٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مستەفا شەفیق: تەنیا پەکەکەیە ڕەوشی ھەرێم لەبەرچاو ناگرێت

سەرچاوە: KDP.info

لەدوای دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەھۆی ھەبوونی بۆشاییی سنوورییەوە پەکەکە سوودی لە خاکی ھەرێمی کوردستان وەرگرتووە بۆ چالاکی و، شارەزایەکی سیاسەتی پەکەکەش دەڵێت، زۆر ھێزی کوردی پارچەکانی دیکەی کوردستان لە ھەرێم ھەن، بەڵام تەنیا پەکەکەیە ڕەوشی ھەرێمی کوردستان لەبەرچاو ناگرێت.

مستەفا شەفیق، شرۆڤەکاری سیاسی و شارەزای سیاسەتی پەکەکە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای شەڕی خەندەک لە باکووری کوردستان کە لە ساڵی ٢٠١٥ ژمارەیەک شاری باکووری کوردستان وێران بوون و نزیکەی ھەشت ھەزار کەس کوژران، دەوڵەتی تورکیا لەوکاتەوە بە ھێزێکی زۆرەوە کەوتە دوای پەکەکە لە باکووری کوردستان و پەکەکەی لە باکوور وەدەرنا، دواتر تورکیا لە ڕۆژئاوای کوردستان چەندین ھێرشی بۆ سەر عەفرین و گرێسپی و تا سەرێکانی کرد و پەکەکەی لەو ناوچانەش دەرکرد و، دەوڵەتی تورکیا گەیشتە ئەو باوەڕەی شەڕی چەکداری بەتەواوەتی لە باکوور کۆتایی بێنێت. بەداخەوە لەبەر ئەوەی تورکیا ھێرشی کردە سەر پەکەکە لە باکوور، پەکەکە باکووری کوردستانی بەجێ ھێشت و ھەموو ھێزەکانی کشاندەوە باشووری کوردستان."

ئەو شرۆڤەکارە گوتیشی: "بڕیار بوو پەکەکە شەڕی خۆی بباتە باکووری کوردستان، بەڵام بەپێچەوانەوە شەڕەکەی گواستووەتەوە بۆ ناو خاکی ھەرێمی کوردستان، ئێستا پەکەکە ھیچ ھێزێکی سیاسی و سەربازیی لە باکووری کوردستان نەماوە و ھەمووی گواستووەتەوە بۆ باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان، ئەمەش بێگومان خزمەت بە سیاسەت و ستراتیژیی تورک دەکات، پێشتر سوپاسالاری تورکیا گوتی، بۆ ئەوەی ئاسایش و ئەمنیەتی تورکیا بپارێزین، پێویستە شەڕ ببەینە دەشتی سووریا و باکووری عێراق.''

مستەفا شەفیق ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "زیاتر لە سەد ساڵە کورد خەباتی کردووە و بەرھەمیشی تەنیا ئەزموونی ھەرێمی کوردستانە، ھەر ھێزێکی کورد ئەگەر پرۆپاگەندەی کوردبوون دەکات ئەگەر توانای بەرگریشیان نەبێت، پێویستە کێشە بۆ ھەرێمی کوردستان دروست نەکات، ھێزەکانی ڕۆژئاوای کوردستانیش لە ھەرێمی کوردستان ھەن، ھێزەکانی ڕۆژھەڵاتیش ھەن، بەڵام ھەموو ھێزە کوردییەکان ڕەوشی ھەرێمی کوردستان لەبەرچاو دەگرن، تەنیا پەکەکە نەبێت."

شەفیق زیاتر دەڵێت: "پەکەکە ٤٣ ساڵە دامەزراوە و نزیکەی ٤٠ ساڵە لەسەر خاکی ھەرێمی کوردستان دەژی و لەسەر نان و ئاوی خەڵکی باشوور ژیاوە، بەڵام زیانی گەورەی لە ھەرێمی کورستان داوە، سەرباری ئەوەش، ھێزەکانی ھەرێمی کوردستان لە کاتی پێویستدا ھاوکاریی پەکەکەیان کردووە."

لەبارەی بەرپابوونی شەڕ لە نێوان ھەرێمی کوردستان و پەکەکەدا، مستەفا شەفیق بەدووری زانی شەڕ ڕوو بدات و ئاشکرای کرد: "شەڕ لە بەرەژەوەندیی کەسدا نییە و پێشتر سێ جەولەی شەڕ لە نێوان ھێزەکانی باشوور و چەکدارانی پەکەکە ھەبووە و شەڕ چارەسەری کێشەکە ناکات، بەڵام ئێمە لە قۆناغێکی ناسکداین و دوژمنانی ئێمە ھەموو فشارێکیان خستووەتە سەر باشووری کوردستان، لەبەر ئەوە دەبێت پەکەکە پابەندی یاسا و ڕێنمایییەکانی ھەرێمی کوردستان بێت، بەداخەوە ئەگەر پەکەکە پابەندی یاسا نەبێت و سەرکێشی بکات، ئەوە گومانی تێدا نییە کێشەکە زیاتر گەورە دەبێت و سەر بۆ شتی دیکەش ڕادەکێشێت، ھەرکەس خۆی بە کورد بزانێت و دڵسۆزی دۆزی کورد بێت، دەبێ ھاوکاریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکات. پرسی پەکەکە و کورد لە تورکیا بووەتە پرسێکی نێودەوڵەتی، ئەوانەی خۆیان بە دڵسۆزی کورد دەزانن دەبێ ھاوکار بن بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە باکوور."

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار