چوار ساڵ بەسەر بڕیاری مێژوویی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بۆ بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆم تێدەپەڕێت

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ ڕۆژێكی مێژووییە لە هەرێمی كوردستان كه تێیدا سەرجەم لایەنە سیاسییەكان بەیەك دەنگ بڕیاریان دا لە ڕۆژی 25ـی ئەیلوول، ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێ.
ڕۆژی حەوتی حوزەیرانی بەسەرپەرشتی سەرۆك بارزانی سەرۆكی ئەوكاتی هەرێمی كوردستان، لە پیرمام حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كۆبوونەوە و بڕیار لەسەر چەند خاڵێك دا.
یەكەم: ڕۆژی 25ی ئەیلوولی 2017 وەك ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستانی عێراق و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دیاری كرا.
دووەم: هەر لە ڕۆژی كۆتایی كۆبوونەوەكە تا كاتی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم، لایەنەكان كار بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان و چارەسەركردنی كێشە سیاسییەكان بكەن، ئەوەیش لەپێناو بەدەستهێنانی كۆدەنگی نیشتمانی.
سێیەم: دووپات لەسەر چاككردنەوەی بژێویی ژیانی خەڵك و ئاوڕدانەوە لە كێشە ئابوورییەكانی هاووڵاتییانی كوردستان و مووچەخۆر و چین و توێژەكان و خەڵكی كەم دەرامەت كرایەوە.
چوارەم: بڕیار درا بە پێكهێنانی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم بە سەرۆكایەتی بارزانی. هەروەها بڕیار درا تا ڕێككەوتی 12ـی 6ـی 2017، پارتە سیاسییەكان نوێنەری خۆیان بۆ بەشداربوون لە چەند كۆمیتەی تایبەت بە ڕیفراندۆم و دوای ڕیفراندۆم دیاری بكەن.
لەڕۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017 ڕیفراندۆم لە سەرانسەری كوردستان بەڕێوە چوو، تێدا 93%ـی خەڵكی كوردستان بە دەنگدان داوای سەربەخۆییان كرد.




