٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. عارف حیتۆ: پێویستە سنوورێک بۆ ھەندێ میدیای نانیشتمانی دیاری بکرێت

سەرچاوە: KDP.info

دوای ئەوەی میدیای لایەنێکی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان پێشمەرگە شەھیدەکانی بە کوژراو لەقەلەم دا، دڵگرانیی لای خەڵکی کوردستان دروست کرد و نووسەرێکیش دەڵێت، پێویستە سنوورێک بۆ ھەندێ میدیا دیاری بکرێت و ڕێگە نەدرێت بە ناوی ئازادی میدیاوە ھێڵە سوورەکان ببەزێندرێن.

د. عارف حیتۆ، نووسەر و ڕۆژنامەنووس، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەر لایەنێک ئازادە لە میدیا چۆن لێدوان بدا، ھەر لایەنێک بەرھەمی پەروەردەکەیەتی، ئەو کەسانەی مردن و کوشتنی کەسێک لە فەلەستین و شیشان و وڵاتانی بیانی بە شەھید ھەژمار دەکەن و ئەو پێشمەرگانەی بەرگری لە وڵاتی ئێمە دەکەن و شەھید دەکرێن بە کوژراو لەقەلەمیان دەدەن، بێگومان بیروباوەڕی خۆیان دەخەنە پێش بیروباوەڕی وڵاتی خۆیان، ئەو بیرۆکەیە ھۆکارە تا ئێستا کورد نەبووە بە دەوڵەت و ھۆکارە بۆ لەناوچوونی زۆربەی شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی کورد، کە ئەوسەردەمە سەردەمی ئازادی و سەربەخۆییی گەلانی جیھان بوو، ھەندێ خەڵک ئەوکاتیش داوایان دەکرد دەوڵەتی عوسمانی دەسەڵاتی بەدەستەوە بێت ئەنجامەکەشی ئەوە بوو تا ئێستا ئێمە لەسەر چوار دەوڵەت دابەش کراوین."

ئەو نووسەرە دەڵێت: "ئەرکی وەزارەتی ڕۆشنبیرییە ھەندێ ڕێنمایی و ڕێکار بۆ میدیا بگرێتەبەر و سنوورێک دیاری بکرێت کە پرسە نیشتمانی و نەتەوەیییەکان ھێڵی سوورن و مساومەیان لەسەر ناکرێت، دیموکراسیەت لە ھەموو جیھان ھەیە، بەڵام ناکرێت میدیای کوردستان بە ئیسلامی، یان ھەر بیروباوەڕێکی دیکە بکرێت، چونکە میدیا تەنیا وابەستە نییە بە لایەنێکی سیاسی، بەڵکوو پرسێکی گشتییە و پێویستە ھێڵە گشتییەکان دیاری بکرێن."

میدیای فەرمیی کۆمەڵەی دادگەریی کوردستان لە کاتی ڕووماڵکردنی ھێرشی چەکدارانی پەکەکە بۆ سەر ھێزەکانی پێشمەرگە ناوی پێشمەرگە شەھیدەکانی بە کوژراو بڵاو کردەوە، کەچی پێشتر ناوی کوژراوانی فەلەستینی بە شەھید بڵاو کردەوە، ئەوەش نیگەرانیی لای خەڵکی کوردستان دروست کردوە."

د. عارف حیتۆ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پێویستە ھەموو دەزگا سەرەکییەکان لەسەر بنەمای ھاووڵاتیبوون و نیشتمانی کار بکەن و ھێڵی سەرەکی بێت، ئەوانەیشی پابەند نابن سزا بدرێن بە تۆمەتی خیانەت لە نیشتمان، ھەرکەس و لایەنێک ئازادە لە چوارچێوەی دەرەوەی نیشتمانی چۆن بیر دەکاتەوە، بەڵام ناکرێت بەرژەوەند و پیرۆزییەکانی وڵاتی خۆمان لەبەرچاو نەگرین.

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار