٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بابەکر زێباری: پەکەکە بەئاشکرا شەڕمان پێ دەفرۆشێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- چەکدارانی پەکەکە چەندین ساڵە بوونەتە سەرچاوەی دەیان کێشە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان و ڕاوێژکاری سەربازیی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، ناتوانین چیی تر بێدەنگ بین.

بابەکر زێباری، ڕاوێژکاری سەربازیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پەکەکە بەئاشکرا شەڕ بە هەرێمی کوردستان دەفرۆشێت و بەشێکی خاکی هەرێمی کوردستانی داگیر کردووە، ئەگەر مەبەستی پەپەکە داگیرکارییە و هەرشوێنێک بکەوێتە ژێر دەسەڵاتییەوە ئامادە نییە چۆڵی بکات، دەبێت خەڵکی کوردستان بپرسن پەکەکە لەسەر خاکی ئێمە چی دەکات."

ڕاوێژکاری سەربازیی سەرۆکی هەرێم دەشڵێت: "کردەوەکانی پەکەکە دژ بە خەڵک و هێزە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان تیرۆریستین، چونکە لە چەندین ناوچە تەقەیان لە هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش کردووە بە ئامار لامانە لە ناوچەکانی حاجی ئۆمەران و سیدەکان و چەمانکێ و ئامێدی چەکدارانی پەکەکە بۆسەیان بۆ پێشمەرگە داناوە و ڕێگەیان بۆمبڕێژ کردووە، هەتا خەڵکی سڤیل کراونەتە ئامانج. سەیر لەوەدایە کاتێک هێزەکانی تورکیا دەچنە ئەو ناوچانە چەکدارانی پەکەکە بێدەنگن، کەچی بەرانبەر بە پێشمەرگە شەڕ دەکەن."

بابەکر زێباری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پێویستە پەکەکە لە خاکی هەرێمی کوردستان بکشێتەوە و ئەگەر نەکشێتەوە، ئەوە پێویستە بەزۆر دەر بکرێت، با چیی تر خەڵکی ئێمە نەبێتە قوربانیی سیاسەتی هەڵە و بەزۆری سەرانی پەکەکە و ناتوانین چیی تر بێدەنگ بین بەرانبەر کردەوەکانی پەکەکە."

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار