٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دکتۆر محەمەد شوکری: ئیمارات دەیەوێت لە چەندین بواری جیاوازدا کاری وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان بکات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان گوتی، وڵاتی ئیمارات دەیەوێت لە چەندین بواری جیاوازدا کاری وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان بکات، وەکوو ژێرخانی ئابووری و کشتوکاڵ و نەوت و پیشەسازی و پیشەسازیی نەوت و سەردانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانیش بۆ ئیمارات کاریگەریی ئیجابیی دەبێت.

سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، دکتۆر محەمەد شوکری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پەیوەندیی ئابووری ھەرێمی کوردستان و ئیمارات لەوپەڕی باشیدایە و کۆمپانیاکانی ئیمارات لە ھەرێمی کوردستان کار دەکەن و بەرنامە ھەیە کۆمپانیای زیاتر بێنە ھەرێمی کوردستان و چەندین کۆبوونەوە و دیدارمان کردووە و چەندین پرۆپۆزەلی تایبەت ھەیە بۆ جێبەجێکردنی چەندین پڕۆژە و بەڵێنیان داوە ھاوکار بن لە سیستەمی بانکی و بواری پیشەسازی و کاری وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان.''

دکتۆر محەمەد شوکری گوتیشی: "بڕیارە کۆمەڵێک پڕۆژەی نوێ لە ھەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێن کە زۆر گرنگن و ئەگەر کەوتنە بواری جێبەجێکردنەوە، ڕەنگدانەوەی زۆریان دەبێت بۆ ھەرێمی کوردستان.''

شوکری باسی لەوەش کرد: "ئەوان دەیانەوێت لە بواری ژێرخانی ئابووریی ھەرێم و کشتوکاڵ و پیشەسازی و لە بواری نەوت و گاز و پیشەسازیی نەوت کار بکەن و ئێمەش ئامادەییی خۆمان نیشان داوە، ھەموو ھاوکاری و ئاسانکارییەکیان بۆ بکەین، چونکە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان فەرمانی داوە ھەموو ئاسانکارییەک بۆ کۆمپانیاکانی ئیمارات بکرێت بۆ ئەوەی بێن کاری وەبەرھێنان بکەن".

سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان باسی لەوەش کرد: "سەردانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ ئیمارات کاریگەریی ئیجابیی دەبێت و سەرۆکی حکوومەتیش فەرمانی داوە ھاوکاریی باشیان بکەین بۆ ئەنجامدانی ھەموو کارێکی وەبەرھێنان، بۆیە ئەوانیش پێیان خۆشە بێنە ھەرێمی کوردستان کار بکەن."

گوتیشی: "ئیمارات ڕۆڵێکی باشی ھەیە و لە ڕێگەی کونسووڵخانەی ئیماراتەوە چەندین دیدارمان لەگەڵ کۆمپانیا ئیماراتییەکان کردووە."

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار