درۆنەکانی دەستی میلیشیاکان لەکوێ دروست دەکرێن؟...ھەولێر و واشنتن لە ھەماھەنگی دان

ھەولێر-KDP. info- واشنتۆن نیگه‌رانه له په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی گرووپه میلیشیاكان و داعش له سنووره‌كانی كوردستان. له هه‌مان كاتدا به‌ئامانجگرتنی هه‌ولێر له‌لایه‌ن گرووپه نایاساییه‌كانه‌وه وای كردووه كه وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مه‌ریكا ڕاپۆرتێك بداته سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بۆ هێرشكردنه سه‌ر میلیشیا و گرووپه چه‌كداره‌كانی عێراق كه به‌شدار بوون له هێرشه‌كان و ڕاوێژكاری سه‌ربازیی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانیش باس له‌وه ده‌كات كه ئه‌مه‌ریكا دوو ڕێگای له به‌رده‌مدایه.
هێرشی درۆن بۆ سه‌ر شاری هه‌ولێر، سه‌ركردایه‌تیی ئه‌مه‌ریكای نیگه‌ران كردووه، به‌پێی دواین ڕاپۆرتی وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مه‌ریكا، ئه‌وان پێشنیاری تۆڵه‌كردنه‌وه‌یان داوه‌ته سه‌رۆك جۆ بایدن بۆ هێرشكردنه سه‌ر گرووپه چه‌كداره‌كان، ترسی ئه‌مه‌ریكا له هێرشی ئەم دوایییەی سه‌ر هه‌ولێر پێوەندیی هەیە بە به‌هێزبوونی ته‌كنیكی جه‌نگیی گرووپه میلیشیاكان و چه‌كدارانی داعش، چونكه نیگه‌رانیی ئه‌مه‌ریكا له‌وه‌دایه كه سیسته‌می ڕاداری وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مه‌ریكا ئه‌و درۆنانه نادۆزێته‌وه. ئه‌مه‌ش وا ده‌كات بۆ قۆناغی داهاتوو سه‌رجه‌م بنكه و باره‌گاكانی ئه‌مه‌ریكا بكه‌ونه به‌رده‌م هێرشه‌وه، به‌كارهێنانی چه‌كی درۆنی بۆمبرێژكراو تاكتیكێكی نوێیه و جۆرێكه له گۆرینی پلانی جه‌نگ له‌دژی هاوپه‌یمانان، ڕۆژی 31ی 5ی 2021 هاوشێوه‌ی هێرشه‌كه‌ی ڕابردوو كه له 14ی نیسانی ڕابردوو ئه‌نجام درا، ده‌ست به‌سه‌ر چه‌ند موشه‌كێكدا گیرا كه ئاراسته كرابوون بۆ هێرشكردنه سه‌ر شاری هه‌ولێر، هێرشی درۆن به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكای نیگه‌ران كردووه له ماوه‌ی ڕابردووش هێرشی حه‌ماس بۆ سه‌ر ئیسرائیل به هه‌مان ته‌كنیك بووه، ئه‌مانه گرفتی گه‌وره‌ن بۆ تیمه‌كانی هاوپه‌یمانان، چونكه هه‌رجارێك له‌گه‌ڵ هه‌رهێرشێكدا شێوازێكی نوێ به‌كار ده‌هێنرێت. به‌پێی هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ی ڕۆژنامه‌نووسی، ئه‌مه‌ریكا پێی وایە ئامانج له هێرشه‌كه‌ی ئه‌م دوایییه‌ی سه‌ر هه‌ولێر لێدان بووه له بنكه هه‌ستیاره‌كانی ئه‌مه‌ریكا، جیا له‌وه‌ش، جۆری هه‌ڵسانی فرۆكه‌ی بێفرۆكه‌وان و كه‌وتنیان به‌سه‌ر ڕێره‌وی فرۆكه‌ی مه‌ده‌نی ئه‌وه‌نده‌ی دیكه‌ی ئه‌مه‌ریكای خستووه‌ته به‌رده‌م ئه‌و پرسیاره‌ی كه پێداچوونه‌وه‌ی جددی به پلانی ئه‌منیدا بكات له عێراق و كوردستان، ئه‌و تاكتیكه به‌هێزه‌ی ئه‌وان به‌كاریان هێناوه هۆكار بووه بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی هاوێشتنی مووشه‌كه‌كه‌ش نه‌دۆزرێته‌وه.
له‌م بارەیە‌وه، ئه‌موال ئه‌بووبه‌كر، به‌ڕێوەبه‌ری به‌شی كیمیاویی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه, بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئه‌و ماددانه‌ی گرووپه چه‌كداره‌كان له هاوێشتنی مووشه‌ك به‌كاری ده‌هێنن سه‌ره‌تاییه و به‌شێك له‌و ماددانه له زانكۆی مووسڵ سوودیان وه‌رگرتووه له به‌شی كیمیایی كه له‌وێوه ده‌ست كراوه ئه‌و ماددانه به جۆره‌ها شێوه به‌كار ده‌هێنرێت، ده‌خرێته ناو مووشه‌كه‌وه و ده‌توانرێت له ڕێگای فرۆكه‌ی بێفرۆكه‌وانه‌وه به‌كار بهێنرێت و ده‌توانرێت وه‌ك لوغم به‌كار بهێنرێت، درۆن چه‌كی كۆمه‌ڵكوژه".
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی بۆچی ئه‌مه‌ریكا نیگه‌ران بووه له به‌كارهێنانی ئه‌و چه‌كه، ده‌ڵێت: "درۆنێكه زۆر به‌رز ده‌بێته‌وه و ڕادار ئاشكرای ناكات، چونكه به‌ده‌نه‌كه‌ی (ڤایبه‌ر كلاسه) و ڕادار نایگرێت ئه‌وه‌ی ڕادار ده‌یگرێت بریتییه له ئاسن و ئه‌له‌منیۆم، به‌ڵام ئه‌و هیچ یه‌كێك له‌و ماددانه نییه، هه‌ربۆیه ئه‌م جاره له هێرشكردنه سه‌ر هه‌ولێر درۆن به‌كار هاتووه، چونكه نایانه‌وێت ڕادار سه‌رچاوه‌كانی ئاشكرا بكات، بۆ نموونه ئێستا فرۆكه هه‌یه كه له شەڕ به‌كار دێت، هیچ ڕادارێك كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ناكات، به‌ده‌نی وا درووست كراوه كه تیشك وەردەگرێت نایگه‌ڕێنێته‌وه و ئه‌وه‌ش چاره‌سه‌ری نییه".
گوتیشی: "هاوپه‌یمانان له سه‌رخه‌تن بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگری بكه‌ن و تاكتیكی نوێ بۆ ڕووبەڕووبونه‌وه‌ی هێرشه‌كان بگرنه به‌ر، له‌و بارەیە‌شه‌وه له‌گه‌ڵیان له هه‌ماهه‌نگی و هاوكاریداین".
ئێستا ئه‌مه‌ریكا له به‌رده‌م بژارده‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هێرشه‌كانی سه‌ر هه‌ولێره، هه‌رچه‌نده پێشووتر بڕیار هه‌بووه كه ڕاسته‌وخۆ دوای هێرشه‌كه په‌لاماری گرووپه میلیشیكان بدرێت، وه‌ك باس ده‌كرێت برێت مه‌كگۆرك، نێرده‌ی تایبه‌تی ئه‌مه‌ریكا بۆ كاروباری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئه‌فه‌ریقا، ئه‌مه‌ی پێشنیاری كردووه، به‌ڵام له‌لایه‌ن كۆشكی سپییه‌وه ڕه‌ت كراوه‌ته‌وه، بۆیه ئۆكه‌ی بایدن بۆ جۆری هێرشەكه و تاكتیكی هێرشه‌كه دۆخی ناوچه‌كه ده‌گۆڕێت، له ئه‌گه‌ری وه‌شاندنی گورزیش پێشبینیی گۆڕانكاری له ناوچه‌كه ده‌كرێت، یه‌كێك له ئه‌گه‌ره‌كان كشانه‌وه‌ی گرووپه چه‌كداره‌كانە له ناوچه گه‌رمه‌كان."
فه‌ریق بابه‌كر زێباری، ڕاوێژكاری سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ كاروباری سه‌ربازی، بۆ ماڵپەڕی فه‌رمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "چه‌كی درۆن بۆ ئه‌مه‌ریكا بووه‌ته گرفت، ئاسانه و به‌زۆر شێوه به‌كار ده‌هێنرێت، ئه‌مه‌ش وای كردووه كه گرفت درووست بكات و مه‌ترسییه بۆ ئه‌و ناوچانه‌ی كه هاوپه‌یمانانی لێیه، ئه‌م جۆره چه‌كه له زۆر وڵاتان درووست ده‌كرێت و له‌م دواییه له غه‌زه‌وه به‌كار هێنرا له به‌رانبه‌ر ئیسرائیل بۆیه هاوپه‌یمانان له‌م ڕوانگەیە‌وه پێیان وایه ده‌بێت ئه‌وه چاره‌سه‌ر بكرێت، ئه‌م جۆره چه‌كه به شێوه‌یه‌كه كه زۆر جار ڕادار ناتوانێت بیدۆزێته‌وه، ئێمه له شاخ بووین كاتێك له‌ناو به‌رد و تاشه‌كان بووین فرۆكه نه‌یده‌دۆزییه‌وه، ئێستا ته‌كنه‌لۆژیای چه‌ك گۆڕاوه فرۆكه هه‌یه له هه‌رشوێنێك بیت ده‌تدۆزنه‌وه، بۆیه گۆڕانكاری له شێوه‌ی هێرشكردن و جۆری چه‌كه‌كان ده‌كرێت".
ئه‌وه‌شی خسته ڕوو: ڕاپۆرتێك له وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مه‌ریكاوه دراوه به جۆ بایدن، كه له گرووپ و میلیشیاكان بدرێت، به‌ڵام بایدن، ڕه‌تی كردووه‌ته‌وه له‌م كاته‌دا ئه‌و بڕیاره بدات، ئه‌وه‌ی گرنگه ئاماده‌كارییان هه‌یه بۆ هه‌ر ئۆپه‌راسیۆنێك بۆ سه‌ر هه‌رگرووپێك كه مه‌ترسین له‌سه‌ر ناوچه‌كه و كوردستان.
ده‌شڵێت: "ئێستا ده‌وڵه‌تانی دراوسێی سه‌پۆرتی گرووپه چه‌كداره‌كان ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێت له‌م ڕێگایانه‌وه فشاری خۆیان دروست بكه‌ن و ئێستا ده‌بینین كه له پردێ بنكه‌ی مووشه‌كی دانراوه و ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه، ئه‌مه بۆچییه، بۆ ترساندن و شێواندنی دۆخه‌كه نه‌بێت؟ بۆیه ده‌بێت ئه‌مه‌ریكا ده‌ست بكات به خۆپارێزی و پلانی نوێ، یان ده‌بێت له ناوچه‌كه به تاكیتكی نوێ بێته ئاراوه، یان له عێراق بكشێته‌وه".
ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه تا دێت سوپای ئه‌مه‌ریكا هێزه‌كانی خۆی له عێراق كه‌م ده‌كاته‌وه، به‌پێی دواین ئامار، تێكرای هێزی هاوپه‌یمانان له عێراقدا 3 هه‌زار سه‌ربازن، له نێویاندا 2 هه‌زار و 500 سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكایه، گۆڕانكاری له كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی سه‌ربازه‌كان ڕه‌نگه ئه‌مه‌ریكا بخاته به‌رده‌م پلانی نوێوه، ئه‌ویش یانی كشانه‌وه‌یانه له هه‌ندێك ناوچه و جێگیركردنیانه له ناوچه‌یه‌كی دیكه، یاخود گۆڕینی هاوكێشه‌ی شه‌ره، چونكه ئێستا یه‌كێك له پرسیاره گه‌وره‌كان ئه‌مه‌ریكا ئه‌وه‌یه كه له‌م هێرشانه‌ی دوایی هیچ سه‌ربازێكی ئه‌مه‌ریكا به‌ركه‌وتووه؟ ئه‌گه‌ر كرابێته ئامانج واته دۆخه‌كه بۆ ئه‌وان خراپه، چونكه كوشتنی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكا هێڵی سووره.
دیوی دیكه‌ی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر هه‌ولێر حكوومه‌تی عێراقیش ده‌خاته به‌رده‌م به‌رپرسیاریه‌تیی گه‌وره‌وه، به‌وه‌ی ده‌سته‌وه‌ستان بوون له دۆزینه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی مووشه‌كه‌كان و له سنووری ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وانه‌وه ئاراسته‌ی هێزی هاوپه‌یمانان كراوه و لاوازیی ده‌زگای هه‌واڵگریی عێراق و هێرشی ئه‌م دواییه‌ی حه‌شد بۆ سه‌ر ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، حكوومه‌تی عێراق ده‌خاته به‌رده‌م به‌رپرسیاریه‌تییه‌وه."
ڕاپۆرتی كارزانی سه‌باح هه‌ورامی




