٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فازڵ نەبی: عێراق پابەند نەبێت، ھەرێم دەتوانێ سكاڵا تۆمار بكات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی حكوومەتی عێراق گوتی، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ھیچ بیانوویەكی بۆ جێبەجێكردنی یاسای بودجە و ناردنی پشكی ھەرێم بۆ بەغدا نەھێشتووەتەوە، بۆیە گەر حكوومەتی عێراق پابەند نەبێت، حكوومەتی ھەرێم دەتوانێ لە دادگای فیدراڵی سكاڵا تۆمار بكات.

دكتۆر فازڵ نەبی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ئەوەی لەسەریەتی و ئەركی حكوومەتی ھەرێمە، ئامادەیی خۆی نیشان داوە جێبەجێی بكات لەبارەی پشكی ھەرێمی كوردستان لە یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ئەمساڵ، بۆیە حكوومەتی ھەرێم شاندی ناردووە و ھیچ بیانوویەكی بۆ حكوومەتی عێراق نەھێشتووەتەوە و حكوومەتی عێراق ناچارە پابەندی یاسای بودجە بێت، چونكە لە پەرلەمان دەنگی لەسەر دراوە و بووەتە یاسا.

بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی حكوومەتی عێراق باسی لەوەش كرد، ئەگەر ھاتووحكوومەتی عێراق پابەندی یاسای بودجە نەبێت و پشكی ھەرێمی كوردستان رەوانە نەكات، كە بەپێی یاسا پێویستە رەوانەی بكات، ئەوكات حكوومەتی ھەرێم دەتوانێ لە دادگای فیدراڵی سكاڵا تۆمار بكات و سكاڵاكەش لە بەرژەوەندیی ھەرێم یەكلا دەبێتەوە، چونكە حكوومەتی ھەرێم بە جۆرێكی باش مامەڵەی كردووە كە ھیچ بیانوویەكی بۆ حكوومەتی عێراق نەھێشتووەتەوە.

دەشڵێ، ئێستا لیژنەی ھاوبەشی چاودێریی دارایی ھەرێم و بەغدا وردبینی لە داھاتەكان دەكەن و بەردەوامن، ئەگەر بەغداش نیازی پاك بێت، لە ماوەیەكی كەمدا ئەوەش تەواو دەكرێت.

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار