بوونى سیستمێکى بانکیى پێشکه‌وتوو بووه‌ته ئه‌مرى واقع

هەولێر-KDP.info- یه‌کێک له بنه‌ماکانى پێشکه‌وتنى ئابووریى هه‌ر گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یەک بریتییە له بوونى سیستمێکی بانکیى پێشکه‌وتوو. ڕاوێژکاری ئابووریى په‌رله‌مانى کوردستانیش ده‌ڵێت، نه‌بوونى سیستمێکى بانکیى پێشکه‌وتوو له هه‌رێمى کوردستان له ماوه‌ى ڕابردوودا یه‌کێک بووه له کێشه سه‌ره‌کییه‌کانى حکوومه‌تى هه‌رێم به‌وه‌ى نه‌یتوانیوه داتا و ئامار له‌سه‌ر چالاکییه ئابوورییه‌کان کۆ بکاته‌وه، چونکه به‌و هۆیه‌وه به‌شێک له کۆمپانیا و دامه‌زراوه‌کان توانیویانە به جۆرێک له جۆره‌کان خۆیان له باجدان بدزنه‌وه و حکوومه‌ت به‌ئاسانى نه‌توانێت بگات به داهاتى ڕاسته‌قینه‌ى کۆمپانیاکان.
د. ئه‌رشه‌د ته‌ها، ڕاوێژکاری ئابووریى په‌رله‌مانى کوردستان، به ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگه‌یاند: ''یه‌کێک له بنه‌ماکانى چاکسازیى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان دامه‌زراندنى سیستمێکى بانکى و داراییى پێشکه‌وتووه، تا ئێستا به‌هۆى قه‌یرانى دارایى و ئابوورییەوە نه‌توانراوه وه‌ک پێویست ئیشى له‌سه‌ر بکرێت، بوونى سیستمى بانکى له ته‌واوى دنیادا یه‌کێکه له‌و ڕێگایانه‌ى که له ڕێگه‌یه‌وه چالاکییه ئابوورییه‌کانى پێ ڕێک ده‌خرێت، ڕێگایه‌کى گرنگه بۆ شه‌فافیه‌ت له داهات و خه‌رجییه‌کانى به‌فیڕۆ نه‌چوونى سامانى گشتى و پاره‌دارکردنى پرۆژه‌کان، ئه‌مه جگه له‌وه‌ى ڕێگایه‌کى سه‌ره‌کییه بۆ زیادکردنى داهات، چونکه هه‌موو پاره‌یه‌ک که له بانک داده‌نرێت، دواجار سوودێک بۆ حکوومه‌ت تۆمار ده‌کات، سیستمى دارایی، ته‌نها بانک نییه، به‌ڵکوو پێویسته هاوشانى ئه‌مه حکوومه‌ت بیر له کردنه‌وه‌ى بازاڕى کاغه‌زه داراییه‌کانیش بکاته‌وه که ده‌توانێت سوودێکى باشى ئابووریى لێ ده‌ست بکه‌وێت".
گوتیشى: "له ڕوویه‌کى دیکه‌وه، بوونى ئه‌م سیستمه بانکییه، گرنگ و پێویسته بۆ سیقه و متمانه‌ى ئێمه وه‌ک هه‌رێمى کوردستان به‌رانبه‌ر به‌و کۆمپانیا و سه‌رمایه‌دارانه‌ى که ده‌یانه‌وێ سه‌رمایه‌کانییان له بواره جۆربه‌جۆره‌کان به‌گه‌ڕ بخه‌ن، بوونى سیستمى بانکیى شەفاف و کارا یه‌کێکه له سه‌نه‌ده گرنگه‌کان بۆ ئه‌وه‌ى دڵنیایى به کۆمپانیا گه‌وره‌کانى جیهان بدرێت و ترسیان له به‌فیڕۆچوون و دیارنه‌مانى پاره‌کانیان نه‌بێت و بەبێ دوودڵى کارى وه‌به‌رهێنان بکه‌ن".
ئه‌و ڕاوێژکاره ئابوورییه زیاتر دوا و گوتى: "ئێستا له زۆربه‌ى وڵاتان شتێک نه‌ماوه به ناوى پاره‌ى کاش، بۆیه پێویسته هه‌رچى زووه حکوومه‌تى هه‌رێم کار له‌سه‌ر دامه‌زراندنى ئه‌م سیستمه بکات، چونکه پێش هه‌موو شتێک ئه‌م بابه‌ته خزمه‌تێکى گه‌وره به‌و به‌رنامه‌ی چاکسازییه ده‌کات که ئێستا کابینه‌ى نۆیه‌م ڕایگه‌یاندووه، چونکه تاکه ڕێگایه بۆ بوونى شه‌فافیه‌ت له داهات و خه‌رجییه‌کان".
ئەرسەلان ئەحمەد




