٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەڕێوەبەری سووتەمەنی: ١٠بەنزینخانەمان سزا داون.. دوو ھۆكار بوونەتە ھۆی گران بوونی

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری سووتەمەنیی ھەولێر، باسی ھۆكارەكانی گرانبوونی نرخی بەنزین دەكات و دەڵێ، دوو ھۆكاری سەرەكی ھەن كە بەنزین گران بووە، یەكێكیان ئەوەیە كە ئێران گرانی كردووە و ئەوەی دیكەش لە پشكنین دەرناچێت، بەڵام حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەتوانێ جێگرەوە بدۆزێتەوە و ئەو كێشەیە چارە بكات.

ئاری كاكەشین، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئێمە رۆژانە لیژنەكانمان سەردانی بەنزینخانەكان دەكەن و پشكنین بۆ بەنزینەكە دەكەن و ھەر كەسێك سەرپێچیی رێنماییەكان بكات و ئۆكتانی بەنزینەكەی لە خوار ٩٠ بێت، سزای دەدەین، لەو سێ رۆژەشدا نزیكەی١٠بەنزینخانەمان سزا داون، بەڵام بۆ نرخ بە ھۆی ئەوەی بازرگانییە و لەو شوێنەی بەنزینی لێ دێت گران بووە و ئەوەش بۆ چەند ھۆكارێك دەگەڕێتەوە، بۆیە ئێمە ناتوانین بڕیاری لەسەر بدەین".

لەبارەی ھۆكارەكانیشەوە، كاكەشین گوتی: "بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و ئەو رێنماییە تازانەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان دەریكردوون، كە نابێت بەنزینی خراپ بۆ ھەرێمی كوردستان بێت، وای كردووە نرخی بەنزین ھەندێك گران بێت، بەڵام دوو ھۆكاری دیكە ھەن كە وایان كردووە نرخی بەنزین گران بێت، ئەوانیش ئێران بۆ ھەر لیترێك بەنزین نزیكەی ١٥٠دیناری گران كردووە و ھۆكاری دووەمیش ئەوەیە، ئەو بەنزینەی دێت بەشێكی لە پشكنین دەرناچێت و خراپە و بەكەڵك نایەت، بۆیە ئەمانە وایان كردووە نرخی بەنزین زیاتر گران بێت".

ناوبراو باسی لەوەش كرد: "حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەتوانێ جێگرەوەی ھەبێت و ھاوكار بێت بۆ ئەوی بتواندرێت رێگەچارەیەك بدۆزرێتەوە و نرخی بەنزین هەرزان بكرێت، ئێمەش بەردەوام داواكاری دەكەین و لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی بتواندرێت نرخی بەنزین هەرزان بێت".

دەشڵێ، لە ئێستا نرخی لیترێك بەنزین لە سەرووی ٧٠٠ دینارە، كە ئەمەش زۆرە و پێویستە نرخەكە هەرزانتر بێت.

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار