"دەست بە جیاکردنەوەی ناوی خانەنشینیی نایاسایی و پلە باڵاکان کراوە"

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری ئامار لە خانەنشینیی ھەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، چاکسازیکردن لە خانەنشینیی پلە باڵاکان بەردەوامە و ئێستا گەیشتوونەتە خانەنشینیی وەزیرەکان، لیژنەش دروست کراون بۆ پێداچوونەوەی ئەوانەی تەواو کراون، بۆ ئەوەی یاسایی و نایاساییەکان لێک جیا بکەنەوە.
سەباح موخلیس، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "چاکسازیکردن لە پلە باڵاکان بەردەوامە و ئێستا گەیشتووینەتە خانەنشینیی وەزیرەکان و داوای دۆسیەی سەرجەم ئەو وەزیرانەشمان کردووە، کە خانەنشین کراون، بۆ ئەوەی پێداچوونەوەی پێدا بکەین و رەنگە زیاتر لە ١٠٠ وەزیر بن".
موخلیس گوتیشی: "دوای تەواوکردنی دۆسیەی وەزیرەکان، دەست بە دۆسیەی ئەندامانی پەرلەمان دەکەین، ئینجا کۆتایی بە چاکسازی لە پلە باڵاکان دێت، چونکە پێشتریش چاکسازی لە شارەزا و راوێژکار و بەڕێوەبەرە گشتییەکاندا کراوە و ئەوانە تەواو بوونە".
ناوبراو باسی لەوەش کرد، ئەوانەی چاکسازییان تێدا کراوە، لیژنەیان بۆ دروست کراوە و پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت، بۆ ئەوەی بزاندرێت کێ نایاساییە وکێ یاساییە، ئەوەی نایاسایی بێت، ئەگەر ئەولەویاتی خۆیان ھێنا لە وەزارەتی خۆیان چاویان پێدا دەخشێندرێتەوە و ئەوانەی نایاساییش بن، ناویان رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێت، بۆ ئەوەی بڕیاری لێ بدرێت، بۆیە پێداچوونەوە بە سەرجەم فایلەکاندا دەستی پێکردووە و کە تەواو بوو، دیار دەبێت ئامارەکە چەندە.
دەشڵێ: "کارەکانمان بەرەو کۆتایی دەچن لە پلە باڵاکان، کە ھەر ئەمساڵ تەواو دەبن و دواتر دەست بە چاکسازی لە خانەشنینیی پلەکانی دیکە دەکەین".
بڵند ئیبراھیم




