٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وه‌زیری ته‌ندروستی: كۆرۆنا‌ به‌ره‌و كه‌مبوونه‌وه‌ ده‌چێت... کەڕووی رەش نەخۆشییەکی نوێ نییە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- وەزیری تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، بە بەراورد بە وڵاتانی دەوروبەرمان و وڵاتانی ئەورووپا، دۆخی ئێستا‌ی کۆرۆنا لە ھەرێمی کوردستان بەرەو ئاسۆیی دەڕوات و کۆرۆناش بە ھێواشی بەرەو کەمبوونە دەچێت، بۆیە ئومێدمانە ئەمە بەردەوام بێت و ھاووڵاتیان بەردەوام بن لە خۆپارێزی، پەیوەست بە نەخۆشیی کەڕووی رەشیش، وەزیری تەندروستیی دەڵێت، ھیچ مەترسن.

لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، رایگەیاند: "بەپێی راپۆرتی ھەفتانەمان لە تیمی پسپۆری و راوێژکارانی بیانی لە بواری پەتازانی بە ھاوبەشی لەگەڵ رێکخراوی تەندروستیی جیھان، کە ھەفتانە لەسەر بنەمای پێوەرە نێودەوڵەتی و جیھانییەکان ھەڵسەنگاندن بۆ ڕەوشی تەندروستیی لە ھەرێمی کوردستان دەکەین، ئێمە لە رەوشێکین بەرەو ئاسۆیی دەڕوات، واتا لە بارودۆخێکی مامناوەندین".

وەزیری تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت: "دەتوانین بڵێێن ئێستا ئێمە لە دۆخێکی مامناوەندیداین، ئەمەش پێویستی بەوە ھەیە بەردەوامبین لەسەر جێبەجێکردنی رێکارەکانی خۆپارێزی بە تایبەتی دانانی ماسک و دوورکەوتنەوە لە یەکدی، ھاوتەریب لەگەڵ پێدانی ڤاکسین کە پرۆسەکە بەردەوامە و رۆژبەڕۆژ بەرەو فراوانتر دەڕوات".

بە گوتەی سامان بەرزنجی، بە بەراورد بە ھەفتەی رابردوو، ڕەوشی چارەسەری بەرەو باشی چووە، ھەروەھا ژمارەی تێست کردنیش بە ھەمان شێوە باشترە، ھاوکات لە ھەمووی گرینگتر رێژەی تووشبووان و مردن کەمتر بووە، بەڵام جێگای ئاماژەپێکردنە، ئەو ژمارە مردنانەی ئێستا ھەیە، حاڵەتەکانی چەند ھەفتەی پێشوونە، بە واتایەکی تر، مردن و تووشبوون لە ھەمان ڕۆژدا بەراورد ناکرێن، چونکە ئەو کەسانەی تووشی کۆرۆنا دەبن لە ھەمان رۆژدا نامرن، بۆیە بە شێوەیەکی گشتی چەماوەکە بەرەو ئاسۆیی دەڕوات و بە ھێواشی بەرەو کەمبوونە دەچێت، بۆیە ئومێدیانە ئەمە بەردەوام بێت و ھاووڵاتیان بەردەوام بن لە خۆپارێزی.

دکتۆر سامان بەرزنجی، ئەوەشی خستە ڕوو، لە ٢٩ی شوباتی ساڵی ٢٠٢٠ لە سەرەتای سەرھەڵدانی کۆرۆنا، کە دوو جار ھەڵکشانی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، ئێستا کە لە ھەفتەی بیست و یەکەمینی ساڵین، لە ھەر ١٠٠ ھەزار کەسێک لە دانیشتووان ٦٠٩ کەس تووش دەبن، واتا لە ھەر ١٠٠ کەسێک کە تێستی بۆ دەکرێت ٦ کەس پۆزەتیڤە، ئەمە پێوەرێکە لە ١٠ کەمترە، واتە پێوەرێکی باشە، لە کاتێکدا لەم ھەڵکشانەی ئەمجارە گەیشتینە ١٤.

ھەر بەپێی داتاکانیان، دکتۆر سامان گوتی: "رێژەی مردن لە ئێستادا ١.٣ی تووشبووانە، ئەو رێژەیەش بەراورد بە رێژەی ساڵی رابردوو کەمترە، واتە کۆنترۆڵکردن و چارەسەرکردن باشتر بووە، لەوکاتەی ھەڵکشانەکە بەرزبوو، ھاوکات لەسەر بنەمایەکی تریش کە ئەمە زۆر بەخێرایی بڵاودەبێتەوە ھەر کەسێک زیاتر لە ٢ کەسی تووش دەکرد، بەڵام ئێستا خۆشبەختانە کەمتر لە کەسێک تووش دەکات، ئەوەش ئاماژەیەکی باشە".

لەبارەی نەخۆشیی کەڕووی رەشەوە، وەزیری تەندروستی رایدەگەیەنێت، "کەڕووی رەش نەخۆشییەکی نوێ نییە و ھەموو ساڵێکیش حاڵەت ھەبووە، ھاوکات پەیوەندی بە کۆرۆناوەشەوە نییە، بەڵام کۆرۆنا ھۆکارێکە بۆ کەمکردنەوەی بەرگریی جەستە، ئەو کەسانەی بەرگری جەستەیان لاوازە یاخود نەخۆشیی درێژخایەنیان ھەیە تووشی ئەو نەخۆشییە دەبن و بە ناڕاستەوخۆ دەگوازرێتەوە، ھەروەھا ئەو نەخۆشییە وەکو کۆرۆنا گوازرەوە نییە لە کەسێک بۆ کەسێکی تر، بەڵام پێویستە رێوشوێنەکانی پاکوخاوێنی زیاتر رەچاو بکەن، ھاوکات بۆ ئەو کەسانەی ھیچ نەخۆشییەکیان نییه‌ و بەرگریی جەستەیان بەھێزە، ناگوازرێتەوە و ھیچ ترسناک نییە، بۆیە ئەو مەترسییە نییە تا ھاووڵاتیان تووشی دڵەڕاوکێ بکات".

کەڕووی رەش، بریتییە لە نەخۆشییەکی کەڕوویی کەمبڵاو، بە زۆری کار دەکاتە سەر لووت (جیوبەکان)، سییەکان، پێست و مێشک، ئەم کەڕووی رەشە ھەڵدەمژرێت لە گەڵای رووەک یان خۆڵ یان پەین یان بەرھەمە خۆراکییە تێکچووەکانەوە.

 

ھەڵکەوت محەمەد

 

هەواڵی پەیوەندیدار