"ھەشت پرۆژەی خزمەتگوزاری لە عەنکاوە جێبەجێ دەکرێت"

عەنکاوە -KDP.info- بڕیارە ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ شارەدێی عەنکاوە جێبەجێ بکرێن و بەڕێوەبەری ناحیەی عەنکاوەش دەڵێت، وەزیری شارەوانی سەردانی شارەدێی عەنکاوەی کردووە و پاڵپشتیی خۆی بۆ پڕۆژەکانمان پێشان داوە.
ڕامی نووری، بەڕێوەبەری ناحیەی عەنکاوە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی شارەدێی عەنکاوەی کردووە و لە کۆبوونەیەکدا لەگەڵ ئیدارەی عەنکاوە، وەزیری شارەوانی پاڵپشتیی خۆی بۆ زیاتر گرینگیدان بە شارەدێی عەنکاوە پێشان دا، چەندین پڕۆژەمان خستنە بەردەم وەزیری شارەوانی کە پەیوەستن بە خزمەتکردنی ھاووڵاتییانی عەنکاوە."
بەڕێوەبەری ناحیەی عەنکاوە گوتیشی: "بڕیارە ھەشت پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە شارەدێی عەنکاوە جێبەجێ بکرێن و چاوەڕێی خەرجکردنی پارەی تێچووی پڕۆژەکانین بۆ دەستپێکردنیان کە بێگومان بە جێبەجێکردنیان سوودی بۆ شارەدێی عەنکاوە دەبێت."
پەیوەست بە خەرجکردنی بوودجەی تایبەت بە عەنکاوە، ڕامی نووری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "چەندین ساڵە ھیچ بوودجەیەکی تایبەت بە شارەدێی عەنکاوە خەرج ناکرێت، بەڵام پێش قەیرانی دارایی تایبەتمەندیی عەنکاوە لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە لەبەرچاو گیرابوو.
قائید میرۆ




