٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

" بوردومانی زێوە ئەو کارەساتەیە برینەکەی تاھەتایە ساڕێژ نابێت"

سەرچاوە: KDP.info

لە نێوان ساڵانی ١٩٨٠ تا ١٩٨٨ ڕژێمی بەعس نۆ جار  ئۆردووگای زێوەی لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان کردە ئامانج کە ئاوارەکانی دوای خیانەی ١١ی ئادار تێیدا نیشتەجێ بوون و یەکێک لە شایەتحاڵەکانی ڕووداوەکە دەڵێت، بەھۆی بوردومانی زێوە ١٥٠ ئاوارە شەھید بوون و لە نێوانیاندا ژن و منداڵ ھەبوون.

خۆشەوی کانیەلنجی، نووسەر و شایەتحاڵی کۆمەڵکوژیی زێوە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ڕێککەوتنی خیانەتکارانەی جەزائیر بە ھەزار ھاووڵاتی ماڵوحاڵی خۆیان بەجێ ھێشت و بەرەو ئێران ئاوارە بوون، مانگی سووری ئیران لە  ئۆردووگای زێوە کەمپێکی گەورەی بۆ ئاوارەکان دروست کرد، کەمپەکە نزیکەی ١٧ ھەزار ئاوارەی تێدا بوو، دوای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ئەو ئاوارانەی ڕاگوێزرابوون بۆ شارەکانی دیکەی ئێرانیش گەڕانەوە ڕۆژھەڵاتی کوردستان و لە زێوە و نەغەدە و شنو و ورمێ نیشتەجێ بوون، واتە ژمارەیەکی زۆر پەنابەری سیاسی لە زێوە نیشتەجێ بوون."

ئەو شایەتحاڵەی ڕووداوەکە دەشڵێت: "ئۆردووگای زێوە زیاتر لە نۆ جار لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی ئەوکاتی عێراقەوە بوردومان کرا، بەڵام  بوردومانی ڕۆژی ٩/٦/١٩٨٥ کارەساتی گەورەی لێ کەوتەوە، کە لە کاتژمێر نۆی بەیانیی ڕۆژی ٩/٦ ژمارەیەک فڕۆکەی ڕژێم بۆردومانی زێوەی کرد و لە ئەنجامدا ١٥٠ ھاووڵاتیی سڤیل شەھید بوون و ٣٧٣ کەسی دیکەش بریندار بوون، تا ئێستاش بەشێک لە بریندارەکان بەھۆی سەختیی برینەکانیانەوە کەمئەندام بوون و چارەسەر وەردەگرن."

خۆشەوی کانیەلنجی، کە لە بۆردومانی زێوەدا کوڕێک و برایەکی شەھید بوون، گوتی: "ئەوەی لە زێوە ڕووی دا کارەساتێکی ئێکجار گەورە بوو بەسەر گەلی ئێمەدا ھات لەسەر دەستی ڕژێمی بەعس، چونکە دوور لە ھەموو بەھایەکی مرۆڤایەتی فڕۆکەی جەنگی دژ بە پەناھەندەی سیاسی بەکار ھات و زۆربەی قوربانییەکانیش ژن و منداڵ بوون، دوای کارەساتەکە خەڵکی شەرەفمەندی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بە ھانای ئێمەوە ھاتن و ئۆردووگای زێوە چۆڵ کرا، خەڵکی پەناھەندە ڕوویان لە ناوچەکانی تەلگەوەڕ و مەلگەوەڕ و دەشتەبێڵ و شنۆ کرد.''

خۆشەوی کانیەلنجی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "سەرەڕای ئەو کارەساتەی بەسەر ئێمەدا ھات، بەڵام ئاوارەکان زیاتر خۆڕاگر بوون لەسەر بەرەنگاربوونەوەی ڕژێمی بەعسی لەناوچوو، تەنانەت کەسوکاری شەھیدان ھاواریان دەکرد، ئەوانەیشی ماون دەیانکەینە قوربانیی خاکی پیرۆزی کوردستان."

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار