''حکوومەتی هەرێمی کوردستان پلانی درێژخایەنی بەرەنگاربوونەوەی بەبیابانبوون و وشکەساڵیی هەیە ''
__2021_06_17_h19m32s22__HK.jpg)
دهۆک-KDP.info- یەکێک لە خاڵەکانی کارنامەی حکوومەتی هەرێمی دەستبردن بوو بۆ پرۆژە ستراتیژییەکان و لەوانەش پرۆژەی درێژخایەن و هێشتنەوەی ژینگەی کوردستان بە خاوێنی و درووستکردنی پرۆژە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیران. شارەزایانی بواری ژینگەش پێیان وایە، درووستکرنی پرۆژە ستراتیژییەکان، بەتایبەت لە بواری ژینگە و بەرەنگاربوونەوەی بەبیابانبوون و وشکەساڵی کارێکی گرنگە.
ئەمرۆ ١٧ی حوزەیران ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی بەبیابانبوون و وشکەساڵییە، لە دەستپیکی کابینەی نویەمیدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ویستی کارگە و پرۆژەی ستراتیژی درووست بکات، هەر لەم کابینەیەدا حکوومەت بڕیاری داوە بۆ زیادکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و ئاسایشی ئاو، لەو بوارەشدا ٩ بەنداو لە هەرێمی کوردستان درووست دەکات کە بە ڕای شارەزایان و پسپۆڕانی کشتوکاڵ و جیۆگرافی کارێکی گرنگە.
'' بەبیابانبوون و بێبارانی پەیوەندییەکی گرنگی بە ژینگەوە هەیە، چونکە بێبارانی دەبێتە هۆکاری بەبیابانبوون و ژینگەش دەکەوێتە ژێر هەڕەشەوە. لەو بارەیەوە، ڕەمەزان حەمزە، پسپۆڕی بواری جیۆلۆجی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "ئێستا هەموو جیهان سەرقاڵی ئەوەیە ژینگە بگەڕێتەوە دۆخی جاران، گۆڕانی کەشوهەوا و مرۆڤ بووەتە هۆی بەبیابانبوون و وشکەساڵی و، بەبیابانبوون ئێستا سنووری خۆی فرەوانتر کردووە و لە هەڵکشاندایە. ئێستا بەبیابانبوون بۆ سەر هەرێمی کوردستان هەڕەشەیەکی گەورەیە و هەرێمەکەمان لە لێواری بەبیابانبووندایە، لە عێراقیش بیابان لە لێواری شارەکاندایە."
دەشڵێت: ''خاکی عێراق وشک و نیمچەوشکە و، ڕۆژئاوای عێراق بیابانە و بەشێكی ئەو ناوچانەش لە شنگالەوە تا سحێلا هەرێمی کوردستانن و لە لێواری بەبیابانبووندان، ئەمەش هەڕەشەیە بۆ سەر کوردستان، چونکە هیچ بەرگێکی سەوزاییمان نەبووە بۆ ئەم ناوچانە، دەبووایە هەرێمی کوردستان یەدەگی سەوزایی هەبووایە و کاری بۆ بکردایە، چونکە بەبیابانبوون لە چەندین ساڵی تردا دەبینین و دەبێتە هۆی ئەوەی هەوایەکی وشک و پلەی گەرمیی بەرزمان هەبێت و، ئەمەش کارتێکردنی لەسەر عەقڵ و دەروونیشمان دەبێت.''
گوتیشی: ''دەبێ هەرێمی کوردستان کار بۆ ئەوە بکات، دەست بە درووستکردنی دوو جۆرە بەنداو بکات؛ بەنداوی گەورە و ستراتیژی و زەبەلاح و، بەنداوی بچووکی نێوان دوو دۆڵ بۆ گوندەکان. هەرێمی کوردستان دەبێ ساڵانە بە سەدان بەنداوی لەو شێوەیە درووست بکات، دەبێ لەمەودوا هەرێمی کوردستان فیلتەرێک دابنێت و ڕیژەی سەوزایی لەنێو شارەکاندا زیاتر بکات و ڕیژەی سەوزایی لە چیاکانیش بەرزتر بکات و خزمەتگوزارییەکان بگەیەنێتە سەر چیاکان و چیی تر ئەردی کشتوکاڵی هەر بۆ ئاوەدانی بەکار نەهێنێت.''
شارەزایەکی ژینگەیش دەڵێت: "ئەمساڵ دنیا بەرەو وشکەساڵی دەڕوا و هەرێمی کوردستانیش ئەمساڵ لە وشکەساڵیدا بوو، بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو ڕێژەی باران زۆر کەمتر بوو، ڕێژەیەکی کەمی باران دەبێتە هۆکاری کەمیی هەموو بەرهەمە خۆراکییەکان و نەهێشتنی ناوچە سەوزایییەکان، چارەسەری ئەمەش ئەوەیە کە دەبێ هەموو وڵاتێک خۆی لە ئاو بکاتە خاوەن، چونکە خاوەنداریەتیی ئاو دەبێتە هۆی زیندووبوونی ئەو دەوڵەتانە لە ڕووی خۆراک و ژینگەیەکی پاکەوە.''
کاروان عەبدوولخالق بامەڕنی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئێستا جیهان لە جەنگی ئاودایە، بۆیە گرنگە هەرێمی کوردستان خۆی لە سەرچاوە ئاویییەکانی خۆی بکاتە خاوەن، هەرچەندە حکوومەتی هەرێمی کوردستان خۆشبەختانە لەم کابینەیەدا دەیەوێت ئاوی بەفیڕۆ نەچێت و بەنداوی گەورە درووست دەکات. ئەمەش بەبیابانبوون و وشکەساڵی ناهێڵێت، ئێستا وڵاتانی دەوروبەرمان شەڕی ئاومان لەگەڵ دەکەن."
''پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان چاودێریی دارستانی خۆی بکات و ڕێگە نەدات ئەم دارستانە بەرەو سووتان و بڕینی دارەکان بچێت و ئەو نەمانەی دەچێندرێن دەبێ چاودیرێیان بکات و، لە شارەکانیشدا ناکرێ ئێمە تەنیا باڵەخانە درووست بکەین، دەبێ ڕەچاوی ڕیژەی سەوزاییش بکەین بۆ ئەوەی ژینگەیەکی سەوزمان هەبێت.'' کاروان وای گوت.
کــاروان بــاعەدری




