عەلوەیەکی ھاوچەرخ بە گوژمەی ١٣ ملیۆن دۆلار لە ئاکرێ درووست دەکرێت

ئاکرێ -KDP.info- قایمقامی قەزای ئاکرێ گوتی، ڕەزامەندی دراوە بۆ ئەوەی عەلوەیەکی ھاوچەرخ لە سنووری قەزای ئاکرێ بە گوژمەی ١٣ ملیۆن دۆلار درووست بکرێت و مۆڵەتی پڕۆژەکەش دراوە و تەنھا ماوە زەویی بۆ تەرخان بکرێت و دەست بە جێبەجێکردنی بکرێت.
مازن محەمەد، قایمقامی قەزای ئاکرێ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە قەزای ئاکرێ عەلوەیەکی ھاوچەرخ درووست دەکرێت و بڕیارە وەبەرھێنەرێک جێبەجێی بکات و ڕەزامەندی لەسەر پڕۆژەکە دراوە، تەنھا ماوە زەویی بۆ تەرخان بکرێت و دەست بە جبەجێکردنی پڕۆژەکە بکرێت."
مازن محەمەد گوتیشی: "مۆڵەتیش بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دراوە و یەک دوو شوێنیشمان دەستنیشان کردبوو، بەڵام دواتر ڕێک نەکەوت و ئێستا بەدوای شوێنی دیکەدا دەگەڕێین بۆ ئەوەی زەویی بۆ تەرخان بکرێت لەلایەن شارەوانی و وەبەرھێنان، چاوەڕێی تەرخانکردنی زەوی دەکرێت تا پڕۆژەکە بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.''
محەمەد باسی لەوەش کرد: "ئەو عەلوەیە پێویستی بە نزیکەی ٧٠دۆنم زەوی ھەیە و عەلوەیەکی گەورە دەبێت و دەبێتە جێگرەوەی ئەو عەلوانەی لە سنووری ئاکرێ ھەن، بۆیە بەگوێرەی ماستەرپلان شوێنیان بۆ دیاری دەکەین و پڕۆژەکە جێبەجێ دەکرێت."
گوتیشی: "تێچووی تەواوی پڕۆژەکە بە گوژمەی ١٣ ملیۆن دۆلار و، ھاوشێوەی عەلوەکانی دھۆک دەبێت و چەندین عەلوە لەناو ئەو عەلوەیەدا درووست دەکرێت، بۆیە دەبێتە شوێنی فرۆشتنی بەرھەمی جووتیارانی سنووری ئاکرێ بەگشتی."
بڵند ئیبراھیم




