سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینان: بەپێی بڕیاری حکوومەت ٤٠%ی کێشەی کرێنشینان چارەسەر دەبێت

ھەولێر-KDP.info- بڕیارە ئەو زەوییانەی چەندین ساڵە دابەش کراون و خزمەتگوزارییان بۆ دابین نەکراوە، ئاوەدان بکرێنەوە و سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینانیش دەڵێ، بەپێی بەدواداچوونی ئەوان کردوویانە، نزیکەی ١٥٠ ھەزار خانووی نوێ لە ژمارەیەک گەڕەکی ھەولێر مۆڵەتیان پێ دەدرێت و کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ڕەوشی کرێنشینان دەبێت.
گۆران عەوێنەیی، سەرۆکی کۆمەلەی کرێنشینانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕەوشی کرێنشینان ئێستا زۆر خراپە، بەتایبەتی لە شاری ھەولێر، چونکە خەڵکێکی زۆر لە ناوچەکانی دیکەی عێراق و وڵاتانی دەوروبەر بۆ نیشتەجێبوون ڕوو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن و زۆربەشیان لە شاری ھەولێر نیشتەجێ دەبن، ئەوەش کاریگەریی کردووەتە سەر بەرزبوونەوەی نرخی کرێی خانوو و یەکەکانی نیشتەجێبوون. بەپێی زانیاریی ئێمە نرخی کرێ ٢٠%ی زیادی کردووە."
سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینان دەشڵێت: "بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری لە چەند گەڕەکێکی ھەولێر ھەوڵێکی زۆر دڵخۆشکەرە، چونکە کاریگەرییەکی زۆر گەورەی لەسەر ڕەوشی کرێنشینان دەبێت و ژمارەیەکی بەرچاوی ھاووڵاتیی کرێنشین زەویی ھەیە و چەند ساڵە چاوەڕێی ڕێپێدان و گەیاندنی خزمەتگوزارییە."
گۆران عەوێنەیی ڕوونی کردەوە: "بەپێی داتایەکی حکوومەت زیاتر لە ١٠٠ ھەزار کرێنشین فۆڕمیان پڕ کردووتەوە و بە ئاوەدانکردنەوەی ژمارەیەک گەڕەکی ھەولێر ٤٠%ی کێشەی کرێنشینان چارەسەر دەبێت و دەبنە خاوەن یەکەی نیشتەجێبوونی خۆیان، چونکە بەپێی بەدواداچوونی ئێمە ژمارەیەک گەڕەکی نوێ دروست دەکرێن و زیاتر لە ١٠٠ ھەزار خانوو دروست دەکرێن، بەوەش کرێنشینان سوودمەندی یەکەمی بڕیارەکەی حکوومەتن."
قائید میرۆ




