٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دیندار زێباری: ئەو ناوچە سنوورییانەى پەکەکەى لێیە هێنانی مادده‌ی هۆشبه‌ری زیاتر لێوه‌ ده‌رده‌كه‌وێ

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ڕێکخەرى ڕاسپاردەنێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتى هەرێمى کوردستان، چه‌ند داتا و ئامارێكی خسته‌ روو و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ئه‌و ناوچه‌ سنوورییانه‌ی چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ی لێیه‌، هێنانی مادده‌ی هۆشبه‌ری زیاتر لێوه‌ ده‌رده‌كه‌وێ.

ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌ لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنووسیدا، دیندار زێباری، ڕێکخەرى ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند: هەرێمى کوردستان پابەندە بە هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان لە بارەى ئازادیى ڕادەربڕین و ڕۆژنامەگەرى و لەو چوار چێوەیەشدا چەند هەوڵێک دراوە بۆ پێشخستنى پرۆسەى یاسایی و پەرەپێدانى تواناکان، بۆ ئەو مەبەستەش چه‌ند هاوکارییه‌‌ك هەبێت، بۆ ئەوەى هەریەک لە خاچی سوورى نێودەوڵەتى و یونامى بۆیان هەیە بەردەوام سەردانى بەندیخانەکان بکەن، لەمساڵیشدا ١٤ سەردانیان بۆ بەندیخانەکان ئەنجام داوە و ٦٠ بەندکراویان بینیوە.

لەبارەى ڕاپۆرتی وابه‌سته‌ به‌ بواری ڕۆژنامەنووسی، لە ماوەى پێنج مانگى ئەمساڵ بەراورد لەگەڵ ساڵى ڕابردوو %٥٠ى پێشێلکارییەکان کەمیان کردووە.

لەبارەى ڕێکخستنەوەى هێزەکانیش دیندار زێباری باسی لەوەکرد، کە هەرێمى کوردستان بە پێی یاساى چاکسازى پلانى چاکسازى جێبەجێ دەکات و بەپێی ئەو پلانە بودجەى هێزەکانى پێشمەرگە یەک دەخرێت و هەموو هێزەکان بەو هۆیەوە دێنە ژێر چەتری وەزارەتى پێشمەرگە و تا ئێستا ١٦ لیوا هاتوونەتە ناو وەزارەتەوە، لەگەڵ ئەوەى کە پێشتر ئەو هێزە ڕیک نەخرابوون، بەڵام هەموویان لەژێر یەک سەرکردایەتى و فەرماندا جموجۆڵیان پێ کراوە و لە شەڕی دژی داعشدا تا ئێستا هەزار و  ٧١٩ پێشمەرگە شەهید بوونە و ١٠ هەزار و ٣٦٩ پێشمەرگە بریندار بوونە و ٥٩٦ پێشمەرگە پەکیان کەوتووە و ٤٧ پێشمەرگەش بێسەروشوێنن.

باسی لەوەش کرد لە چوار چێوەى دەستەى دەستپاکیدا تا ئێستادا ٣٢٩ بڕیار لەچوارچێووەى بڕیاری یاسایی لە دادگاکانەوە دەرچوون بۆ ١٣٢ دۆسیە کە تاوەکو ئێستا لە دادگاى تاوانەکان لەژێر لێکۆڵێنەوەدان، چونکە ١٩٥ دۆسیە ئاراستەى دادگا کراون.

لەبارەى ئاماژەکانى کەمئەندامانیش دیندار زێباری ڕایگەیاند کە سەرەتا لیستى کەمئەندامان ١٠١ هەزار بوون، بەڵام دواى چاکسازى و ئەنجامدانەوەى پشکنین بۆیان ئێستا ژمارەکە بۆ ٨٨ هەزار و ٢٦٣ کەس کەمى کردووە، کە نزیکەى ٢٣ هەزار کەس کەمى کردووە لە کەمئەندامان.

ڕوونیشی کردەوە کە ١٥٦ جموجۆڵى داعش لە سێ مانگى ئەمساڵ هەبوون و ٥١ کردەى تیرۆریستیان ئەنجام داوە و کۆی گشتى ئەوانەى شەهید بوونە لەو ماوەیەدا ١٣٣ شەهید بوون و ١١٨ بریندار و ١١ حاڵەتى برینداریش تۆمارکراون.

لە ساڵى ٢٠١٤وە تا ئێستا چالاکى هێزەکانى ئاسمانى هاوپەیمانان دژى داعش ٩٩ هەزار هێرشی ئاسمانییان دژى تیرۆرستان ئەنجام داوە و بەو هۆیەشەوە ١٢ هەزار و ٥٣ تیرۆرستیان کوشتووە.

لەبارەى جموجۆڵەکانى پەکەکە لە سنوورەکاندا دیندار زێباری گوتى: بەهۆی جموجۆڵى چەکدارانى پەکەکە لە ساڵى ١٩٩٥وە تا ئێستا ٨٥ گوند لە سنوورى ناحیەى شیلادزێ چۆڵ کراون، بە گشتیش ٦٦٩ گوند لە قەزاى ئامێدى لەلایەن پەکەکەوە ڕێگرى لە خەڵکى ئه‌و ناوچەیە دەکرێت بۆ گەڕانەوە.

لەبارەى ئاوارە و کەمئەندامانیشەوە، ڕێکخەرى ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتى لە ئێستادا ٩٩٢ هەزار ئاوارە و پەنابەر لە کوردستان لە ٣٥ کەمپدا داڵدە دەدرێن، کە  ٧٠٠ هەزاریان ئاوارەى عێراقین و ٢٣٠ هەزاریان پەنابەرى سوریان.

سەبارەت بە ڕێککەوتنى شنگال لە نێوان حکوومەتى عێراق و هەرێمى کوردستانیش، دیندار زێباری ڕوونى کردەوە کە لە ساڵى ٢٠١٤وە تا ئێستا ٣هەزار و ٥٤٣ ئێزدى لە دەستى داعش ڕزگار کراون، کە ئەوەش هێزەکانى پێشمەرگە ئازادى کردوون، نوێنەرى نەتەوەیەکگرتووەکانیش پێداگیری لەسەر جێبەجێکردنى ڕێککەوتنى شنگال دەکات.

گوتیشی: سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان واژۆى لەسەر ڕەشنووسی یاسایەک کردووە، بۆ ئەوەى یاسایەک هەبێ سەرانى داعش لە کوردستان دادگایی بکرێن، ئەوەش دواى ئەوەى کە هەزارن بەڵگەمان کۆکردوونه‌تەوە بۆ ئەوەى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى هاوکارمان بێ بۆ ئەوەى ئەو پرۆسەیە لە کوردستان بەڕێوە بچێت.

لەبارەى مادەدەى هۆشبەریشەوە ڕوونى کردەوە کە لە ئێستادا ٣هەزار و ٨٩ کەس ئێستا لە بەندیخانەکاندا وەک قوربانى و بازرگانى ماددە هۆشبەرەکانن، کە لە ساڵى ٢٠١٩ و ٢٠٢٠دا دەستگیرکراون کە ئەوانەش وەک مەترسی دەبینرێن.

باسی لەوەش کرد کە ئەو ناوچە سنوورییانەى، کە هێزەکانى پەکەکەى لێیە بووه‌تە هۆی ئەوەى کە جمجۆڵى هاوردەکردنى ماددە هۆشبەرەکانی زیاتر لێوە دەرکەوێ.

لەبارەى گەشەکردنى کوردستانیشەوە زێباری باسی لەوەکرد: لە ئێستادا کەرتى وەبەرهێنان گەشەکردنى تەواوى بە خۆیەوە بینیوە و لەگەڵ ئەوەى وەبەرهێنەرانى ناوخۆ کار دەکەن، لە ئێستادا %٩ى کەرتەکە لەدەست وەبەرهێنەرانى بیانین.

 

خێڵان به‌ختیار

هەواڵی پەیوەندیدار