٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كەركووكی: ئاڵای كوردستان قەدەغەیە.. ئەم ھەڵبژاردنە لە زەرەری كورد تەواو دەبێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك – گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان، زانیاریی نوێ سەبارەت بە پێكنەهێنانی هاوپەیمانیی كوردستانی لە شاری كەركووك و دۆخی ئەمنی ئەو شارە و چەند پرسێكی دیكە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دەخاتە روو و دەڵێ: "ئومێد دەكەین یاسای هەڵبژاردن هەموار بكرێتەوە و كەركووك بكرێت بە یەك بازنە".

د. كەمال كەركووكی، سەبارەت بە پێكنەهێنانی هاوپەیمانیی كوردستانی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "یەكھەڵوێستی لەگەڵ چی بكەین؟ یەكەم یاساكە تاكە كەسییە و دەنگی ھیچ كاندیدێك بۆ ئەوەی تر ناڕوات تا ھاوپەیمانییەك ھەبێت و كاندید بە ریزبەندی بێت و ھەموو دەنگی بۆ بدات، تەجروبەمان ھەیە، چ گەرەنتییەك ھەیە لە كەركووك ھاوپەیمانی دروست بكرێت بۆ ھەڵبژاردنی داھاتویی عێراق، خیانەتكارانی 16 ی ئۆكتۆبەر جارێكی دیكەو 10 جاری دیكە خیانەت ناكەنەوە؟‌".

لەبارەی هەڵبژاردنیش بە پێی یاسای نوێی ئەمجارە، سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك – گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "سەبارەت بە فرەبازنەییەكە، كە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران و ھەردوو دەزگای ھەڵبژاردن دەنگیان بۆ دا، ئەو فرەبازنەییە پێچەوانەی دەستوورە لە ماددەی 49 بڕگەی ( أ )، چونكە لەدەستووری عێراق (١٠٠) ھەزار كەس دەبێت كورسییەكی ھەبێت لە پەرلەمان، بەڵام لە بازنەی یەكی كەركووك بۆ كورسییەك (132871) كەس دانراوە، لە هەمان ‌كاتدا لە بازنەی دوو بۆ كورسییەك (138478) كەس دانراوە، بەڵام بۆ حەوێجە كە بازنەی سێیە بۆ كورسییەك ( 91 ) ھەزار كەس دانراوە!".

كەركووكی روونیشی كردەوە: "ئەم شێوە هەژماركردنە پێچەوانەی دەستوورە، زۆر كەس سكاڵای كردووە، رێكخراوی كۆمەڵگەی مەدەنی  و حیزبی سیاسی كە ئەم یاسایە هەڵەیە و دژ بە مافی مرۆڤ و یەكسانی و، هەروەها دژ بە دەستووری عێراقە، لەناو یاساكەش دژ بە ماددەكانی ترە، بۆیە ئومێد دەكەین ئەو یاسایە هەموار بكرێتەوە و كەركووك بكرێت بە یەك بازنە، هەر 19 پارێزگاكەش بە هەمان شێوە هەر پارێزگایەك بكرێت بە یەك بازنە، دادگای فیدراڵیش گەر بیەوێت میسداقیەتی لەدەست نەدات و رووی خۆی سپی بكات لە پێش مێژوو و لە پێش ویژدان، پرۆسەی دیموكراسی دەبێت حەقانی بێت، بریار بدات كە ئەم یاسایە پێچەوانەی دەستوورە، ئەركی ھەموو لایەكیشە ئەو راستییە بخاتە روو كە ئەم ھەڵەیە چاك بكرێت ".

ناوبراو سەبارەت بە دۆخی ئەمنیی شاری كەركووكیش گوتی: "دۆخی ئەمنیی شارەكە تەواو نییە، كەركووك ھەموو جۆرە میلیشیایەكی حەشدی تێدایە، ھەموو جۆرە ئاڵایەكی رەش و سوور و شین و ھەمەڕەنگی تێدایە، تەنھا ئاڵا كە حورمەتی ناگیرێت، ئاڵای پیرۆزی كوردستانە، لە ماددەی (١١٧)ی دەستووری عێراقدا ھاتووە، ھەرێمی كوردستان ھەرێمێكی فەرمیی ھەمیشەییە، یاسا و بڕیارەكانی پەرلەمانی كوردستان كارپێكراون، پەرلەمانی كوردستانیش بە فەرمی ئاڵای كوردستانی ناساندووە، كەچی ئەو ئاڵایە قەدەغەیە لە شاری كەركووك! ھەندێ لایەنیش دروست كراون بە ناوی توركمان و عەرەب بۆ پارەپەیداكردن، كە توركمان و عەرەب لێیان بێبەرین، ھەر كە ناوی كوردستان و ئاڵا و پێشمەرگە بھێنرێت، بە گژیدا دەچنەوە، بۆیە ئەم ھەڵبژاردنە بەم بازنانە و بەم وەزعی ئەمنییە، لە زەرەری كورد تەواو دەبێت".

كەركووكی ئاماژەشی دا: "پێشووتر ھاوپەیمانی ھەبوو، بەڵام خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەر و گروپێكی ناو یەكێتی، ژێربەژێر رێككەوتنیان لەگەڵ حكوومەتی ئیتیحادی كردبوو، كە شەوی ١٥ لەسەر ١٦ی ئۆكتۆبەر ھێزەكانیان كشاندەوە و كەركووكیان بەم دۆخە گەیاند، گەر پارتی بچووبایە ناو شاری كەركووك، دەبووە شەڕی پارتی و یەكێتی و كەسیش نەیدەزانی كێ خیانەتی كردووە و بۆچی ئەم شەڕە دەبێت و دەیانگوت پارتی بۆ نەوت ھاتووە، گەر لە باتێوە و كانی دۆمەڵان و ناوشوان شەڕ بكرایە، تووشی خەسارەتی زۆر دەبووین، گەر لەناو دووبز و پردێش شەڕمان بكردایە، خەڵكی سڤیل و ژن و منداڵ و بێچەك دەبوونە قوربانی و دەبووە جینۆساید، بۆیە لە پردێ شەڕمان كرد و توانیمان پێش بە سوپا و حەشد و ھێزی دەرەكی و پۆلیسی ئیتیحادی و میلیشیاكان بگرین و بیاشكێنین، لەو شەڕەدا ئەبرامز شكێندرا و پایتەختی ھەرێمی كوردستانمان پاراست".

 

نەشوان بەرزنجی

 

هەواڵی پەیوەندیدار