"پێویستە سنوورێک بۆ پەکەکە دابنرێت"

سلێمانی-KDP. info- نووسه‌ر و چاودێرێکى سیاسى ده‌ڵێت، جموجۆڵى پارتى کرێکرانى کوردستان (په‌که‌که) هه‌ر له‌دواى ڕاپه‌ڕینى 1991 و ڕزگاریى باشوورى کوردستانەوە جێگه‌ى گومان بوو، ئه‌وه‌ى له بیرکردنه‌وه و به‌رنامه‌ى ئه‌واندا هه‌یه، خزمه‌تى به قه‌زیه‌ى کورد نه‌کردووه.
سامان بابه‌عه‌لى، نووسه‌ر و چاودێرى سیاسى، به ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى پارتى دیموکراتى کوردستان ڕاگه‌یاند: "هه‌نگاو و جموجۆڵەکانى په‌که‌که هه‌ر له سه‌ره‌تاى ده‌رکه‌وتنى وه‌ک ڕێکخراوێکى چه‌کدارى جێگه‌ى گومان بوو. دواى ساڵى 1991 دێن کۆمارى زاب له زاخۆ ڕاده‌گه‌یه‌نن، ڕوئیا و خه‌ونى په‌که‌که له ڕووى فکرى و به‌رنامه‌ى سیاسییانه‌وه و به‌درێژاییى قۆناغه جیاوازه‌کانى خه‌باتى ئه‌م گرووپه له هیچ قوناغێکدا نه‌مانبینى خزمه‌ت به قه‌زیه‌ى کورد بکات، ئه‌وان خاوه‌نى هیچ پرۆژه‌یه‌کى سیاسى نین، ئه‌وه‌یشى له چوارچێوه‌ى به‌ڕێوبه‌ریى خۆسه‌رى ڕایانگه‌یاندووه جگه له درووشمی چه‌واشه‌کارى هیچى دیکه نییه، ته‌نانه‌ت بڕوایان به ئاڵاى کوردستان نییه، هه‌میشه وه‌ک هێزێکى خۆسه‌پێن ده‌رکه‌وتوون، خۆیان بە به‌دیلى هێزه‌کانى دیکه نیشان داوه، په‌که‌که هیچ کات ڕاستگۆ نه‌بووه له‌گه‌ڵ درووشم و بانگه‌شه‌کانى خۆى، بۆیه ناڵێم ئامانج، چونکه ئامانجى په‌که‌که دیاره له باشوورى کوردستان، ئه‌گه‌رنا ساحه‌ى چالاکى و خه‌باتى په‌که‌که باکوورى کوردستانه، پاراستنى کوردانى باکوور و داواکردنى مافى خه‌ڵکى باکوورى کوردستانه، ڕه‌وشه‌که وا ده‌خوازێت چیاکانى باکوور مۆڵگه و شوێنی خه‌باتى پارتیزانیى په‌که‌که بێت و له‌وێوه فشار بخاتە سه‌ر ده‌سه‌ڵاتى سیاسیى تورکیا، به‌ڵام په‌که‌که هه‌رگیز بۆ ڕزگارکردنى پارچه‌یه‌کى تر‌ى کوردستان تێ نەکۆشاوە، هه‌ربۆیه پێوسته خه‌ڵکى هه‌رێمى کوردستان هۆشیارانه‌تر ڕه‌وشه‌که هه‌ڵسه‌نگێنن و له سیاسه‌تى ئاراستەکراوى په‌که‌که تێ بگه‌ین".
ده‌رباره‌ى چاره‌سه‌ره‌کانى ئێستاى دۆخه‌که، سامان بابه‌عه‌لى ڕوونی کرده‌وه: "بە یه‌کده‌نگى و یه‌کهه‌ڵوێستیی لایه‌نە سیاسییه‌کان له‌سه‌ر ئاستى حکوومه‌ت و په‌رله‌مان و ته‌واوى دامه‌زراوه‌کان، وه‌ک چۆن له 1992 خه‌ڵکى کوردستان به بڕیارى په‌رله‌مان سنووریان بۆ پەکەکە دانا، ئێستاش دەکرێ بگه‌ڕێنریته‌وه ئه‌و شوێن و جێگه‌یه‌ى مه‌یدانى چالاکى و خه‌باتى خۆیەتی، ئه‌وان ئێستا پاساوى هاتنى تورکیا بۆ هه‌رێمى کوردستانن، هه‌رچۆن له ڕۆژاواى کوردستانیش دیسان پاساوى چوونى تورکیا و داگیرکرانى عه‌فرین بوو، بۆیه کاتى ئه‌وه هاتووه هه‌رچیی زووه ده‌بێت ئه‌م کیشه‌یه چاره‌سه‌ر بکرێت و کۆتایى به‌م پیلانگێڕییه بهێنرێت که خه‌ریکه ده‌بێته مه‌ترسیى جددى له‌سه‌ر ده‌سکه‌وته‌کانمان".
ئەرسەلان ئەحمەد




