فازڵ نەبی بۆ KDP: ڕێككهوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا ئاشكرا دهكات

ھەولێر-KDP.info- بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی حکوومەتی عێراق ئاشکرای کرد، شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق لەسەر سێ خاڵ رێککەوتوون. دەشڵێ، بەغدا قەرزی ھەرێم دەداتەوە و ھەرێمیش بە نرخی سۆمۆ پارەی نەوت دەداتە حکوومەتی عێراق و هەروەها ھەردوو چاودێریی دارایی ھەرێم و بەغداش، وردبینی لە داھات و نەوتی ھەرێم دەکەن.
دکتۆر فازڵ نەبی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، چوونی شاندی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، گرنگ بوو و لە گفتوگۆکردن لەگەڵ بەغدا لەسەر سێ خاڵ رێککەوتوون، کە ئەوانیش بریتین لەوەی، ھەردوو دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و ھەرێم وردبینی لە داھاتی خاڵە سنوورییەکانی ھەرێم دەکەن، بەڵام ڕەنگە ئەمە ھەندێک کاتی پێویست بێت بۆ ئەوەی بزانن داھاتی خاڵە سنوورییەکان چەندە، چونکە بڕیارە نیوەی بدرێت بە بەغدا بەپێی رێککەوتنی بودجە.
فازڵ نەبی گوتیشی، جگە لەوەش، خاڵێکی دیکە ئەوەیە کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە نرخی سۆمۆ نەوت دەفرۆشێت و داھاتی نەوتەکەش رادەستی بەغدا دەکات، ئێستاش نەوت گران بووە و بە ھۆی دانپێدانان بە نەوتەکەشی، نرخی نەوتی ھەرێم بەرز بووەتەوە، بۆیە ئەمە وا دەکات داھات زیاتر بێت و ھەرێمیش بایی ٢٥٠ھەزار بەرمیل داھات دەداتە بەغدا.
ناوبراو باسی لەوەش کرد، یەکێک لە خاڵەکانی دیکە ئەوەیە، حکوومەتی عێراق قەرزی (پی دی ئای) دەداتەوە، کە ٣ملیار دینارە و کاتی خۆی حکوومەتی ھەرێم بۆ مووچە بەکاری ھێناوە، کە بانکێکی بازرگانیی عێراقە و وەختی خۆی پارەکە لە لقی بانکی ناوەندی لە ھەرێم بووە و ئەو بانکەش داوای دەکاتەوە، بۆیە حکوومەتی عێراق ئەو ئەرکەی لەئەستۆ گرتووە، هەر لەبەر ئەوە لە ئێستادا لەسەر میکانیزمی رێککەوتنەکە، رێککەوتوون و دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت.
دەشڵێ، بە ھۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتەوە، داھاتی ھەرێمی کوردستانیش زیاد دەبێت، هەروەک وەک چۆن ئەو داھاتەی دەدرێتە بەغدا، ئەویش زیاد دەبێت، بۆیە ئەو پارەیەی دەینرێن، مانگانە حیساب دەکرێت، بەڵام لەو داھاتە زیاتر دەبێت کە ھەرێم رادەستی ئەوانی دەکات.
بڵند ئیبراھیم




