زانا مەلاخالید: کۆبوونەوەی پەرلەمان بە ئامادەبوونی چەند وەزیرێک بەڕێوە دەچێت

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، بڕیارە پەرلەمانی کوردستان بە ئامادەبوونی تیمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەبارەی چەند پرسێکی پەیوەست بە داراییی ھەرێمی کوردستان کۆ ببێتەوە کە تێیدا چەند وەزیرێک ئامادە دەبن.
زانا مەلاخالید، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "داوامان کردووە کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بە ئامادەبوونی تیمی حکوومەت و لەبارەی دۆخی داراییی ھەرێم و بابەتی داھاتی ناوخۆ و خاڵە سنوورییەکان و ئەو کورتھێنانەی لە مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم ھەیە، بەڕێوە بچێت، یادداشتی پەرلەمانتارانیش پێشکەش کرا و چاوەڕێین، تیمی حکوومەت ئامادە بێت".
مەلاخالید گوتیشی: "چاوەڕێی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکرێت بۆ ئەوەی بانگھێشتی پەرلەمانتاران بکرێت بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە و، لە کۆی ٦٥ پەرلەمانتاریش کە داوای دانیشتنەکەیان کردووە، ٤١ پەرلەمانتار ھی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستانن".
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان ڕوونیشی کردەوە: "داوامان کردووە ھەریەکە لە وەزیرانی دارایی و پلاندانان و سامانە سرووشتییەکان و سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری دانوستانەکان و وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان، ئامادەی دانیشتنەکە بن".
بڵند ئیبراھیم




