راگەیاندنی پارتی ساڵیادی دامەزراندنی گۆڤاری (رامان) پیرۆز دەكات

هەولێر-KDP.info- دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە بۆنەی بیست و پێنچ ساڵەی دەرچوونی گۆڤاری (رامان)، پەیامێكی پیرۆزبایی بڵاو كردەوە.
دەقی پەیامی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان:
بەڕێز/ ئازاد عەبدولواحید، سەرنووسەری گۆڤاری (رامان)
بەڕێزان/ ھەڤاڵانی ستافی نووسین و كادیر و كارمەندانی گۆڤاری(رامان)
بە بۆنەی (25)ەمین ساڵیادی دەرچوونی گۆڤاری (رامان)، پیرۆزباییەكی گەرم لە ئێوەی بەڕێز و خوێنەرانی ئازیزی گۆڤارەكەتان دەكەین و، دەستی هەوڵ و ماندووبوونتان دەگوشین بۆ پێشخستنی زمان و ئەدەب و كولتوور و رۆشنبیریی نەتەوەییمان.
گۆڤاری(رامان) خاوەن تایبەتمەندییەكی رۆشنبیریی ئەوتۆیە، كە لە ماوەی 25 ساڵی تەمەنیدا توانیویەتی بە شێوەیەكی بەرفراوان كار لەسەر دەوڵەمەندكردنی گەنجینەی ئەدەبی و رۆشنبیری كوردی بكات و شوێنپەنجەی بەخشش و پێشكەوتنی لەم بوارەدا دیار و كاریگەرە.
بەڕێزان، لەم یادەدا وێڕای پشتیوانیی تەواومان بۆ پێشخستن و بەردەوامبوونی گۆڤارەكە، هیوادارین هەردەم پێشەنگ بن لەو ئاستە بەرزەی خزمەتگەیاندن بە بواری ئەدەب و رۆشنبیری و پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان و كۆكردنەوەی دەنگ و رەنگە جیاوازەكان.
جارێكی دیكە دەستخۆشی و پیرۆزبایی لە ئێوە و خوێنەرانتان دەكەین. ھەر سەركەوتوو بن.
دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان




