٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

یاسای بەخاوەنکردنی خانوو و زەوییە زێدەڕۆکان بۆچی ھەموار دەکرێتەوە؟

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- دوو ساڵ بەر لە ئێستا پەرلەمانی کوردستان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشنیازەیاسایەکیان دانا و، بڕیار درا ئەو خانوو و زەوییە زێدەڕۆیانەی بەخاوەن نەکراون، بەخاوەن بکرێن بەرانبەر بە نرخێکی گونجاو، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرونا و گرتنەبەری ڕێکارە تەندروستییەکان کەمترین هاووڵاتی لێیی سوودمەند بوون، ئەندامێکی پەرلەمانی فراکسیۆنی پارتییش دەڵێت، بەم هۆیەوە پەرلەمانی کوردستان هەمواری یاساکەی کردووە و خوێندنەوەی دووەمی بۆ کراوە و، لە ئایندەیەکی نزیکدا دەکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە.

دانیشتنی ٢٦ی ٥ی ۲۰۲۱ی پەرلەمانی کورستان به ‌سه‌رۆكایه‌تیی سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکەی و سکرتێری پەرلەمان و بەشداریی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان، به‌پێی تاكەخاڵی به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌ بریتی بووە له‌ خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ پێشنیازەیاسای هەمواری یەكەمی یاسای ژمارە ۳ی ساڵی ۲۰۱۹، یاسای بەخاوەنكردنی ئەو زەوییانەی كە لە سنووری شارەوانییەكان زێدەڕۆییان لەسەر كراوە. پەیوەست بەمە، ئەندامی پەرلەمانی فراکسیۆنی پارتی و جێگری سەرۆکی لێژنەی شارەوانی و گواستنەوە و گەیاندن و گەشتوگوزار، ڕزگار عیسا سوار، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە یاسای ۲۰۱۹دا سێ مانگ بۆ هاووڵاتییان دانرابوو کە داواکارییەکانیان  پێشکەش بە لایەنی پەیوەندیدار بکەن. لەو کاتەدا ڤایرۆسی کۆڤید ۱۹ی کۆرۆنا بەسەردا هات و قەدەغەی هاتوچۆ دەستی پێ کرد و بەهۆی ڕێکارەکانی کەرەنتینە نەتوانرا لەم ماوەیە داواکارییەکانی خەڵک پێشکەش بکرێت. لە هەمان کاتدا لە دهۆک و هەولێر و سلێمانی و ناوشار و دەرەوەی شار و قەزا و ناحیەکانیش نرخی بەخاوەنکردنی خانووەکان جێگیر دانرابوو، ئەمەش کێشەیەک بوو و دووبارە هەموارکردنەوەی یاساکە پێویست بوو."

ئەو ئەندامەی پەرلەمان گوتیشی: "بۆ ئەوەی دەرفەتی زیاتر بە خەڵک بدرێت  و داواکارییەکان پێشکەش بکەن ماوەی سێ مانگ بوو، ئێستا کردوومانە بە یەک ساڵ و لەبری ئەوەی نرخێکی جیگیر دابنرێت لە هەمواری یاساکە نسبەمان داناوە، بە نسبەی نرخی ئەو زەوییەی کە زێدەڕۆیی لەسەر کراوە، ئەم خاڵە خاڵێکی گرنگە بۆ هاووڵاتییان لە بەرژەوەندیشیاندایە، چونکە نموونە لەوانەیە نرخی خانوو و زەوی لە شارێک بۆ شارێک بگۆڕدرێ، شوێن هەیە نرخی بە ۱۰ دەفتەر دۆلارە و شوێنیش هەیە ۳ دەفتەر دۆلارە، کەوایە لێرەدا گۆڕانکاری لە نزخی بەخاوەنکردنەکەدا کراوە و نرخە کەمەکە بەقەت ئەوەی زۆرترە پارە نادات. لەمەدا بۆمان دەردەکەوێت، کە هەموارەکە بەم شێوەیەیە، ماوەی مامەڵەکە درێژ کراوە و هەروەها پارەی بەخاوەنکردنەکەش گۆڕانکاریی بەسەرداهات لە شارێک بۆ شارێکی تر و بەگوێرەی زەوییەکەیە."

ڕزگار عیسا سوار گوتیشی: "ئێستا خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواری یاسەکە کراوە و لەگەڵ لێژنەی یاسایی کۆ دەبینەوە و ڕاپۆرتی کۆتایی بۆ دەنگدان لەسەر یاسەکە لە ئایندەیەکی نزیک دەخرێتە بەر دەنگدانەوە و پەسەند دەکرێت، ئینجا یاساکە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردن و دواتر وەزارەتی پەیوەندیدار و شارەوانیی لێ ئاگادار دەکرێتەوە، هەروەها ئەم بڕگەمان لە یاساکەدا زیاد کرد کە ئەو خانووانەی لە سەردەمی بەعس خراپ کراون و پاشماوەکانیان ماون، وامان داناوە ئەوانەش تاپۆ بکرێن بە نرخێکی ڕەمزی، بە ۲ لەسەر سەدی نرخی ڕاستەقینە."

هەر بۆ ئەم مەبەستە، وتەبێژی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر، سیامەند کەریم، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە بڕیارەکەدا وا بڕیار بوو، ئەو خانووانەی پێش مانگی سێیی ۲۰۱٨ دروست کراون بەخاوەن بکرێن، ۱۲۰ڕۆژیان بۆدابین کرد، بەڵام خەڵکیکی کەم توانیی لێیی سوودمەند بێت بەهۆی نەخۆشیی ڤایرۆسی کۆروناوە، بۆیە بڕیار درا لە نێوان وەزارەت و لێژنەی شارەوانیی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارەکە جارێکی تر هەموار بکرێتەوە، ئێستا وەزارەتی شارەوانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان چاوەڕێی بڕیاری نوێیی پەرلەمانن، یاساکە جارێکی تر هەموار بکەنەوە بە شێوازێکی نوێ و هاووڵاتییان لێیی سوودمەند بن."

فایزە کۆیی

هەواڵی پەیوەندیدار