فازڵ میرانی: پیلانگێڕی دژی ئەزموونی ھەرێمی کوردستان بەردەوامە

ئاکرێ -KDP.info- سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، لە سەرەتای سەرھەڵدانی بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان پیلانگێڕیی دوژمن و ناحەزانی ئێمە بۆ ئەزموونی ھەرێمی کوردستان بەردەوامە، بەڵام لە بەرانبەر ئەوە خۆڕاگری و سەربلندیی خەڵکی کوردستان بەگشتی و سەرھەڵدان و خۆنەچەماندنی پارتی بەتایبەتی بەردەوامە، ھەربۆیەش ئێمە ماوین.
لە میانەی کردنەوەی بارەگای نوێی لقی نۆی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئاکرێ، فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گوتارێکدا گوتی: "ئەوەی پێویستە لەسەر مرۆڤ کە ئازا و نەترس بێت و لاپەڕەی ھەڵەی خۆی لە مێژوودا پەیدا بکات تا دووبارە نەبێتەوە و ئەگەر ھات و بە جۆرێک لە جۆرەکان دووبارەش بووەوە، زوو چارەسەری بکات، ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە بەردەوام خاوەنەکەی سەرفرازە، لە ساڵی ١٩٩١ من ھاتمە ئەو بارەگایەی ھەیە کە یەکەمین ئەندامی سەرکردایەتی بووم کە ئەوکات بارەگای حیزبی بەعس بوو و شەو ماینەوە و فایلەکانی حیزبی بەعسمان یەک بە یەک خوێندەوە، دیار بوو حیزبی بەعس تەنھا حیزب نەبووە و ئەمنیش بووە کە چۆن چاودێریی خەڵکی ئاکرێی کردووە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت خەڵکی ئێرە تێگەیشتوون و دەستکاریی بارەگاکەیان نەکرد، تا من لە بەیروتەوە ھاتم کە ئەوکات دکتۆر سەباح حەجی عوبەید لێرە بوو، پێمان ڕاگەیاند دەستکاریی ئێرە نەکەن بۆ زانیاریی ئێمە زۆر باشە ."
فازل میرانی گوتیشی: "ئەمڕۆ ئێمە لە بارەگایەکی دیکەداین و پیرۆز و موبارەک بێت لە خەڵک و شەھید و بزربووانی ئاکرێ و ئامادەبووان، بەڵام چەند کەیفمان بەو بارەگایە دێت، کەیفمان بەوانە دێت کە لەو بارەگایەدان، چونکە وەکوو عەرەب دەڵێن کێ لەو بارەگایەدانە و چۆنە، چونکە لە ساڵی ١٩٧٤ ئێمە لە ئەشکەوتی بجیل بووین و فڕۆکە نەیدەھێشت دەرکەوین، بەڵام وەکوو سەرۆک دەڵێ، خۆمان نەچەماند و لە خەبات بەردەوام بووین تا سەرھەڵدان و لە ئاوارەیی، بۆیە ئەوانەی لەناو بارەگادان، بارەگا بە ئەوانەوە جوانە، نە ئەوان بە بارەگاوە جوانن، ئەمە لای من خاڵێکی ستراتیژییە و پێویستە بەرپرس و کادیر و قایمقام و پۆلیس و ھەمووان سەربەز بن بەخۆیان کە چۆن کوردستانیان ئازاد کردووە، بیشیپارێزن و بارەگای خۆیان دەپارێزن و وڵاتی خۆیان جوان دەکەن."
سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان باسی لەوەش کرد: "کیفایەت نییە تەنھا بارەگا جوان بکەین، پێویستە کوردستان لە خانەقین تا زاخۆ جوان بکەین و پێویستە ئەوە باس بکەین کە پیلانگێڕی دژی ئەو ئەزموونە بەردەوامە ھەر لە سەرەتای سەرھەڵدانی بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستانەوە دوژمن و ناحەزانی ئێمە بەردەوام بوونە تا ئەم خەبات و ڕێبازە کۆسپی لە بەردەم دانێن و بۆمبی لە ڕێگەی بتەقێنن، ئەوەی دوێنێ و ساڵانی ١٩٩٢ و ١٩٩٤ و ئەمە بەردەوامیی ئەوانە، بەردەوامیی تێکچوونی جمھووری مھابادە و بەردەوامیی ڕێککەوتنی جەزائیرە کە شۆڕشی ئەیلوولی لەناو برد و بەردەوامیی کیمیابارانکردنی ساڵی ١٩٨٨ و ئەنفالە و بەردەوامیی ھێرشی سەر وڵات لە ساڵی ١٩٩١ و لە بەرانبەر ئەودا خۆڕاگری و سەربڵندیی خەڵکی کوردستان بەردەوامە بەگشتی و بەتایبەت سەرھەڵدان و خۆنەچەماندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و قوربانیدانی."
گوتیشی: "ئەو پێنج پێشمەرگەی دوێنێ شەھید بوون، بەردەوامیدانی شەھیدانی پێشوون لە شۆڕشی بارزانەوە تا ئێستا ئەو میللەتە و پارتی بەردەوام شەھید دەدات، بۆیە ئێمەش ماوین و بەردەوامین و دوێنێ و ئەمڕۆ و سبەی ڕووبەڕووی شتێک دەبینەوە، خەڵک دیەوێت ئێمە نەبین و، نەبینە خاوەن کیانی خۆمان، ھاووڵاتیی سادە بین و خزمەتکاری ئەو و ئەو بین، بەڵام کاتێک بینییان ئێمە ھەین وەکوو ئێمە و، دەمانەوێت نەک وەکوو ئەوان بین، چاویان پێی ھەڵنایە."
ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموراتی کوردستان و ژمارەیەک ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی و بەرپرسانی لقی نۆ لە ڕێورەسمێکدا بارەگای نوێی لقی نوێی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئاکرێ کرایەوە.
بڵند ئیبراھیم




