"کێشەی ھەناردەکردنی بەرھەمی ھەرێمی کوردستان بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق چارەسەر کرا"

گواستنەوەی بەرھەمی کشتوکاڵی ھەرێمی کوردستان بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق چارەسەر کراوە و گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵیش دەڵێ، دوای لێکتێگەیشتن لەنێوان ھەردوولا ئاستەنگەکان لا براون.
حوسێن حەمە کەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ناوە ناوە لەلایەن بازگەکانی عێراق کێشە و ئاستەنگ بۆ گواستنەوەی بەرھەمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان درووست دەکرێت، چونکە بەرھەمی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان خواستی زۆری لەسەرە و لە کاتی زیادبوونی بەرھەم لە لایەن جووتیاران و بازرگانان دەگوازرێنەوە بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق."
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت: "دوای کۆبوونەوەی نێوان ھەردوو وەزیری کشتوکاڵی ھەرێم و بەغدا لێکتێگەیشتن پەیدا بووە و ئاستەنگەکانی بەردەم ھەناردەکردنی بەرھەمی ھەرێمی کوردستان بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق لا براون."
پەیوەست بە ھەڵکشانی نرخی مریشکی ناوخۆ، حوسێن حەمە کەریم ڕوونی کردەوە: " ئێستا کێشەمان لە بەرھەمھێنانی مریشکدا نییە، بەڵام کاتێک لە بازاڕدا خواست لەسەر بەرھەمی ناوخۆ زیاد دەبێت کاریگەری لەسەر ھەڵکشانی نرخ دەکات و ئەوەی لە ھەڵکشانی نرخ ڕووی داوە، تەنیا بەهۆی زۆریی خواستە."
قائید میرۆ




