"پەکەکە گۆڕەپانی سیاسی خۆی جێھێشتوەو دەیەوێ لێرە پەردەپۆشی شکستەکانی بکات"

ھەولێر-KDP. info- هێرشی په‌كه‌كه بۆ سه‌ر هێزی پێشمه‌رگه، كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیی زۆر نیگه‌ران كردووه، كاردانه‌وه‌كان دژی په‌كه‌كه تا دێت فراوانتر ده‌بێت، چونكه ئه‌و هێرشه‌ی په‌كه‌كە جۆرێك لێدانە له پرۆژه‌ی كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ئارامیی ناوچه‌كه، ئه‌مه‌ش زیان ده‌گه‌یه‌نێت به مانه‌وه‌ی په‌كه‌كە له هه‌رێمی كوردستان و چیی تر ناتوانن له كوردستان درێژه به‌و سیاسه‌ته بده‌ن.
ڕۆژی 5ی 6ی 2021 چه‌كدارانی په‌كه‌كه له چیای مه‌تین هێرشیان كرده سه‌ر هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و له ئه‌نجامدا 5 پێشمه‌رگه شه‌هید بوون، له كاردانه‌وه‌یه‌كدا هه‌ریه‌كه له سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم و حكوومه‌ت و په‌رله‌مان ئیدانه‌ی هێرشه‌كه‌یان كرد، هێرشی په‌كه‌كه بۆ سه‌ر هێزی پێشمه‌رگه له كاتێكدایه پێشتر ئه‌و هێزه كرده‌ی كوشتنی دیپلۆماتكار و سیاسه‌تمه‌دارانی له شاری هه‌ولێر كردووه، دیاترینیان كوشتنی دیپلۆماتكارێكی توركیا بوو له ڕیستۆرانتی ''هۆكه‌باز''. ده‌ستدرێژییه‌كانی په‌كه‌كه تا دێت زیاتر ده‌بێت، كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی له‌و بارەیە‌وه نیگه‌رانه و پێی وایه ئه‌وه‌ی په‌كه‌كه ده‌یكات جۆرێكه له تێكدانی دۆخه‌كه. سه‌فین دزه‌یی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە هێرشی پەکەکە بۆ سەر هێزی پێشمەرگە لە چیای مەتین بە ماڵپەڕی فه‌رمیی پارتیی ڕاگەیاند: "بەداخەوە کردەوەکانی ڕابردوو و ئێستای پەکەکە وامان نیشان دەدات کە هیچ گەرەنتییەک نییە کە لە داهاتوودا دووبارە نەبێتەوە، لە ساڵی ١٩٩٢ەوە تاوەکوو ئێستا پەکەکە هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدا بوو کە قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان تێک بدات و خۆی بسەپێنێت و وەک جێگرەوەیەک خۆی نمایش دەکات، گۆڕەپانی سیاسیی خۆی جێ هێشتووە و لەوێ ئیفلاسی سیاسی و کۆمەڵایەتی و سەربازیی کردووە و دەیەوێ ئەو شکستەی پەردەپۆش بکات و خۆی لەسەر هەرێمی کوردستان بسەپێنێ و ئەو ناوچانە کۆنتڕۆڵ بکات".
گوتیشی: "لە ساڵی ٢٠١٤ هێزەکانی پێشمەرگە بەهۆی شەڕی داعشەوە بەشێکی زۆری ناوچە سنوورییەکانیان جێ هێشت و چوونە سەنگەرەکانی بەرگری بەرانبەر بە تیرۆریستانی داعش، پەکەکە ئەو هەلەی قۆستەوە و ئەو ناوچە سنوورییانەی داگیر کرد. لە کاتێکدا کە ئەو ناوچانە پێویستیان بە ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزاریی زیاتر هەیە، پێشمەرگە هەندێ جووڵەی بۆ ئەو ناوچانە کردووە، بەڵام بەداخەوە پەکەکە هەوڵی ڕێگری دەدات و چەندین جار بۆسەیان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە داناوەتەوە و ڕێگاکانیان مینڕێژ کردووە، بەو هۆیەوە چەندین پێشمەرگە و ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانی دیکەی کوردستانیان شەهید و بریندار کردووە".
دوای هێرشه‌كه‌ی په‌كه‌كه له به‌یاننامه‌یه‌كدا کۆنسووڵخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە هەولێر ڕاگەیەندراوێکی لە پەیجی خۆی لە فەیسبووک بە زمانی کوردی و ئینگلیزی و عەرەبی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا هاتووە: "بە توندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشی مەرگهێنی پەکەکە دەکەین کە دژی هاوبەشانی ئازامان لە ڕیزی پێشمەرگە کردوویانە".
کۆنسووڵخانەی ئەمەریکا لە شاری هەولێر هاوخەمیی خۆی بۆ کەسوکاری قوربانیانی ڕووداوەکە دەربڕیوە و ڕایگەیاندووە: "هاوشانی هاوڕێیانمان لە هەرێمی کوردستانی عێراق ڕادەوەستین و پابەندبوونی خۆمان دووپات دەکەینەوە بۆ پێکەوە کارکردن بۆ بەرقەرارکردنی ئاسایش لە ناوچەکەدا."
هەر ئەمڕۆ باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: "بە توندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشە کوشندەکەی پەکەکە بۆ سەر پێشمەرگە هاوپەیمانە ئازاکانمان دەکەین".
دزەیی ئاماژەی بە ئەوەش دا: "پەکەکە دەستدرێژی دەکات و بێڕێزیی بەرانبەر بە قەوارەی سیاسی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی هەڵبژێردراو و حەز و خواستی خەڵکی کوردستان دەکات، ئەگەر پرسیاری ئەوە بکەین ئاخۆ پەکەکە لە باکووری کوردستان چی کردووە و ئەوە ڕوونە کە هەبوونی پەکەکە بووەتە هۆی چۆڵکردنی هەزاران گوند و شارۆچکە و ئاوارەبوونی چوار بۆ پێنج ملیۆن کورد بۆ شارە گەورەکانی تورکیا و هیچ دەستکەوتێکیشیان بۆ باکوور نەبووە".
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند: "پەکەکە لە گۆڕەپانی سیاسیی ڕۆژئاوای کوردستانیش خۆی سەپاندووە و کۆمەڵێک کێشە و دووبەرەکیی لەنێو کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان دروست کردووە و بەهەمان شێوەش دەیەوێ لە هەرێمی کوردستانیش خۆی بسەپێنێ، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەمیشە پشتیوانی هەرێمی کوردستان بوونە بە سەقامگیرییەکەیەوە، هەروەها وەک پەناگەیەک بۆ ئاوارە و پێکهاتەکان، لایەنگری ئەوەن کە لە هەرێمی کوردستان سەقامگیری و خۆشگوزەرانی و پێکەوەژیان هەبێت و بەدڵنیایییەوە لایەنگری ئاژاوە و دووبەرەکی نین".
دوای به‌یاننامه‌ی كونسووڵی ئه‌مه‌ریكا، ئۆلیڤەر دیکۆتینگنیس، کۆنسووڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا له‌باره‌ی هێرشی په‌كه‌كه بۆ سه‌ر پێشمه‌رگه نووسیویەتی " کۆنسووڵخانەی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر سەرەخۆشیی خۆی ئاڕاستەی گەلی کورد و خانەوادەی ئەو پێنج پێشمەرگانە دەکات کە لە هێرشەکەدا شەهید بوون."
کۆنسووڵی گشتیی فەرەنسا هاوخەمیی بۆ کەسوکاری قوربانیان و برینداران دەردەبڕی و، دەڵێت: "پێشمەرگە لە چوارچێوەی دەستووری فیدراڵیی عێراقدا ئەرکی خۆیان بەجێ دەهێنن و ئەوکاتەی هێرشیشیان کراوەتە سەر، لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکی خۆیاندا بوونە."
سه‌فین دزه‌یی جەختشی کردەوە کە دوای ڕووداوەکەی هێرشکردنە سەر هێزەکانی پێشمەرگە لەلایەن چەکدارانی پەکەکەوە، زۆربەی کونسووڵخانەکانی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان پەیوەندییان بە ئێمەوە کرد و نیگەرانیی خۆیان دەربڕی و ئیدانەیان کرد، گوتیشی: "هیوادارین کۆمەڵگەی کوردستان پاڵپشتی هێزی پێشمەرگە کوردستان بن، چونکە پێشمەرگە بەرگریی لە خەڵک و خاک و نیشتمان دەکات و هەر شوێنێک بەپێویست بزانرێت لە سنووری هەرێمی کوردستان ئەوا زۆر ئاسایییە هێزی پێشمەرگە جووڵەی پێ بکرێت بۆ پاراستنی ئەو ناوچانە، بۆ پەکەکە نییە کە ڕێگە بە پێشمەرگە بگرێت، یان پرسی پێ بکرێت بۆ چوونی هێزی پێشمەرگە بۆ هەر ناوچەیەک، ئەمە نە لە ڕووی عورفی دیپلۆماسی و نە لە ڕووی دەستوور و یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە ڕاست نییە، هیوادارین پەکەکە بە خۆیدا بچێتەوە و واز لە هەوڵی ئاژاوەگێڕی بهێنێت".
دوای فه‌ره‌نسا، كونسووڵخانه‌ی ئه‌ڵمانیا له هه‌ژماری خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی تویته‌ر نووسیویه‌تی: "هێرشە بکوژییەکەی دوێنێی پارتی کرێکارانی کوردستان بۆ سەر پێشمەرگە ئیدانە دەکەین". هه‌روه‌ها سه‌ره‌خۆشی و هاوخه‌میی خۆی بۆ كه‌سوكاری شه‌هیده‌كان ده‌ربڕیوه و نووسیویه‌تی: "سەرەخۆشیی خۆمان دەگەیەنین بە خێزانی قوربانییەکان". دواتر به‌ریتانیا و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانیش له‌باره‌ی هێرشی په‌كه‌كەوە نیگه‌رانیی خۆیان ده‌ربڕیووه و لۆبیی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی له‌دژی ڕه‌فتاری په‌كه‌كه تا دێت زیاتر ده‌بێت، سه‌رجه‌م فشاره‌كانی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی به‌و ئاڕاسته‌یه كه گرژی له هه‌رێمی كوردستان دووربخرێته‌وه. سەفین دزەیی ڕوونیشی کردەوە: "بە هیچ شێوەیەک قابیلی قبوڵ نییە کە پەکەکە داوا بکات پرسی پێ بکرێت بۆ ڕێگەپێدانی هێزی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانەی هەرێمی کوردستان، هەروەها ئەو جۆرە بیرکردنەوە دواکەوتووەی کە بەشێک لە سەرکردەکانی پەکەکە هەیانە و تا ئێستا لەنێو ئەشکەوتەکان ژیان دەبەنە سەر ٤٠ ساڵە لە واقیع دابڕاون و پێویستیان بە بەخۆداچوونەوە هەیە".
ڕاپۆرتی كارزان سه‌باح هه‌ورامی




