٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

رۆڵى یەکێتى قوتابیان و لاوانى کوردستان لە شۆڕشى گوڵاندا....

سەرچاوە: KDP.info

بەشى3--کۆتایى
فریاد بارزانى: بزوتنەوەى قوتابیان و لاوانى کوردستان وەکو هەموو بزوتنەوەیەکى هاوچەشنى خۆى لە گەڵ سەرهەڵدان و گەشەکردنى بزوتنەوەى ئازادیخوازى نەتەوەیى و نیشتمانى سەرى هەڵداو بەرەوپێشەوە چووە.
لە 18ى شوباتى ساڵى 1953 لە هەنگاوێکى دیموکراتى و مەدەنیانەدا پارتى دیموکراتى کوردستان بە سەرۆکایەتى رابەر و سیمبولى نەتەوەییمان بارزانیى نەمر بڕیارى دروستکردنى رێکخراوەکانى قوتابیان و لاوانى دەرکرد. ئەو دوو رێکخراوە لە مێژووى تێکۆشانیاندا وەک جەمسەرێکى کاراى نێو بزاڤى رزگاریخوازى گەلەکەمان ئەژمار دەکرێن، چونکە رۆڵێکى کارایان لە خەباتى هەمە لایەنى شۆڕشى کوردستاندا گێڕاوە و لە بوارى پێشمەرگایەتى و کۆمەڵایەتى و کەلتورى و خوێندن و پەروەردە و هەستى نەتەوایەتى و تەنانەت لە لایەى راگەیاندن و رۆژنامەڤانى کوردیشدا جێ دەستیان دیارە و قۆناغ بە فۆناغ لە ژێر رۆشنایى و ستراتێژییەتى نەتەوەیى و دیموکراتیانە رێبازى بارزانى دا سەروەرى گەلێکى پڕ دەستکەوت و جێى شانازیان تۆمار کردووە. ئێمەش بۆ هەڵدانەوەى چەندین لاپەڕەیەک لەو مێژووە پڕ بەرهەمەى قوتابیان و لاوان لە بیرەوەرى 60 ساڵەى دامەزراندنى ( یەکێتى قوتابیان و لاوانى دیموکراتى کوردستان) بە پێویستمان زانى لە نزیکەوە دیمانەیەک  لە گەڵ بەڕێز(فریاد بارزانى) ئەندامى مەکتەبى گشتى  رۆشنبیرى و راگەیاندنى پێشمەرگە و سەرنوسەرى گۆڤارى پێشوى دەنگى پێشمەرگە ساز بدەین، بەڕێزیان یەکێک لە کادرە دێرینەکانى قوتابیان و لاوان و سالانێک ئەندامانى سکرتارییەتى یەکێتى قوتابیان و لاوان بووە، یەکێکە لەو قوتابیە ئاوارەکان بکە چوویتە ویلایەتى ئەمەریکا بۆ خوێندن و لەوێش خزمەتى بەرچاوى هەبووە بۆ دۆزى گەلەکەى و ناساندنى کلتورى نەتەوەکەمان بە گەلانى دونیا و پلە و بەرپرسیارەتى جۆراوجۆرى وەرگرتووە...
• ئەم کۆنفرانسى هاوبەش چۆن بووو چۆن دەستان پێکرد ؟ بەڕێزیان گوتى:
کۆنفرانسى هاوبەش لە ژێر دروشمى (بەرەو یەکگرتن بۆ رووخانى رژێم و کۆتایى هێنان بە شەڕ تا بتوانین بە ئاشتى و دیموکراسى بخوێنین) و بە (بروسکەى سەرۆکى هێژا مسعود بارزانى  دەستێپکرا  لە بروسکەکەدا هاتبوو: بەو نامەیەو لە دوورەوە دەستى  تفەنگ و پێنووسى پیرۆزى ئێوەى قوتابى و لاو دەگوشین و هیوادارین کۆنفرانسەکەتان سەرکەوتوو بێ و لە ئاستى بەرپرسیارێتى ئەم قۆناغە مێژووییەدا بێت کە میللەتەکەمان پێیدا تێ ئەپەڕێت).پاشان وتارى یەکێـتى ئافرەتانى کوردستان و نامەى پیرۆزبایى پارتى (کوک و رزگارى) خوێندرانەوە. پاشان وتارى مەکتەبى سیاسى پارتى دیموکراتى کوردستان لە لایەن هەڤاڵ فەلەکەدین کاکەیى خوێندرایەوە دواى نیوەڕۆ دوو لێژنە پێک هاتن یەکەم بۆ سەرپەرشتى کاروبارى کۆنفرانس و دووەم بۆ شرۆڤەى کردن و گەنگەشەکردنى پرۆژەکانى هەردوو رێکخراوەکە و داڕشتنى بەرنامەى نوێ. کۆنفرانسەکە سێ رۆژى خایاند لە ماوەى ئەوەسێ رۆژەدا بە بەردەوامى لە لایەن رژێمى بەعس ئەو دەڤەرە تۆپباران دەکرا، دوایین دانیشتنى کۆنفرانس کردنەوەى دەرگاى هەڵبژاردن بوو، لە ئەنجامدا ئەم هەڤاڵانە بۆلێژنەى راپەڕاندن هەڵبژێردران: (ریبوار یەڵدا، کوردستان پیرداود، حاجى عەبدولەحمان، ئیبراهیم مستەفا، عەبدوڵڵا خەلو، سمکۆ ئامێدى، فریاد بارزانى، تەیار سەلیم، ئەحمەد مەلا قاسم، عادل عەلى، دژوار فائق، رەفعەت سەعید، نەوزاد محەمەد نەجیب، ئیحسان عەبدوڵڵا ئامێدى، رزگار کەمەکى). دواى گەڕانەوەى لێژنەى راپەڕاندنى یەکێتى قوتابیان و لاوانى دیموکراتى کوردستان لە 2ى ئەیلوولى ساڵى 1986 لە بارەگاى مەکتەبى سیاسى بە ئامادەبوونى شەهیدى هەمیشە زیندوو ئیدریس بارزانى و کاک فازڵ میرانى سکرتێر و ئەندامانى مەکتەبى سیاسى هەڵبژێردران: رێبوار یەڵدا سکرتێر، حاجى عەبدولرەحمان ئەندام، ئیبراهیم مستەفا ئەندام،فریاد شفیع بارزانى ئەندام، عەبدوڵڵا خەلو ئەندام.
• ئەو ئەرکانە چى بوون کە یەکێتى قوتابیان و لاوانى دیموکراتى کوردستان لە کۆنفرانسى ئابدا لە ئاوارەیدا  لە ئەستوى خۆى گرتن؟
یەکخستنى هەردوو یەکێتى قوتابیان و لاوانى دیموکراتى کوردستان کە لەو کۆنفراسەدا بڕیارى لە سەردرا هاوکات  دەرکردنى گۆڤارێکى ناوەندى لە لایەن مەکتەبى سکرتاریەتەوە لە ژێر ناوى (پێشکەوتن)  کە لە مانگى ئەیلوولى هەمان ساڵ یەکەم ژمارەى لێ دەرچوو تاکو کۆنگرەى ئازادى ئۆرگانى یەکێتى قوتابیان و لاوانى دیموکراتى کوردستان بوو بە بەردەوامى و لە کات و ساتى خۆیدا دەردەچوو، پەرەدان بە گوشەى رێکخراوە جەماورییە کوردستانیەکان لە ئێستگەى دەنگى کوردستان هەر لە کۆنفرانسى ئابەوە تاکو راپەڕین بە بەردەوامى و بۆماوەى نیوکاتژمێر بڵاو دەکرایەوە. لە کۆنفرانسى ئابدا بڕیاردرا بە رێکخستنێکى جەماوەرى بەرفراوان و پتەو کردنى ریزەکانى هەردوو یەکێتى یەکە و پتەکردنى خەباتى سیاسى و چەکدارى، لە راستى دا هەر دواى کۆنفرانسى ئاب، رۆژ بە رۆژ رێکخستنەکانمان پتەوتر دەبوون و هەڤاڵانمان لە ناوچە رزگارکراوەکاندا لە گەڵ پێشمەرگە قارەمانەکانى لەشکرى شۆڕشگێرى کوردستان زەبرى کوشندەیان لە دوژمن دەوەشاند. یەکێک لە ئەرکە گرنگەکانى ئەو قۆناغە لە ئامێز گرتنى ئەو قوتابى و لاوانە بوو کە دەهاتنە ریزى شۆڕش یان ئەوانەى کە لە دۆزەخى شەڕى هەشت ساڵەى نێوان رژێم و ئێران هەڵدەهاتن، ئەوانەى بڕیاریان دەدا لە ریزەکانى شۆڕش خزمەت بکەن دادەمەزران، ئەوانەى بڕیاریاندەدا بۆ دەرەوەى وڵات بچن هاوکارى دەکران و بۆ سنورى لقى 8ى پارتى دیموکراتى کوردستان دەنێردران و بەم شێوەیە بە هەزاران قوتابى و لاو رزگار کران. لێرەدا پێویستە رۆڵى سەرکردایەتى پارتى لە هاوکارى و لە ناردنیان بۆ وڵاتانى تر بە تایبەت ئەوروپا زۆر بەرز بنرخێنین چونکە لەو قۆناغە دژوارەدا لە شەڕى وێرانکارى قادسیەدا بە هەزاران لاوى کوردیان راپێچى بەرەکانى جەنگ دەکرد، هەر ئەمەش بوو بە هۆى ئەوەى رۆژانە بە دەیان کەس روو لە ناوچەى رزگارکراوەکان بکەن بۆخۆ رزگارکردن لە مردنى مسۆگەر و بێهودە کە سەدامى سەر لێشێواو لە دژى ئێران بەرپاى کرد بوو، وێڕاى هاوکارى کردنى ئەو قوتابى و لاوانە، سەرکردایەتى پارتى بە بەردەوامى ئەو کەسانەى بەسەر بارەگا و رێکخراوە جەماوەرییەکان دابەش دەرکرد یان لە رێگاى بەشى پەیوەندییەکان بۆتاران دەنێردران تاکو بۆ وڵاتانى تر بنێردرێن لەوێش چەندین کادرى شارەزا بۆ ئەم مەبەستە دەستنیشان کرا بوون، بە هەزاران لاوى ترى خوێن گەرم و شۆڕشگێڕ تفەنگى شەرەفیان کردە شان و پەیوەندیان بە شۆڕشەوەدەکرد. ئەرکێکى تر قەڵاچۆ کردنى نەخوێندەوارى بوو لەناو ریزەکانى پێشمەرگەو جەماوەردا، بۆ ئەم مەبەستەش چەندین بنکەى فێرکردن و پۆلى خوێندن بۆ ئەو قوتابیانەى لە خوێندن بێ بەش کرابوون کرانەوە، لە سەروبەندى کونفرانسى ئابدا واتە لە ساڵى 1986 رژێم زیاتر لە 750 قوتابخانەى داخستبوو، بە نیازى قەڵاچۆکردنى خوێندن بوو لە کوردستاندا سەرەڕاى ئەوەى لە بەهارى هەمان ساڵدا چەندین قوتابى تیرباران کرا بوون و لە سێدارەدانى قوتابیان بەردەوام بوو، قوتابى و مامۆستا بۆ بنکەکانى مەشقى(جەیشى شەعبى) دەنێردران، هەر بۆیە دەستە دەستە قوتابى و لاو پەیوەندییان بە ریزەکانى شۆڕشەوە دەکرد لە ناوچە رزگارکراوەکانیشدا قوتابخانە دەکرانەوە مامۆستاکانیش خۆبەخشانە وانەیان بەو قوتابى و لاوانە دەوتەوە. لە راستى دا زۆر لەو قوتابیانەى ئەو ساتە کە لە قوتابخانەکانى شۆڕش دەیانخوێند ئەمڕۆ خاوەنى بڕوانامەى بەرزن. ئەرکێکى تر بەستنى کۆر و سمینار و خولى رۆشنبیرى  بوو لە ناوچە رزگارکراوەکاندا و لە ناو ریزەکانى پێشمەرگە و قوتابیان و لاواندا ئەندامانى مەکتەبى سکرتاریەت و بەرپرس و کارگێڕانى لقەکانمان بە بەردەوامى بۆ هەڤاڵانمان لە ئاوارەیى و لە ناوچە رزگار کراوەکاندا کۆڕ و سمیناریان دەبەست بە مەش هەستى وڵات پارێزى و ئاستى رۆشنبیرى هەڤاڵانمان بەرز دەبوو. چاپکردنى پەرتووک و نامیلکە و بڵاوکراوەکانى تر، مەکتەبى سکرتاریەتى یەکێتى یەکەمان چاپخانەى نەبوو، ئەوانەى بەشدارى شۆڕشیان دەکردووە دەزانن لەو سەردەمەدا کاربە رونیوئسنتسل دەکرا، بەڵام لە بارەگاى سەرکردایەتى لە راژان چاپخانەى خەبات هەبوو بڵاوکراوەکانمان لەوێ چاپ دەکرد لە بارەگاى ئێمە تەنیا رونیو هەبوو بەمەش بەیاننامە، بانگەوازو بیر خراوەى کراوە چاپ دەکران. هاندانى جەماوەرى گەلەکەمان بۆ پشت بەستن بە وزەو تواناکانى خۆى لە بەرهەم هێنانى پێداویستى یە گرنگەکانى ژیان بۆ ئەم مەبەستەش پێویست بوو لاوان و قوتابیانى پێشمەرگە دەستپێشخەرى بکەن و ببنە پێشەنگ، ئەم ئەرکەش لە ئەدەبیاتى یەکێتى یەکەمان گرنگیەکى زۆرى پێ دەدرا. هاندانى گیانى هونەرى و وەرزشى لە ناو ریزەکانى لاوان و قوتابیانى پێشمەرگە و زەمینە خۆشکردن بۆیان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، ئەو هونەرمەندانەى بۆناو شۆڕش دەهاتن هاندەدارن کارى هونەرى ئەنجام بدەن پێشانگاى جۆراوجۆر لە ناوچە رزگارکراوەکاندا و لە شارەکانى ئێران بکەنەوە پاشان چەندین هونەرمەند بۆ دەرەوە نێردران تاکو بە هونەرەکەیان تاوانەکانى رژێم ورەوایى دۆزەکەى خۆیان بە جیهان بناسێنن. پۆستەرى جۆراوجۆرى ئەم هونەرمەندانە بە هاوکارى سەرکردایەتى پارتى بە جوانترین شێوە چاپ دەکران و لە ناوەوەوەو لە دەرەوەى وڵات بڵاودەکرانەوە، لە لایەن تیپى موسیقاى شۆڕش بە دەیان سرودى نەتەوایەتى تۆمار دەکران و لە ئێستگەى دەنگى کوردستانى ئێراق و بە کاسێت بە ناو جەماوەرى گەلەکەماندا بڵاودەبوونەوە، بەمەش هەستى وڵات پارێزى زیاتر دەبوو. گرنگیمان بەوەرزش دەدا لە سنورى هەرلقێک بە تایبەتى لقى ئاوارە چەندین تیپى وەرزشى هەبوون، بە بەردەوامى هاوکارى دەکران و کەلوپەلى پێویستان بۆ ئامادە دەکرا تەنیا لە سنورى لقى ئاوارە زیاتر لە 25 تیپى وەرزشى هەبوون کە ساڵانە لە جامى سەرتاسەرى بەشدار دەبوون. هاندانى خزمەتگوزارى کۆمەڵایەتى و تەندروستى و سوود وەرگرتن لە تواناکانى هەڤاڵان لەم رووەوە و بە تایبەتى لە رووى ئامۆژگارى کردنى هاوڵاتیان بۆ پاراستنى تەندرووستى خۆیان و کردنەوەى خولى برین پێچى بە پێ توانا، بۆ ئەم مەبەستەش چەندین قوتابى و لاو بۆ ئەو دەورانە رەوانە کران کە پارتى دیموکراتى کوردستان دەیکردنەوە چەندین برینپێچ لەم خولانە دەرچوون و ئەمڕۆش برین پێچى سەرکەوتوون. کاتێک رژێم ماددەى کیمیاوى بەکارهێنا چەندین نامیلکە بۆ خۆ پاراستن لە چەکى کیمیاوى چاپ و بڵاوکرانەوە لە ناو چاپەمەنیەکاندا هەمیشە بایەخ بە خزمەتگوزارى کۆمەڵایەتى و تەندروستى دەدرا. یەکخستنى وزەو تواناکانمان لە گەڵ رێکخراوە دیموکراتى یەکانى ترى کوردستانى و ئێراقى بۆ کارى هاوبەش لە ژێر( لێژنەى باڵاى هاوکارى) دا. کاتێک راپەڕینى قوتابیان لە بەهارى 1984 دەست پێ کرا، شەهید ئیدریس بارزانى بۆ راژان بانگهێشتى کردین فەرمووى:(خۆپیشاندانى قوتابیانى کوردستان بەردەوامە پێویستە لە گەڵ رێکخراوە دیموکراتى یەکانى ترى کوردستان و ئێراق لێژنەیەک پێک بهێنن پشتیوانى خەباتى عادیلانەیان بکەن). نوێنەرى  خۆشى کە هەڤاڵ عەزەدین بەروارى بوو دەست نیشان کرد ئێمەش نوێنەرانى قوتابیان و لاوان بەرەو خواکوڕک بەرێکەوتین، یەکەم کۆبونەوەمان لە لۆلان لە ژێر تۆپ بارانى دوژمندا بەست، هەشت رێکخراوى کوردستانى ئێراقى بەشداریان تێدا کرد بوو کۆبونەوەکان سێ رۆژ خایەند لە ئەنجامدا لێژنەى باڵاى هاوکارى نێوان قوتابیان و لاوانى کوردستان وئێراق پێک هێنرا، هەر دواى دامەزراندنى لێژنەى باڵا بە دەیان بەیاننامە و بانگەوازو چاپەمەنى تر دابەزینە ناوشارو شارۆچکەکانى کوردستان و جەماوەرێکى زیاتریش بۆ ناو ریزەکانى یەکێتى یەکەمان هاتن. لە کۆنفرانسى ئابى 1986 دا بڕیاردرا ئەم لێژنەیە ئەکتیڤ تر بکرێت، لە راستى دا کارى هاوبەش هەمیشە سەرکەوتووە ئەم لێژنە یە واى کرد قوتابیان و لاوانمان زیاتر باوەڕ بە خۆ بکەن. لە راپەڕیندا دلێرانە تر بەرامبەر بە هێزەکانى رژێم بوەستن لە ئاستى دەرەوەشدا توانیان بەشدارى چەندین فیستڤال و کۆنگرە بکەن، بەسەدان قوتابى بە زەمالە بۆ خوێندن بنێرن. گرنگترین ئەرکى ئەو قۆناغە رووخاندنى رژێمى دیکتاتۆر وفاشى بەغدا بوو، بۆیە ئەو کات یەکێـتى یەکەمان هەمیشە لە هەوڵ و تەقەلادا بوو پەرە بە خەباتى خۆى بدات ئەرکى سەرەکى هوشیار کردنەوە و رێکخستن و تەیار کردنى قوتابیان و لاوانى کوردستان بوو بە هاوکارى  پارتە پێشرەوکەیان، پارتى دیموکراتى کوردستان هاوشان لە گەڵ پێشمەرگە پالەوانەکانى لەشکرى شۆڕشگێڕى کوردستان لە پێناو روخاندنى رژێمى عەفلەقى و کۆتایى هێنان بە شەڕەدۆڕاوەکەى و هێنانەکایەى حوکمێکى دیموکراتى تێدەکوشا. هەر لە دواى کۆنفراسى هاوبەش نوێنەرانى یەکێتى یەکەمان لە 16-23/11/1987 بەشداریان لە کۆنگرەى پانزەمین یەکێتى  قوتابیانى جیهانى لە هاڤاناى پایتەختى کوبا کرد کە لەو کۆنگرەیەدا بڕیار درا رۆژى نەورۆز 21 ئادار ببێتە رۆژى هاوکارى کردنى جیهانى لە گەڵ تێکۆشانى قوتابیان و گەلى کورددا. نوێنەرانى یەکێتى یەکەمان بەشداریان کرد لە 13ە مێن فسیتفالى قوتابیان و لاانى جیهان کە لە مانگى تەمموزى 1989 لە پایتەختى کۆریاى باکور بەسترا، بەم جۆرە هەوڵ و چالاکیانە توانرا هێزى زیاتر بە دەنگ و داواى دۆزى گەلەکەمان بگەیەنرێ و زیاتر هەقیانەتى ماف و داوا رەواکانمان بە گەلانى جیهانى بگەیەنین.

•  لە بارەى بڵاوکراوەکانى یەکێـتى قوتابیانى کوردستان و یەکێتى لاوانى دیموکراتى کوردستان لە ساڵى(1976- 1991)  کە لە ئاوارەییدا لە شۆڕشى گوڵاندا دەردەچوون بەمشێوەیە بەڕێز (فریاد بارزانى) هاتە ئاخەوتن:
هیواى لاوان 23 ژمارەى لێ دەرچوو، گۆڤارى لقى ئاوارە یەکێتى لاوانى دیموکراتى کوردستان بوو. دەنگى قوتابى 29 ژمارە، گۆڤارى لقى ئاوارەى یەکێـتى قوتابیانى کوردستان بوو. هیواى قوتابیان و لاوان 11 ژمارە گۆڤارى لقى ئاوارەى یەکێـتى قوتابیان و لاوانى دیموکراتى کوردستان بوو. گازیا خویندکارو لاوان ئۆرگانى یەکێتى قوتابیان و لاوانى دیموکراتى کوردستان بوو. دەنگڤەدان گازیا خویندکارو لاوان 11 ژمارە لێژنە ناوچەى زاخۆ بوو. پێشکەوتن  کە ئێستاش بەردەوامە تاکو کۆنگرەى ئازادى ئۆرگانى یەکێتى قوتابیان و لاوانى دیموکراتى کوردستان بوو ئێستا ئۆرگانى مەکتەبى سکرتاریەتى یەکێتى لاوانى دیموکراتى کوردستانە 187 ژمارەى لێ بڵاوکراوەتەوە. روژا لاوان لقى دهۆک نەینەواى یەکێتى لاوانى دیموکراتى کوردستان بوو. پێشکەوتنى رۆشنبیرى 4 ژمارەى گۆڤارى رۆشنبیرى، سیاسیى، ئەدەبى یەکێتى قوتابیان و لاوانى دیموکراتى کوردستان مەکتەبى سکرتاریەت بوو. ێداى دانش اموز 11 ژمارە یەکێتى قوتابیانى کوردستان بە ناوقوتابیانى زانکۆ و پەیمانگاکانى ئێراندا بڵاویدەکردەوەو بە زمانى فارسى چاپى دەکرد. دەنگى قوتابیان و لاوان 2 ژمارە ئۆرگانى لێژنەى باڵاى هاوکارى نێوان رێکخراوە جەماوەریەکان بوو. دەنگى قوتابیان ولاوان بە زمانى عەرەبى 2 ژمارە ئۆرگانى لێژنەى باڵاى هاوکارى نێوان رێکخراوە جەماوەریەکان بوو.نامیلکە و کتێبەکان:پەیمان، کورتە چیرۆک لقى ئاوارەى یەکێتى لاوانى دیموکراتى کوردستان. چەند هۆزانەکێن نەناڤ کرى، نووسینى راستى هرورى لقى ئاوارەى یەکێتى لاوانى دیموکراتى کوردستان. هێڤى دیوانە شیعر، یەکێتى لاوانى دیموکراتى کوردستان. بەرخودان، ژیاننامەى رێبەر مەلا حوسێن لقى ئاوارەى یەکێتى لاوانى دیموکراتى کوردستان. زێوە لە یاد ناچێـت، لقى ئاوارەى یەکێـتى قوتابیانى کوردستان. کورتەیەک لە مێژووى قوتابیانى کوردستان. بڵاوکراوەیەکى ناوخۆ، کورتەیەک لە سەر رێکخراوە جەماوەرییە کوردستانیەکان. بەڵگەنامەکانى کۆنفرانسى ئابى 1986. بڕیارەکانى کۆنفرانسى ئابى 1986. پەیِرەو و پرۆگرامى یەکێـتى  قوتابیانى کوردستان بە زمانى کوردی و عەرەبى. پڕۆگرام و پەیڕەوى ناوخۆى یەکێتى لاوانى دیموکراتى کوردستان. ێورتان من هویە واحدە(ئەحمەد قەرەنى). ئەزمونا خوێندگەهێن شۆرشى ئەحمەد قەرەنى. الافلاێ و الولا،لتقالید المهرجانات. جیم قەندیل کڕنوشى برد دیوانى هوزانڤان بلند. زەبدە دوونهۆم شانونامە کەمال هەنجیرە. دەم کوتکردنى تاوانباران. گوڵزار کومەلە چیرۆک. کردۆڵکە چیرۆک (گوندى). سروودە نیشتمانیەکانمان لقى ئاوارەى یەکێتى لاوانى دیموکراتى کوردستان. مومەکا نەڤەمرى کورتە چیرۆک راستى هرورى یەکێـتى لاوانى دیموکراتى کوردستان. فێربۆنا پیتێن لاتینى، لقى دهۆک یەکێتى قوتابیانى کوردستان. من وسائق کۆنفرانس مشترک. شاڵاوى تاوان شانۆنامە. شارى تارمایى، سیناڕیوى سینمایى. خۆپاراستن لە چەکى کیمیاوى و میکرۆبى. چۆنیەتى خۆ پاراستن لە چەکى کیمیاوى. ئەمە و جگە لە سەدان پۆستەرو وێنە و دروشمى سیاسى، سەدان بەیاننامە و بانگەوازو بیرخراوەى کراوە، سەدان پۆستەرى شەهید و ژیاننامەى شەهیدان.
•  بەڕێزتان بەشدارداستانى خواکوڕک کردووە رۆڵى یەکێتى قوتابیان و لاوانى دیموکراتى کوردستان لە داستانە چى بوو؟ بەڕێز (فریاد بارزانى گوتى):
بەراستى داستانى خواکوڕک وەچەرخانێکى مێژوویى بوو لە 19/7/1988 دەستى پێ کرد بۆ ماوەى 50 رۆژ بەردەوام بوو، ئەم داستانە بەسەرپەرشتى راستەخۆى سەرۆک مسعود بارزانى ئەنجام درا، سەرکەوتنى داستانى خواکوڕک تەنیا مەبەست و کاریگەرییەکى سەربازیانە نەبوو، بەڵکو چەندین مەبەست و ماناى سیاسیش لە خۆ گرتبوو پێشمەرگەى پارتى و بارزانى بۆ مێژوویان سەلماند کە زەبرو زەنگى دوژمن چەند کاریگەرو دڕندانە بێت ناتوانێت چیاکانى کوردستان لە پێشمەرگە جیا بکاتەوە و زەفەر بەگیانى کوردایەتى و نەتەوایەتى مرۆڤى کورد ببات. ئەگەڕ لێکوِڵینەوەیەکى ورد بۆ داستانى خواکوڕک بکرێت لە مێژووى جەنگ و داستانەکاندا داستانى وا گەورە تۆمار نەکراوە، چونکە دوژمن بە چەندین  هەزار سەرباز و بە هەموو چەکێکى پێشکەوتوو بە شەو بە رۆژ هێرش بۆ سەرسەنگەرەکانى پێشمەرگە دەهێنا بەڵام ورە و بیروباوەڕى بەرزى پێشمەرگە ئەوەندە  بەرز بوو دوژمنى ناچار کرد پاشەکشە بکات و سەریان لە  تاشە بەردەکانى شاخە سەرکەشەکانى خواکوڕک دا و هەزاران لاشەیان لەو دەڤەرە بە جێ ماو زیانێکى سیاسى و سەربازى و ماددى زۆریان بەر کەوت. لە داستان خواکوڕک دا  هەموو رێگکارێکى پێشکەوتووى لەشکرى رچاو کرا بوون هەر فەرماندە و پێشمەرگەیەک دەیانزانى دەبێ چۆن بەرگریەک بکات کادر دەیزانى دەبێ چۆن هاوکارى بەڕەکانى جەنگ بکات لە ناو داستانەکەو لە پشت داستانەکە لێژنەیەک پێک هاتبوون، یەکێتى یەکەشمان بە هەموو تواناى خۆى بەشدارى داستانى خواکوڕکى کرد بە دەیان قوتابى ولاوى پێشمەرگە لەو داستانە دا بەشدار بوون. داستانى خواکوڕک دەسکەوتێکى سیاسى و سەربازى زۆر گەورە بوو، خۆراگرى گەلەکەمان و مانەوە و بەردەوامى خەباتى ئازادیخوازیانى بە گوێى دونیادا دایەوە، بە هۆى ئەو داستانە مێژووییەوە ئەو ئاسەوارە مەعنەوەى و سەربازیانەوە سڕایەوە کە لەژێر کاریگەرى تاوانەکانى کیمیاباران و ئەنفالکردنى کوردستاندا باڵى بە سەر خاک و گەلەکەماندا کێشا بوو. ئەوەى پێشمەرگەى پارتى لەو داستانەدا تۆمارى کرد بە هەق شۆڕش بوو لە ناو شۆڕشدا و بووە دەستپێکێکى تر و لێرەوە ئاسۆى راپەڕین بە دەرکەوت.
• لە بارەى رۆڵى یەکێتى قوتابیان و لاوانى دیموکراتى کوردستان لە راپەڕینى بەهارى 1991 بەرێزیان گوتى:
راپەڕین وەک ئەنجامى خەبات و قوربانیدانى گەلەکەمان و هاتنە ئاراى هەلومەرجێکى لە بار بووە وەرچەخانێکى مێژوویى و واقیعێکى تازەى بە دوا هات. بێگومان لە چوارچێوەى ئەو ئامادە سازییەى لە دواى پێشبینیەکانى سەرۆک بارزانى کە لە داستانى خواکوڕک خستیەڕوو، ئێمەش وەک رێکخراوەکانى قوتابیان و لاوان بەشدار بووین و لە 25/1/1991 لێژنەى راپەڕاندنى یەکێـتى قوتابیان و لاوانى دیموکراتى کوردستان کۆبووینەوە و بەرنامەى خۆمان بۆ بەشدار بوون لە ڕاپەڕین داڕشت هەڤاڵانمان بەسەر میحورەکاندا دابەش کرد بەمشێوەیە: هەڤاڵان رێبوار یەڵدا و رەفعەت سەعید و کوردستان پیرداود  دانران لە سکرتاریەت بمێننەوە. میحورى سلێمانى: هەڤاڵان حاجى عەبدولرەحمان و فریاد بارزانى.میحورى کەرکوک: هەڤاڵان ئیبراهیم مستەفا و دژوار فائق. میحورى هەولێر: هەڤاڵان عەبدوڵڵا خەلو و عادل عەلى. میحورى دهۆک: هەڤاڵان ئیحسان و تەیار سەلیم رزگار کوردستانى. دواى  ئەوەى راپەڕین  دەست پێ کرا هەڤاڵانمان هاوشان لە گەڵ پێشمەرگە قارەمانەکاندا بەرەو میحورەکانیان بەرێکەوتن بۆ هەر میحورێک ژمارەیەکى زۆر بڵاوکراوەمان ئامادە کرد بوو، دواى بڵاوکردنەوەى چاپەمانیەکانمان بارەگاى خۆمان دامەزراند و لە سنورى هەرشارێکدا کەوتینە جموجوڵ چالاک نواندن. لە ماوەى سێ ساڵ کارکردن لە کوردستانى ئازاد دا توانیمان رێکخستنەکانى خۆمان لە سەرتاسەرى کوردستان دابمەزرێنین هەر لقێک گۆڤارى تایبەتى خۆی هەبوو ئەو گۆڤارانەى لەو سەردەمەدا چاپ دەکران بریتى بوون: پێشکەوتن، خامە، پێشڕەو، بابەگوڕگوڕ، مژدە، گازیا خوێندکاراو لاوان و بەدەیان نامیلکە و چاپەمەنى ترمان هەبوو. لە سنورى هەر لقێک و چەندین شارۆچکەش دا توانیمان 9 رادیوى F.M دابمەزرێنین. لە کۆتاییدا هەزاران هەزار سڵاو لە گیانى پاکى شەهیدانى رێگاى رزگارى کوردستان و شەهیدانى بزوتنەوەى قوتابیان و لاوان و سەرقافلەى شەهیدان بارزانیى نەمر و شەهید ئیدریس بارزانى هەمیشە زیندوو.

بەڕێز (فریاد بارزانى) لە چەند دێڕێکدا:
- فریاد شەفیع بابو لە ساڵى 1956 لە شارى موسڵ لە دایک بووە.
- لە شۆڕشى ئەیلولى مەزندا ئەندامى یەکێتى قوتابیانى کوردستان بووە.
- لە سەرەتاى شۆڕشى گوڵانى نیشتمانى پێشکەوتنخواز لە ساڵى 1976 شەرەفى ئەندامەتى لە ریزەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان وەرگرتووە.
- لە ساڵانى 1979 تاکو 1983 کادرى راگەیاندنى لقى 7ى پارتى دیموکراتى کوردستان بوو.
-  ئەندامى کۆمەڵەى خوێندکارانى کوردستان لە ئەمریکا بوو.
- ئەندامى کۆمەڵەى هونەرە جوانەکانى کوردستان لە ئەمریکا بوو.
- لە کۆتایى ساڵى 1983 کارگێڕ لقى ئاوارەى یەکێتى لاوانى دیموکراتى کوردستان بووە.
- لە کۆنفرانسى ئابى ساڵى 1986 ئەندامى مەکتەبى سکرتاریەتى یەکێـتى قوتابیان و لاوانى دیموکراتى کوردستان بوو.
- لە ساڵى 1997 تاکو ئێستا ئەندامى گشتى رۆشنبیرى و راگەیاندنى پێشمەرگەیە.
- ئەندامى کاراى سەندیکاى رۆژنامەنووسانى کوردستانە.
تیبنى: ئەم بابەتە لە ژمارەى (4263)ى رۆژنامەى خەبات (20/2/2013) بڵاو بوویتەوە.


سەفەر یوسف میرخان ژاژوکى

هەواڵی پەیوەندیدار