٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

رۆژبەیانی: نوێنەری حکوومەت و وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری بەغدا بانگھێشتی پەرلەمانیان ده‌کەین

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک و عەرەبی ھاوردە، کێشە و گرفتی زۆر بۆ کورد دروست دەکەن، بە جۆرێک وەکو سەردەمی بەعسیان لێ ھاتووە، بۆیە دەمانەوێت لە رێگەی نوێنەری حکوومەتی ھەرێم لە بەغدا و وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری بەغدا، کە بڕیارە دووشەممە بانگھێشتی پەرلەمانیان بکەین، کێشەکانیان بگەیەنین بە بەغدا، بۆ ئەوەی چارە بکرێن.

جوان رۆژبەیانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، لە کەرکووک زۆرینەی بەرپرسانی کورد لە پۆستەکانیان لادراون و تەنھا ژمارەیەکی کەمیان ماون، کە کۆمەڵێک کێشە و گرفت لە کەرکووک بۆ کورد دروست دەکرێن لەلایەن پارێزگاری سەپێندراو و عەرەبی ھاوردە و، پۆستەکانیش ئەوانەی پشکی کوردن، بە عەرەبی ھاوردە پڕ کراونەتەوە و وایان لێ ھاتووە وەکو سەردەمی بەعسە بۆ کورد، کە بە نهێنی کار دەکەن، بۆیە ئێمەش گرفتەکانی ئەوان لە رێگەی نوێنەری حکوومەت لە بەغدا و وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری بەغدا دەگەیەنین و کۆمەڵێک خاڵیان رادەست دەکەین، بۆیە ھەردوو وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری بەغدا و نوێنەری حکوومەتی ھەرێم لە بەغدا رۆژی دووشەممە بانگھێشتی پەرلەمانی کوردستانمان کردوون و دێنە پەرلەمان، ئێمەش کێشە و گرفتی کوردەکان رادەستی ئەوان دەکەین، بۆ ئەوەی کێشەکانی کورد لە کەرکووک لەگەڵ بەغدا چارە بکرێن.

رۆژبەیانی گوتیشی، دەمانەوێت ئەو کارە بکەین، تاوەکو دۆخی ئەو ناوچانە ئاسایی دەکرێتەوە، چونکە رێگری زۆر لە کورد دەکرێت و جیاوازییەکی زۆریش لە نێوان کورد و عەربەکاندا دەکرێت، ھەم ئەوانەی لە پۆستدان و هەم خەڵکیش بە گشتی، چونکە مامەڵەیەکی زۆر خراپیان لەگەڵ دەکرێت و وایان لێ دەکرێت، کە ناچاریان بکەن شوێنی خۆیان جێبێڵن.

ناوبراو باسی لەوەش کرد، عەرەبی شۆڤێنی دەیانەوێت ئەو ناوچانە بە کورد چۆڵ بکەن و عەرەبی ھاوردە شوێنەکانیان پڕ بکەنەوە، کە ژمارەیەکی زۆری بەرپرسانی کورد لادراون و رێژەیەکی زۆر کەمیان ماون، ئەوانەی کە ماویشن، سەر بە ھەرێمی کوردستانن و لە کەرکووک دەوام دەکەن، سەرەڕای ئەوەش گرفتیان بۆ دروست دەکەن.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار