"تەڤدەم بەم رەفتارە ئاستەنگ دەخاتە بەردەم دانوستان"

ڕۆژئاوای کوردستان -KDP.info- سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتیمانیی کورد لە سوریا گوتی، ددان بە بەڕێوەبردنی ھەڵبژاردن لەلایەن تەڤەدەمەوە لە ڕۆژئاوای کوردستاندا نانێن و، گوتیشی دەبێتە ھۆی دانانی بەربەست لە بەردەم دەستپێکردنەوەی دانوستانەکاندا، بۆیە پێویستە ئەمەریکا ئەوە قبووڵ نەکات، چونکە ئەم ھەڵبژاردنە ھاوشێوەی هەڵبژاردنی ڕژێمی سووریایە و ھەر خۆیان براوەن .
سعوود مەلا، سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتیمانیی کورد لە سوریا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بەڕێوەبردنی ھەڵبژاردن لەلایەن تەڤدەمەوە بۆ ئیدارەی خۆسەر لە ڕۆژئاوای کوردستان ھیچ شەرعیەتی نییە و ھاوشێوەی ھەڵبژاردنی ڕژێمی سووریایە و چۆن بیانەوێت بەو شێوەیە دەبێت و ھەر خۆیان بەتەنھا ب ھەڵبژاردن دەکەن، بۆیە ھەرخۆیان دەردەچن و کەس نییە کێبڕکێیان لەگەڵ بکات."
سعوود مەلا گوتیشی: "ئێمە لەگەڵ ھەڵبژاردنێکین کە ھەموو لایەنەکانی تێدا بێت، نەک تەنھا خۆیان ھەڵبژاردن بکەن و ھەرخۆشیان براوە بن، بۆیە کاتێک وەختی ھەڵبژاردن ھات و ھەموو لایەنەکان تێیدا بەشدار بن، ئەوکات ئەنجامەکان چۆن بێت، ئەوەیان ھەژمار دەکرێت، نەک ئەوان تەنھا ھەڵبژاردن لە نێوخۆیاندا بکەن."
مەلا باسی لەوەش کرد: "ئەوکارەی ئەوان دەیکەن کاریگەریی لەسەر دانوستانەکانیش دەبێت و دەبێتە هۆی دانانی بەربەست لە بەردەم دانوستانەکاندا و ئەمەش کە دەیکەن واتای ئەوەیە کە بڕوایان بە دانوستان نییە. ئەمەریکا وڵاتێکی زلھێزە و دەتوانێت ڕێگری بکات، بۆیە پێویستە قبووڵی نەکات، چونکە ئەوەی ئەو بیەوێت ھەر ئەوە دەبێت، بەڵام ئەوانیش لە بەرژوەندیی ئەوان چی بێت، ئەوکارە دەکەن."
بڵند ئیبراھیم




