شاخەوان عەبدولڵا: بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک کۆبوونەوەکان لەگەڵ بەغدا چڕ کراونەتەوە

کەرکووک -KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک گوتی، دۆخی کەرکووک زۆر خراپە و ھەموو لایەک، بەتایبەت حکوومەتی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان ھەستیان بەو مەترسییە کردووە کە دۆخی ئەمنیی ناوچەکە خراپە، بۆیە کۆبوونەوەکان چڕ کراونەتەوە بۆ ئەوەی بگەینە ڕێککەوتن و ھەوڵیش دەدرێت پێش ھەڵبژاردن دۆخی ئەو ناوچانە ئاسایی بکرێتەوە.
شاخەوان عەبدولڵا، ئەندامی لیژنەی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دانوستانەکانی ئێمە لەگەڵ بەغدا بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک بەردەوامە و بەردەوام کۆبوونەوە دەکەین و ھەنگاوی باشیشمان بڕیوە و ھەوڵ دەدەین پێش ئەوەی ھەڵبژاردن بکرێت، دۆخی ئەو ناوچانە ئاسایی بکرێتەوە."
شاخەوان عەبدولڵا گوتیشی: "بەھۆی خراپیی دۆخی ئەو ناوچانە، کۆبوونەوەکان چڕ کراونەتەوە و لەلای حکوومەتی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکانیش باسی خراپیی دۆخی کەرکووک ھەیە، بۆیە ھەمووان ھەستیان پێ کردووە، چونکە مەترسی و جموجۆڵی داعش زۆر زیادی کردووە لە سنووری کەرکووک، ھەر بۆیە کۆبوونەوەکان چڕ کراونەتەوە و بەردەوامن بۆ ئەوەی بتوانین بگەینە ڕێککەوتن و تا کاتی ھەڵبژاردنەکان دۆخی ئەو ناوچانە ئاسایی بکرێتەوە."
بڵند ئیبراھیم




