ژمارەیەك كارگە بۆ ساغكردنەوەی بەرھەمی جووتیاران دادەمەزرێن

هەولێر-KDP.info- بڕیارە ئەمساڵ جگە لەو گەنمەی لەلایەن حكوومەتی فیدڕاڵەوە وەردەگیرێت، دوو كۆمپانیای ناوخۆش بەرھەمی جووتیارانی ھەرێمی كوردستان بكڕن، گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵیش دەڵێ، لەگەڵ كڕینی بەرھەمی جووتیاران، ئەمساڵ ژمارەیەك كارگەش بۆ ساغكردنەوەی بەرھەمی ناوخۆ دادەمەزرێن.
حوسێن حەمەكەریم، گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ ساغكردنەوەی بەرھەمی جووتیاران، لەگەڵ دوو كۆمپانیای كەرتی تایبەت رێككەوتووە بۆ ئەوەی بەرھەمی جووتیاران بكڕێتەوە و ئەمساڵیش پرۆسەی كڕینەوەی گەنمی جووتیاران لەلایەن كۆمپانیاكانی ناوخۆوە بەڕێوە دەچێت، كە ئەمەش جیاوازە لەو رێژەیەی وەزارەتی بازرگانیی عێراق وەریدەگرێت".
گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ دەشڵێت: "لەگەڵ كڕینەوەی بەرھەمی جووتیاران، ژمارەیەك كارگەش بۆ ساغكردنەوەی بەرھەمی ناوخۆ دادەمەزرێن و ئەو ماددانەی لە گەنم بەرھەم دێن وەك ساوار و برۆش و ئەوانی دیكە، ھەمووی لە ناوخۆ بەرھەم دەھێندرێن".
حەمەكەریم ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "لەگەڵ ساغكردنەوەی بەرھەمی ناوخۆ لە رێگەی ژمارەیەك كارگەوە، رێگە نادەین بەرھەمی بیانی بێتە ھەرێمی كوردستان و بەشی بازاڕ بەرھەم دێت، ئەمەیش كاریگەری دەبێت لەسەر ئەوەی ھەم بەرھەمی جووتیاران ساغ بێتەوە و ھەمیش بەرھەمی ناوخۆ ھەبێت".
قائید میرۆ




