٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

علی عەونی: پارتی نیازی شەڕی لەگەڵ پەکەکەدا نییە.. پارتی پشتگیری حکوومەتە بۆ گەڕانەوەی شەرعیەت بۆ ھەر بستێکی خاک

سەرچاوە: KDP.info

لەندەن-KDP.info- لە درێژەی وێبینارەکانی هەفتانەی لقی٦ی پارتی دیموکراتی کوردستان، علی عەونی ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و بەرپرسی لقی ٨ی پارتی دیموکراتی کوردستان بابەتێکی لەژێر ناونیشانی (پەکەکە سەرقافڵەی ئەجێندای دەرەکی) پێشکەش کرد.

لە وێبینارەکەدا علی عەونی بەرپرسی لقی ھەشتی پارتی، لە باسی پەکەکەدا دەڵێ، ھۆکاری دروستبوونی پەکەکە روونە کە بۆ رێگەگرتن بووە لە بزووتنەوەی راستەقینەی کوردی، وەک ئامرازێک پەکەکە لەلایەن ھێزە ئیقلیمییەکان لەسەرەتای دامەزراندنیانەوە تا ئێستا بەکاردەھێنرێن، ھەرخۆی لە دوای راپەڕینە مەزنەکەی بەھاری ١٩٩١ بەر لە ھەموو نەیارێک پەکەکە کەوتە دژایەتی ئەزموونی کورد لەوکاتداو شەڕی دژ بە گەلی کورد راگەیاند، کە ئامانجیان بوو رێ لە گەشەکردنی ئەزمونی ھەرێم بگرن.

عەلی عەونی ئەندامی سەرکردایەتی پارتی، وەڵامێکی دەوێ کە پرسیار ئاراستەی  هەموو لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی دەکات و دەڵێ، کاتیەتی کە پرسیاری ئەوە لە پەکەکە بکەن بۆچی مەیدانی ڕاستەقینەی خۆیان بەجێهێشتووە و شەڕ لە دژی کوردستان دەکەن و بانگەشەی ڕزگارکردنی باشووری کوردستان دەکەن، باشوور لە کێ ڕزگار دەکەن، ئایا خەڵکی باشووری کوردستان داگیرکەرن یاخود خاوەن ئەو خاكەن. 

راشکاوانە دەڵێ، بە داخەوە هاوبەشەکانمان لە پڕۆسەی سیاسی هیچ هەڵوێستێکیان لەسەر پیلانەکانی پەکەکە لە دژی هەرێمی کوردستان نییە، ھەروەک ئەوە وابێ کە ئەم ھەنگاوانەی پەکەکە ھەڕەشە نەبێت لەسەر ئەوان.

بەرپرسی لقی ھەشتی پارتی لە وێبینارەکەیدا روونیکردەوە کە، "پەکەکە ئامادە نییە بەبێ شەڕ، ناوچە سنوورییەکان و شاخ و چیا و گوندەکانی ئەو ناوچانە ڕادەستی هێزەکانی پێشمەرگە بکات، بەڵام ئامادەیە بەبێ هیچ بەرگرییەك ڕادەستی سوپای تورکیایان بکات. پارتی دیموکراتی کوردستان هیچ ململانێیەکی لەگەڵ پەکەکەدا نییە و بە نیازی شەڕ نییە لەگەڵیاندا، بەڵام پارتی بەهەموو هێزێکیەوە پشتگیری لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ گەڕاندنەوەی شەرعیەت بۆ هەموو بستێکی کوردستان و پاراستنی ئەمن و ئاسایشی هەرێم و هاووڵاتیانی کوردستان."

ئاماژەی بەوەشدا کەوا ڕێگەگرتن لە هەڕەشەکانی پەکەکە بۆ سەر هەرێم بە تەنیا بەرپرسیارییەتی پارتی نییە، بەڵکو ئەرکی هەموو لایەنە سیاسییەکانە بۆ ئەوەی پەرلەمانی کوردستان بە یەك دەنگ و ڕەنگ هەڵوێست بنوێنێت بۆ ئەوەی پەکەکە بزانێت کەوا کورد یەک دەنگە بەرامبەر بە کارە دوژمنکارییەکانیان لە دژی هەرێمی کوردستان. 

علی عەونی نایشارێتەوە کەوا لە چەندین کەناڵی جیاوازەوە بە پەکەکەمان ڕاگەیاندووە کەوا دەبێت ناوچە سنوورییەکان چۆڵ بکەن و ڕادەستی ھێزی پێشمەرگە و دام و دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی بکەن، بەرپرسیارییەتی پاراستنی ئەو ناوچانە بۆ پێشمەرگەی کوردستان جێبێڵن.

دەشڵێ، جگە لە هەڕەشەکردن لەسەر ئەمن و ئاسایشی نیشتیمانی کوردستان، پەکەکە بووەتە هۆکاری تێکدانی سەدەها گوندی ناوچە سنوورییەکان کە بە ماندووبوون و شەونخونی خەڵکی ئەو ناوچانە لە دوای ڕاپەڕینەوە ئاوەدانکرابوونەوە، ئێستاش خەڵکی ئەو گوند و ناوچانە جارێکی دیکە ئاوارەی ناوچەکانی تر بوونەتەوە."

هەر لە درێژەی وێبینارەکەدا بەرپرسی لقی ٨ی پارتی، ڕۆڵی رەوەندی کوردستانی لە دەرەوەی وڵات بە گرینگ دادەنێ لە گەیاندنی ڕاستییەکان و ئاشکراکردنی ڕووە ڕاستەقینەکەی پەکەکە و پیلانەکانیان لە دژی کورد و هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی هەموو جیهان بە کردەوە مەترسیدارەکانی ئەو گرووپە ئاشنا ببن.

هەواڵی پەیوەندیدار