ئەنجومەنی وەزیران 19 ملیار دیناری بۆ كچ و كوڕی شەهیدان تەرخان كرد

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، خەرجكردنی بڕی پارەی تەرخانكراوی ساڵانە بۆ كرێی خوێندنی كچ و كوڕی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لە هەرێم كوردستان بەردەوامە و، بۆ ئەوەش لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بڕی 19 ملیار دینار لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی داراییەوە تەرخان كرا، كە كرێی خوێندنی ساڵانی 2018 و 2019 و ساڵانی پێشترە.
داماو محەمەد، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، وەك وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێم دەستیان بە دانەوەی قەرزی ساڵانەی كرێی خوێندنی كوڕ و كچی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی كردووە، ئێستاش پرۆسەكە دەستی پێكردووە، ئەوی دیكەشی ئاڕاستەی گەنجینەكان كراوە بۆ وردبینی و لە دوای دڵنیابوونەوە لە ناوی قوتابیانی سوودمەندبوو، چەكی پارەكە ئاڕاستەی ئەو زانكۆیە دەكرێت كە لێی دەخوێنێت، بەپێی ڕێنماییەكان لە ئێستادا تەنها كرێی خوێندنی ئەو قوتبیانە خەرج دەكرێت، كە لە ناوخۆی هەرێم درێژە بە خوێندن دەدەن.
محەمەد گوتیشی: "بەپێی بەش و ئاستی كوالیتی خوێندنی زانكۆ و ئەو ڕیزبەندییەی كە لەلایەن خوێندنی باڵاوە دیاری كراوە، كرێی هەر ساڵێكی خوێندن بۆ هەر قوتابییەك دیاری دەكرێت، بۆ نموونە كرێی خوێندنی زانكۆی كوردستان لە هەولێر ساڵانە 12 ملیۆن دینارە و بۆ هەر چوار ساڵاكە بۆی خەرج دەكرێت".
بە ڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی شەهیدان ڕوونیشی كردەوە: "بەدەر لە هەموو ئەمانە، لە ئێستادا لەلایەن وەزارەتمانەوە لیژنە پێك هێنراوە و هەنگاوی پێویست گیراوەتە بەر بۆ دانەوەی تەواوی قەرزەكان و هەوڵەكانی وەزارەتمان لەم ڕووەوە بەردەوام دەبێت بۆ خزمەتی زیاتری كچ و كوڕی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی، بە تایبەت ئەوەی پەیوەندی بە بابەتی ڕێكخستنەوە و پێداچونەوەی دەرماڵەی كوڕ و كچانی شەهیدەوە هەیە، چونكە لە خەرجكرنی دەرماڵەكان نایەكسانی و جیاوازی هەیە".
ئەرسەلان ئەحمەد




