٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

جێگری پارێزگار: سەرجەم زەوییە كارتەكان تاپۆ دەكرێن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بڕیاری داوە پەلە بكرێت لە پرۆسەی تاپۆكردنی زەویی كارت و جێگری پارێزگاری ھەولێریش دەڵێ، لە سنووری ھەولێر پرۆسەی تاپۆكردنی زەویی كارت بەردەوامە و ھەموو زەوییەكان تاپۆ دەكرێن.

مەسعوود كاڕەش، جێگری پارێزگاری ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ساڵانی پێشوو لەلایەن حكوومەتی ھەرێمی كوردستانەوە ژمارەیەكی زۆر زەوی بەسەر ھاووڵاتییاندا دابەش كراوە، بەڵام زەوییەكان بە شێوەی كارت دابەش كرابوون و تاپۆ نەكرابوون، ئەوەش كێشەی بۆ ھاووڵاتییان دروست كردبوو، چونكە نەیاندەتوانی ئەو زەوییانەی بە شێوەی كارتن، بەكار بێنن."

جێگری پارێزگاری ھەولێر گوتیشی: "تەنیا لە سنووری پارێزگای ھەولێر نزیكەی ١٠٠ ھەزار پارچە زەویی كارت تاپۆ كراون و بڕیارە ئەوانەیشی ماون تاپۆ بكرێن، پرۆسەی تاپۆكردنی زەویی كارتیش لە سنووری شاری ھەولێر بەردەوامە و دوای تاپۆكردنیان، مۆڵەتی دروستكردنی خانووشیان پێ دەدرێت."

كاڕەش ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "تاپۆكردنی زەویی كارت یەكێكە لە ھەنگاوەكانی حكوومەت بۆ ئەوەی كێشەی زەوی كەمتر بكرێتەوە و ھاووڵاتییان بتوانن بۆ دروستكردنی خانوو بەكاری بێنن، فەرمانگەكانی تاپۆش بە ھەماھەنگی لەگەڵ فەرمانگەكانی دیكەی حكوومەت، ڕۆژانە سەرقاڵی پرۆسەی تاپۆكردنی ئەو زەوییانەن كە ھێشتا بە شێوەی كارت ماون و بە تەواوبوونیان ھیچ زەوییەكی كارت نامێنێت و ھەموویان دەكرێنە تاپۆ."

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار