"بەھۆی شەڕی پەکەکەوە بە گوژمەی دوو ملیار دینار لە گوندێک زیان بە جووتیاران گەیشتووە"

بەھۆی شەڕی نێوان پەکەکە و تورکیا سنوری کانی ماسیی پارێزگای دھۆک زەرەرمەندی یەکەمی شەڕەکە بووە و بەڕێوەبەری ناحیەکەش دەڵێت، داوای قەرەبووی ھاووڵاتیانی سنوورەکەمان کردووە و تەنیا لە گوندی کێستە دوو ملیار زیان بە جووتیاران گەیشتووە.
سەربەست سەبری، بەڕێوەبەری ناحیەی کانی ماسی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لەدوای ڕاپەڕینەوە ١٢ گوند لە سنووری ناحیەی کانی ماسی سەر بە پارێزگای دھۆک بەھۆی ئاڵۆزیی سنووری و ھەبوونی بنکە و بارەگای پەکەکە ئاوەدان نەکراونەتەوە، مخابن لە مانگی نیسانی ئەمساڵەوە شەڕێکی قورس لەنێوان چەکدارانی پەکەکە و سوپای تورکیا لە ناوچەی کانی ماسی بەڕێوە دەچێت و تا ئێستاش بەردەوامە و بەوھۆیەوە پێنج گوندی سنووری کانی ماسی چۆڵ کراون، ئەوانیش بریتین لە گوندەکانی کێستە، چەلکی کریستیان، سەرەڕۆ، بێشیش."
بەڕێوەبەری ناحیەی کانی ماسێ گوتی: "لیژنەیەک پێک ھاتووە بۆ مەزەندەکردنی زیانەکانی بەھۆی شەڕی پەکەکە و تورکیا بەر خەڵکی ناوچەکە کەوتووە، بەپێی ئاماری ئێمە تەنیا لە گوندی کێستە بە گوژمەی یەک ملیار و ٧٥٠ ملیۆن دینار زیان بە ڕەز و باغی ھاووڵاتییانی گوندەکە کەوتووە و بە گوژمەی ١٢٠ ملیۆن دیناریش p+'vزیان بە ھەنگەکانی جووتیاران کەوتووە."
سەربەست سەبری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "لە ھەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە کانی ماسی ئاڵۆزیی تێدایە و ھەموو کاتێکیش ھاووڵاتیی ئێمە دەبنە قوربانی، ئەوەی ئێستا لەنێوان پەکەکە و تورکیا ھەیە، ھاووڵاتیی سڤیلی ھەرێمی کوردستان باجەکەی دەدات، ئێمە داواکاریی خۆمان دەگەیەنینە ھەموو لایەکی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بۆ قەرەبووکردنەوەی ھاووڵاتییانی زەرەرمەند."
قائید میرۆ




