ یەكڕیزی و تەبایی، تا متمانە بۆ خەڵك بگەڕێتەوە و گەل و دەسەڵات و حزبە سیاسییەكان پێكەوە بەرانبەر تەحەدییاتەكان بوەستنەوە، ئەوكات دەتوانین پێكەوە هاوهەڵوێست بین و بە شافافانە لەگەڵ یەكتردا قسە بكەین و بە ڕوونی بۆ گەلی ڕوون بكەینەوە، چونكە هەر دەسەڵاتێك و لایەنێكی سیاسی گەل پشتیوانی لێ نەكات، ناتوانێت بەرەنگاری كێشەكان ببێتەوە."

 

فایزە كۆیی

هەواڵی پەیوەندیدار