"لە دوو مانگی داھاتوو مۆنۆمێنتی جینۆسایدی بارزانییەکان دەکرێتەوە"
__2021_06_03_h19m53s27__HK.jpg)
پڕۆژەی مۆنۆمێنتی شەھیدانی جینۆسایدکردنی بارزانییەکان لە قۆناغی کۆتاییدایە و بەڕێوەبەری شەھیدان و ئەنفاکراوانی بازرانیش دەڵێت، ئەمساڵ بۆ یادی جینۆسایدکردنی ھەشت ھەزار بارزانی پڕۆژەکە دەکرێتەوە.
ڕێبوار بارزانی، بەڕێوەبەری شەھیدانی بارزان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پڕۆژەی مۆنۆمێنتی شەھیدانی جینۆسایدی بارزانییەکان ساڵی ٢٠١١ دەستی پێ کردووە، پڕۆژەیەکی نیشتمانییە و لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە ئەنجام دەدرێت، پڕۆژەکە لە قۆناغی کۆتاییدایە و بڕیارە ئەمساڵ لە یادی جینۆسایدکردنی بارزانییەکاندا بکرێتەوە و کۆتاییی دێت، واتە دوو مانگی داھاتوودا دەکرێتەوە."
بەڕێوەبەری شەھیدانی بارزان گوتی: "مۆنۆمێنتی شەھیدانی بارزان بە شێوەیەکی ئەندازیاریی پێشکەوتوو دروست کراوە کە دەربڕین لە جینۆسایدکردنی ھەشت ھەزار ھاووڵاتی سڤیلی بارزانی دەکات."
ڕێبوار بارزانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "لەگەڵ کردنەوەی پڕۆژەکە دیمەنێکی دیکە بە مەزاری جینۆسایدی بارزانییەکان دەدرێت، وەک وڵاتانی جیھان چۆن مۆنۆمێنت بۆ قوربانیانی وڵاتەکەیان دروست دەکرێت."
لە سەرەتای مانگی ئابی ساڵی ١٩٨٣ ڕژێمی بەعس بە پیلانێکی دڕندانە دەستی بە جینۆسایدکردنی بارزانییەکان کرد و لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا ھەشت ھەزار ھاووڵاتیی سڤیلی بارزانیی لە ناوچەکانی قوشتەپە و بەحرکە و ھەریر و سۆران بەرەو ناوچەکانی باشووری عێراق ڕاپێچ کران و دواتر بە شێوەیەکی نامرۆڤانە و دوور لە ھەموو بەھایەکی مرۆڤایەتی و ئایینی زیندەبەچاڵ کران.
قائید میرۆ




