٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

داوای دواخستنی خولی دووەمی تاقیکردنەوەکان ده‌كرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- دوای ناڕەزایی قوتابیانی زانکۆکان، یەکێتیی قوتابیانی کوردستان بە فەرمی داوای دواخستنی تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمی زانکۆکانی ھەرێمی کوردستانی کردووە، سکرتێری یەکێتیی قوتابیانیش دەڵێ، پێویستە رەچاوی رەوشی خوێندن و قوتابیان بکرێت.

نێچیرڤان کەلاری، سکرتێری یەکێتیی قوتابیانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و جێبەجێکردنی سیستەمی ئاوێتە، کاریگەرییان لەسەر رەوشی خوێندن ھەبووە لە زانکۆ و پەیمانگاکان و ئەمساڵیش دوو مانگ دابەشکردنی بەشە ناوخۆییەکان دواکەوت، ئەوەش بۆتە ھۆکاری ئەوەی قوتابیان وەک پێویست سوودیان لە خوێندنی ئەمساڵ نەبینی.

سکرتێری یەکێتیی قوتابیان دەشڵێت، ھەندێک خەڵک و دەزگا پروپاگەندەی ئەوەیان دەکرد ئەمساڵیش دەربازبوونی قوتابیان ھەر بە شێوەی راپۆرت بێت ھاوشێوەی ساڵی رابردوو، ئەوەش کاریگەری ھەبوو کە قوتابیان زۆر نەپرژێنە سەر خوێندن و زیاتر پشتیان بە راپۆرت بەستبوو، کە دەر ئەنجامەکەشی ئەوە بوو، لە تاقیکردنەوەکانی ئەمساڵدا رێژەی دەرچوون زۆر کەم بووەوە.

کەلاری روونی کردەوە: "داواکاریمان پێشکەش بە زانکۆکان کردووە تا رەچاوی رەوشەکە بکەن و بە فەرمیش داوامان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا کردووە تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمی زانکۆکان دوا بخرێت، چونکە قوتابی ھەیە لە حەوت وانە کەوتووە و ھیچ دەرفەتی بۆ نەھێڵراوەتەوە بخوێنێت، بۆیە چاوەڕێی وەڵامی خوێندنی باڵاین بۆ دواخستنی تاقیکردنەوەکانی خولی دووەم".

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار