٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە ھەولێر ناوچەیەکی نێودەوڵەتی دروست دەکرێت کە ھەموو کەرتەکانی وەبەرھێنان لەخۆ دەگرێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان گوتی، بڕیارە ناوچەیەکی گرنگی بازرگانی ھاوشێوەی ناوچە نێودەوڵەتییەکان لە ھەولێر دروست بکرێت کە ھەموو کەرتەکانی وەبەرھێنان لەخۆ دەگرێت.

دکتۆر محەمەد شوکری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ناوچەیەکی گرنگی بازرگانی ھاوشێوەی ناوچە نێودەوڵەتییەکان کە ھەموو خزمەتگوزارییەکی تێدا دەبێت؛ لە ئاو و کارەبا و خزمەتگوزارییەکانی دیکە و ھەموو کەرتەکانیش لەو ناوچەیە دروست دەکرێن کە بڕیارە بازرگانانی وڵاتی ئیمارات ئەو کارە جێبەجێ بکەن."

دکتۆر محەمەد شوکری گوتیشی: "ئێستا لە گفتوگۆداین و زانیاریی تەواومان پێ داون و ئاسانکاریی تەواویشیان بۆ دەکەین، چونکە ئیمارات دەیەوێت لە ڕێگەی کۆمپانیا و بازرگانانییەوە وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان بکات."

شوکری باسی لەوەش کرد: "ئەوان دەیانەوێت ئەو ناوچەیە ھەموو کەرتەکانی وەبەرھێنان لەخۆ بگرێت، وەکوو پیشەسازی و بازرگانی و نیشتەجێبوون و گەشتیاری و ھەموو کەرتەکانی دیکە ".

سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان ڕوونیشی کردەوە: "ھەرێمی کوردستان کەشێکی لەباری ھەیە بۆ ئەنجامدانی کاری وەبەرھێنان، بۆیە ھەموو داتا و زانیاریمان پێ داون بۆ ئەوەی بێن بە زووترین کات ئەو ناوچەیە دروست بکەن."

گوتیشی: "ناوچەکە زۆر گرنگە و ھاوشێوەی ئەو ناوچانە دەبێت کە لە وڵاتان دروست دەکرێن و ھەموو کەرتەکانیش لەخۆ دەگرێت".

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار