٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئه‌وه‌ی مۆڵەتی بازرگانی بۆ دەڵاڵی بەكاری هێنابێت دەخرێتە لیستی ڕەشەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- وەزارەتی بازرگانیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێداچوونەوە بە ڕێكار و ڕێنماییەكانی پێدانی مۆڵەتی بازرگانی بە هاوردە و هەناردەكاران لە هەرێمی كوردستان دەكات، سەرۆكی یەكێتیی هاوردە و هەناردەكارانی هەرێمی كوردستانیش دەڵێت، لە ئێستادا تەنها مۆڵەت بەو كەسانە دەدرێت كە سەرمایەدار و بازرگانی فیعلین.

مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆكی یەكێتیی هاوردە و هەناردەكارانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ساڵانە وەزارەتی بازرگانیی حكوومەتی هەرێم پێداچوونەوە بە پێدانی مۆڵەت (پێناسی) بازرگانی بۆ بازرگانان و سەرمایەداران و یاخود ئەو كەسانە دەكات، كە دەیانەوێت كاری هاوردە و هەناردە لە نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتانی دیكە بكەن، كە بەپێی بڕیارە نوێیەكە، هەر بازرگانێك بیەوێت ببێتە خاوەنی مۆڵەتی هاوردە و هەناردە و كاری بازرگانی بكات، دەبێت ڕەزامەندی و پشتگیریی ڕێكخراوی یەكێتیی هاوردە و هەناردەكاران و ژوورە بازرگانییەكانی كوردستانی هەبێت".

دەشڵێ: "ساڵانی ڕابردوو ڕوڵی كەمتر بە ئێمە درابوو لەم نێوەندەدا، بەڵام ئێستا رۆڵی باشمان پێ دراوە، ئەمەش بۆ خۆی گرنگە و خزمەت بەو سیاسەتە دەكات كە ئێستا كابیەنەی نۆیەم لە بەبەتی پێشخستنی لایەنی ئابووری و سەرمایەگوزرای پەیڕەوی دەكات، چونكە ئێمە بیرمان نەچێت ڕێكخراوە ئابوورییەكان ڕۆڵی گرنگیان لە هاوكێشە ئابوورییەكان و داڕشتنی سیاسەتی هەر وڵاتێكدا هەیە، لە نێوشیاندا ڕێكخراوی هەناردە و هاوردەكاران".

عەبدولڕەحمان گوتیشی: "بە هۆی كارئاسانیكردن لە پێدانی مۆڵەتی بازرگانی، رۆژ بە رۆژ قەبارە و گەشەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی پەرە دەسێنێت، بۆ نموونە ئێستا نزیكەی 10 هەزار ئەندام خاوەنی مۆڵەتی بازرگانین و حەوت هەزاریان بە كردەیی شمەك و كاڵا هاوردە دەكەن، بە تایبەتی ئەو ڕێككەوتنەی كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە نێوان وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم و بەغدا كراوە، یەكێك بوو لە هەنگاوە گرنگەكان و وادەكات بابەت هاوردەكرنی بەرهەمە كشتوكاڵییەكان لە نێوان هەردوولا خێراتر بكات، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا گرنگیی تەواومان بە ئاست و كوالیتی هەموو ئەو شمەك و كاڵایەنە داوە كە هاوردە كراون، چ لە ڕووی نرخ یاخود جۆرەكەی بێت."

سەرۆكی یەكێتیی هاوردە و و هەناردەكارانی كوردستان ڕوونیشی كردەوە: "پێداچوونەوە بە پێدانی هەموو ئەو مۆڵەت و پێناسە بازرگانییانە دەكەین، كە لە ماوەی ڕابردوودا بۆ بازرگانان كراون، كە ئەگەر دەركەوت هەر كەسێك بەدەر لە ڕێنماییەكان كاڵای هاوردە كردبێت و سوودی لەو رێگەپێدانە بازرگانییە وەرگرتبێت و بۆ دەڵاڵی بەكاری هێنابێت، دەخرێتە لیستی ڕەشەوە."

 

ئەرسەلان ئەحمەد

هەواڵی پەیوەندیدار