دیندار دۆسکی: بوونی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان سرووشتی نییە و بوونەتە ھەڕەشە

دھۆک-KDP.info- سیاسەتمەدارێکی کورد دەڵێ، پەکەکە تەنھا ھەڕەشە نییە بۆ سەر لایەنێک، بەڵکو بۆ سەر تەواوی لایەنەکان و ئەزموونی ھەرێمی کوردستانیش ھەڕەشەیە، بۆیە پێویستە ھەموو لایەنەکان لە بەرامبەر پەکەکە یەکھەڵوێست بن و چیتر رێگە نەدەن پەکەکە بەردەوام بێت لەو کارە خراپانەی دژی ھەرێمی کوردستان ئەنجامی دەدەن.
سیاسەتمەداری کورد، دیندار دۆسکی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، بوونی پەکەکە لە ھەرێمی کوردستان سرووشتی نییە و بوونەتە ھەڕەشە، کە پارچەیەکی گەورەی خاکی کوردستانیان داگیر کردووە و تەداخول لە ژیانی سیاسیی ھەرێمی کوردستان دەکەن و دەست لە کاروباری ھەر چوار پارچەی کوردستان وەردەدەن، بێگومان پەکەکەش بووەتە بەھانەیەک بۆ ئەوەی سەروەریی ھەرێمی کوردستان لەلایەن وڵاتانەوە پێشێل بکرێت، بۆیە بوونی پەکەکە مەترسیدارە لەسەر ئەزموونی ھەرێمی کوردستان و مەترسییەکەش تەنھا لەسەر لایەنێک نییە و لەسەر ھەموو لایەنەکانە و بگرە لەسەر تەواوی ئەزموونی ھەرێمی کوردستان بە گشتییە.
دۆسکی گوتیشی، پەکەکە بۆ سەر ھەموو ھێزە سیاسییەکان مەترسیدارە و ئەگەر لایەنەکان بە یەک دەنگ چارەسەری ئەو کێشەیە نەکەن، کێشەکە گەورەتر دەبێت، چونکە ئەوانە شوێنی خەباتیان ھەرێم نییە و باکوری کوردستانە، ئەگەر خەباتیش بکەن ھەموو لایەک پشتگیرییان دەکەن، بەڵام ئەوان وەکو ھێزێکی چەکدار سەرکەوتوو نەبوون و بوونەتە کارتێک دژی ھەرێمی کوردستان و ئەزموونی ھەرێم بەکار دەھێنن، بۆیە پێویستە سەرجەم لایەنەکان و حکوومەتی ھەرێم یەکهەڵوێست بن بەرامبەر پەکەکە.
ناوبراو باسی لەوەش کرد، پەکەکە بە ھەموو شێوەیەک بۆتە ھەڕەشە بۆ سەر ھەرێمی کوردستان، بۆیە پێویستە بەرامبەر بوونی پەکەکە لایەنەکان ھەموو یەکڕیز بن، چونکە شوێنی خەباتی ئەوان ھەرێمی کوردستان نییە و ناکرێت ببنە ھۆکارێک کێشە بۆ ھەرێمی کوردستان دروست بکەن، بۆیە ناشێ چیتر بێدەنگی بەرامبەر بە پەکەکە ھەڵبژێردرێت و پێویستە چیتر رۆڵەکانی ئێمە شەھید نەکرێن و رێگری لەو کارە خراپانەی پەکەکە بکرێت، کە بەردەوام دووبارەی دەکەنەوە.
بڵند ئیبراھیم




