محەمەد شوكری: خۆمان رێك دەخەینەوە و بڕیاری نوێمان دەركردووە

ھەولێر-KDP.info- سەرۆكی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی كوردستان گوتی، كۆمەڵێك رێنمایی نوێیان دەركردووە، كە لەمەودوا ھەر پڕۆژەیەك ئەنجام بدرێت، لە بەرژەوەندیی وەبەرھێنەر و ھاووڵاتی و حكوومەت دەبێت.
دكتۆر محەمەد شوكری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "ھەندێك رێنمایی و بڕیاری نوێمان دەركردووە لەبارەی كرێیەكان و رێكخستنەوەی كەرتی ئابووری و بە جۆرێكیش خۆمان رێك دەخەینەوە، كە حكوومەت و خەڵك و وەبەرھێنەر لە پڕۆژەكانی وەبەرھێنان قازانج بكەن و سوودمەند بن، نەك تەنھا وەبەرھێنەر، بۆیە پێویستە ھەر سێ لایەن قازانج بكەن".
لەبارەی رێنماییەكانەوە، شوكری گوتی: "یەكێك لە رێنماییەكان وەرگرتنی كرێیەكانی خزمەتگوزاری لە بواری وەبەرھێنانە و لە ھەر پڕۆژیەكی وەبەرھێنان ١% بۆ حكوومەتە و كارە كارگێڕییەكانیش رێك دەخرێنەوە، بۆ ئەوەی رۆتین نەمێنێت، لەگەڵ تەرخانكردنی زەوی بۆ پڕۆژەی وەبەرھێنان و وەرگرتنی كرێی تاپۆكردن و پەلەكردن لە تاپۆكردنی پڕۆژەكان، بە تایبەت نیشتەجێبوون و ئەو پڕۆژانەی كە كاتی خۆی دەستیان پێكراوە و تەواو نەكراون، بڕیارە رێكاری یاسایی بەرامبەریان بگیرێتە بەر و تەواو بكرێن، كە نزیكەی ٢٠پڕۆژەن و حكوومەتیش مەرجێكی داناوە و ئەوەی تەواوی بكات، پێویستە بەشێكی بۆ خەزێنەی حكوومەت بێت، كە لە چەندین بواردان".
بڵند ئیبراھیم




