٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فراکسیۆنی پارتی: ​پێشوازی لە جێبەجێکردنی رێکكەوتنی هەولێر و بەغدا دەکات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، پێشوازی له‌م هه‌وڵه‌ی مه‌سروور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین، كه‌ لەم ماوەیەدا بەردەوام لەسەر هێڵ بووە لەسەر پرسی بودجە، فراكسیۆنی پارتی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، سه‌رۆكی حكوومه‌ت ئامادەیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی دووپاتکردووه‌تەوە، بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی سەرشانی لەم رێکكەوتنەدا لەپێناو گەڕاندنەوەی مافی خەڵکی کوردستان.

ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌ی فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان:

ئێوارەی دوێنێ بەڕێز سەرۆك وەزیران مەسروور بارزانی رایگەیاند، لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق قسەیان کردووە و رێکكەوتنی هەولێر و بەغدا جێبەجێدەکرێت.

ئێمە لەفراکسیۆنی پارتی پێشوازی لەم هەوڵە دەکەین و وەک دەرگایەک دەیبینین بۆ کردنەوەی چارەسەری سەرجەم کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.

جێی خۆیەتی لێرەوە دەستخۆشی لەهەوڵە بێوچانەکانی بەڕێز مەسروور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بکەین، کە هەر دوو رۆژ دوای سوێندخواردنی وەک سەرۆک وەزیران بەدوای چارەسەری کێشەکان بووە لەگەڵ بەغدا، جگە لەوەی لەم ماوەیەدا بەردەوام لەسەر هێڵ بووە لەسەر پرسی بودجە و شاندی حکوومەتی راسپاردووە و دەسەڵاتی رێکكەوتنی پێدان لەگەڵ بەغدا بە ئامانجی ناردنی بودجەی هەرێمی کوردستان، هەروەها ئامادەیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی دووپاتکردووه‌تەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی سەرشانی لەم رێکكەوتنەدا لەپێناو گەڕاندنەوەی مافی خەڵکی کوردستان.

وەک لەڕابردوودا بەڕێز سەرۆک وەزیران رایگەیاند، جگە بودجە چەندین مەلەفی دیکە هەن دەبێت لەگەڵ حکوومەتی عێراقی چارەسەر بکرێن، دەکرێت پرسی ناردنی بودجە چارەسەری کێشەکانی دیکەش بەدوای خۆیدا بهێنێت.

 

فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی کوردستان

هەواڵی پەیوەندیدار