٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

85 ملیۆن دینار بۆ سێكتەری ئاوى زاخۆ خەرج دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

زاخۆ-KDP.info- به‌ڕێوەبه‌رى راگه‌یاندنى وه‌زاره‌تى شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشكراى ده‌كات، حكوومه‌تى هه‌رێم 85 ملیۆن دینار بۆ سێكتەری ئاوى زاخۆ خەرج دەكات، كه‌ كاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بەرزكردنەوەی ئاستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی ئاو لە قەزاكە دەبێت.

كوردۆ عومه‌ر، به‌ ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى پارتى دیموكراتى كوردستانى رایگەیاند، بە گوژمەی زیاتر لە 85 ملیۆن دینار و لەسەر 17%ی داهاتی ماوە، بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی زاخۆ، ژمارەیەك پرۆژەی خزمەتگوزاریی ئاوی خواردنەوە لە قەزای زاخۆ جێبەجێ دەكات، كە ئەو پرۆژانە كاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر بەرزكردنەوەی ئاستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی ئاو لە قەزاكە دەبێت.

به‌ڕێوەبه‌رى راگه‌یاندنى وەزاره‌تى شارەوانی و گەشتوگوزار گوتیشی، دوای ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بە گوژمەی 85 ملیۆن و 725 هەزار دینار لەسەر 17%ی داهاتی ماوەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی زاخۆ، چوار پرۆژەی خزمەتگوزاری لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەكەوە بۆ قەزای زاخۆ جێبەجێ دەكرێن.

ناوبراو سه‌باره‌ت به‌ پرۆژه‌كانیش گوتى، پرۆژەكان بریتین له‌ دابینكردنی پەمپ لەگەڵ كەلوپەلی چاككردنەوەی پرۆژەی ئاوی قەزای زاخۆ (بە گوژمەی 21،500،000) دینار، له‌گه‌ڵ چاككردنەوەی كۆمپرێسەری هەوایی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی زاخۆ (بە گوژمەی 28،500،000)دینار و، دابینكردنی گازوایل بۆ بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی زاخۆ (بە گوژمەی 16،500،000) دینار، له‌گه‌ڵ چاككردنەوەی تۆڕی ئاو بۆ بەشێك لە گەڕەكەكانی قەزای زاخۆ (بە گوژمەی 19،225،000) دینار.

 

نه‌شوان به‌رزنجى

 

هەواڵی پەیوەندیدار